بانگەوازێک بۆ پاڵپشتی میدیای ئەهلی

رەحمان غەریب
کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابوری هەرێمی کوردستان دزەی کردۆتە ناو بچوکترین چالاکی ئابوری، جێگەی سەرسوڕمان نابێت ئەم قەیرانە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر ئەو کەناڵانەش هەبێت کە تەنها پاڵپشتیان فرۆشی رۆژنامە و گۆڤارەکانیانە یان لەسەر ریکلام دەژین.

کەمبونی ریکلام‌و ئاگاداری فەرمانگەی رەسمی و نیمچە رەسمی بە رێژەیەکی ترسناک داکشاوە. لەم بارودۆخەدا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش ریکلامەکانیان لە میدیا کەمکردۆتەوە یاخود هەر بە تەواوەتی وەساتاندویانە.

 سەرنجێکی خێرای مێدیای هەرێمی کوردستان بۆت دەردەخات، ئەم قەیرانە کاریگەری کەمتری هەبووە لەسەر ئەو کەناڵانەی راگەیاندن، کە پارەکانیان لە بودجەی گشتییەوە و لە رێگەی حزبەوە بۆ رادەکێشرێت. 

رۆژنامەی هاوڵاتی یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو رۆژنامانەی تا ئێستا بە توانای خۆی بەرگری ئەکات تا ئەو قەیرانە ناچاری نەکات، ستاف یان موچە کەمبکاتەوە، خراپترین بژاردەش داخستنی کاتییە، کە هیوادارین روونەدات. ئەمە بۆ دەستە خوشکەکانی تری میدیای ئەهلی هەمان گرفت و هەمان ئاستەنگی دروستکردوە. نەبونی یاسایەک بۆ پاڵپشتی دارایی میدیای ئەهلی، رۆژنامەو گۆڤارە ئەهلییەکانی خستۆتە بەردەم مەترسی وەستان.

 بێگومان رزگارکردنی میدیای ئازادو ئەهلی، تەنها بەوە نابێت لە دورەوە بەدەربڕینی زارەکی پشتیوانی لێ بکرێت، هەندێ رێوشوێنی پەلە هەن دەکرێت کاریگەری قورسی ئەم قەیرانە داراییەی لەسەر کەمبکرێتەوە، کە لە خوێنەرانی دەست پێدەکات ئینجا حکومەت و کەسانی پارەدارو خاوەن کۆمپانیا.
 ئەم نوسینە بانگەشە نییە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی مەجدار بۆ رۆژنامەو گۆڤاری ئەهلی، کە جگە لە خوێنەرو ریکلامەکانیان، پشتو پەنای تریان نییە. بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی پێکەوە بیر بکەینەوە، پێکەوە بجوڵێن تا کاریگەرییە خراپەکانی سێبەری قورسی ئەم قەیرانە ئابورییە لەسەر میدیای ئازاد تەنک بکەینەوە. 

باری قورسی سەر شانی رۆژنامەنوسەکانیان سووک بکەین. ئێمە وەکو سەنتەری میترۆ، لەچەند بۆنەیەکدا بانگەوازی پەرلەمان کردوە بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێک. پێمان باش بوو یاسایەک هەبوایە بۆ کۆمەکردنی میدیا، بەڵام ئەمە تا هەنوکە نەکراوە، باشترە حکومەت تا دەرچونی یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستانەوە ، لە چوارچێوەی قەرزی ئاسان و بێ مەرج بە میدیای ئازاد، کێشەکانیان کەمبکاتەوە.
یاسای کاری رۆژنامەنوسی لە هیچ بڕگەیەکیدا باسی هاوکاریی‌ دارایی‌ کەناڵەکانی‌ راگەیاندنی‌ لە لایەن حکومەتەوە باس نەکردوە. 

بۆیە ئەرکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە پرۆژە یاسای یارمەتی‌ دارایی کەناڵەکانی‌ راگەیاندن ئامادە بکەن. بە تایبەتیش لێرەدا مەبەستمان میدیای کەرتی تایبەتە کە نەحکومەت و نە پەرلەمان تا هەنوکە بە رێنمایی و یاسا ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە.



09/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر