138 رۆژ لە چاوڕوانی پارێزگاری سلێمانی دا
رەحمان غەریب
پۆستەکانی هاووڵاتیان لەسەر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لە دواخستن و چارەسەر نەکردنی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، لەو رستەدا کۆدەبێتەوە کاتێک کەناڵێکی راگەیاندن مایکەکەی خستە خزمەتی هاوڵاتیەک، ئەو ووتی " ئەوانە لە بانگەشەدا دەڵێن نوێنەر ئێوەین و دوای ئەوەش دەبنەوە نوێنەری حزبەکانیان" هەر ئەوەش وای لە هاوکارم (هۆشیار عەزیز ئاغا) کرد، لە پۆستێکی تەنز ئامێزی تۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بوک، لەمەڕ پۆستی پارێزگا بنوسێت: سلێمانی بکرێتە دوو بەش پارێزگاری رۆژ هەڵاتی سلێمانی و پارێزگاری رۆژئاوای سلێمانی.
مەبەستی ئەوەیە هەر یەک لەو دوو کاندیدەی یەکێتی و گۆڕان ناوچەیەکیان وەربگرن. من دەزانم کاک هۆشیار شارەکەی خۆی خۆش دەوێت و نایەوێت فرە ئیدارەی پارێزگای تێدا بێت. بەڵام گفتوگۆو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیازی تەنزئامێزی تریش بەرهەمدەهێنێت. لێدوان و پۆستەکانی هاوڵاتیان گوزارشتن لە دیمەنێک تیایدا کاندیدەکان بۆ پۆستی پارێزگا دەست لەسەر سنگ وەستاون لەبەردەم دەنگدەرانیان و بەڵێن دەدەن تەنها نوێنەری دەنگی ئەوان بن. گۆشەکانی تری دیمەنەکەیش تۆمارکردنی بەڵێنەکانن بۆ حزب.
لە رۆژانی بانگەشەدا وەک نوێنەری یان نوێنەری راستەقینەی هاوڵاتی دەنگدەر خۆیان نمایش دەکەن، دروشمەکانیان لە نوێنەرایەتی خەڵک چڕدەکەنەوە، کاتێکیش داوایان لێدەکرێت قسەکانیان بگۆڕن بۆ کردار لەبەردەم حزبەکانیان دەنگیان کزەو و نابیسترێ. ئەوە حزبە ناهێلێت پۆستی پارێزگا بە پێی ئیستحقاقی دەنگدەر رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت. حزبە ناهێڵێت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بگەنە سازان لەسەر پۆستەکان. ئەوە حزبە ناهێڵێت ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی بەڵێنەکانی بەردەرکی سەرای ساڵی 2011 بە گۆڕینی سیستمی سیاسی لەناو هۆڵی پارێزگای سلێمانی بکاتە کردار. چونکە سێبەری پارتە سیاسیەکانی کوردستان هەموو سوچێکی حوکمڕانی داگیرکردوە.
دەکرێت لە حزبەکان بپرسین ئەگەر دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگا بۆ گۆڕان و دوو ساڵەکەی تر بۆ یەکێتی بێت چ دەقەومێ؟. یەکێتی بۆ ئەوەندە سورە لەسەر ئەوەی دوو ساڵی یەکەم کە پڕە لە قەیرانی ئابوری بۆ گۆڕان نەبێت؟ یان حیکمەت لەوەدا چییە کە سەرباری ئەم هەموو قەیرانەی گەمارۆی هەرێمی داوە ئەوەندە سوربن لە وەرگرتنی دوو ساڵی یەکەم.
بێگومان ئەم پرسیارە بۆ گۆڕانیش رەوایە. گۆڕان و یەکێتی لاپەڕەیکی تری پەیوەندی باش هەڵدەدەنەوە گەر بێت و یەکێکیان دەستبەراداری داواکەی بێت بۆ ئەویدی. ئەگەر یەکێتی ئەم دەستپێشخەریە بکات بە لاوازی بۆی تۆمار ناکرێت بە تایبەت ژمارەی دەنگەکانی گۆڕان لەم پارێزگایە لە دەنگەکانی ئەو زیاترە. بەمەش هەم پەیوەندییەکەی لەگەڵ گۆڕان باشترو هەم رێز بۆ گەمەی دیموکراسی دەگەڕێنێتەوە.
16/09/2014
وتارەکانی تری نوسەر