كاك نەوشیروان دەبێتەوە بە یەكێتی !!!

رەحمان غەریب

ئەگەر گەڕانەوەی كاك نەوشیروان مستەفا بۆ ناو یەكێتی، لای خەڵكێك هەوڵێك بێت بۆ گەرمكردنی بازاڕ، ئەوە بۆ كاك نەوشیروان وەك ئەوە وایە كە داوای لێبكەیت نامەی وازهێنان لە پۆستی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بنوسێت. یان گۆڕان هەڵبوەشێنێتەوە ببێتە یەكێتی.

كاك نەوشیروان لە گفتوگۆو و كۆبونەوە بێت دەربارەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی؟. ئەمە لە لە چوارچێوەی راپۆرت دەردەچێت و ئەبێتە سیناریۆ. ئیدی لێرەدا نوسەر ئازادە لە ناو فەزای روداوەكانیدا كە خۆی دەیخوڵقێنێت، چی دەنوسێت.

كاك نەوشیروان ئێستا رێكخەری بزوتنەوەیەكە، لە كاتی دروستبونیەوە تا هەنوكە دەسكەوت دروێنە دەكات. بزوتنەوەكەی دابڕو نیە لە جەماوەر. ژمارەی كورسییەكانی لە ناو پەرلەمان پاشەكشەی نەكردوە. هەنوكە نەك تەنها لەناو پەرلەمان، بەڵكو لە ناو حكومەتیشدا دەنگی بیستراوە. ئیتر بۆ واز لەم حزبە بهێنێت؟.

گۆڕان حزبێكی سەربەخۆی مۆڵەتپێدراوە. ئەوەی كە دەڵێت گۆڕان لقێكە لە یەكێتی، یان گۆڕان و یەكێتی، یەك بەرنامەیان هەیە. لە گۆڕان و لە یەكێتی و لە حزبایەتی تێ نەگەیشتوون.

جا بۆ ئەوەی گۆڕان و یەكێتی "یەكبگرن" ئەبێت دوو كۆنگرە ببەستن. یەكیان لە گردەكەو ئەوی تریش لە قەڵاچۆلان. ئەو دوو كۆنگرەیە بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی پەیوەندی ئەم دوو حزبە لە چوارچێوەی ( یەكگرتنەوە، فیدرالی، سەربەخۆیی) بێت. ئێستا زەمینەی گفتوگۆیەك گەرم نییە، تا شرۆڤەكاری زۆرو زەوەندی سەر شاشەكانمان، بیكەینە چوار چێوەی خەیاڵیش.

بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتەی كە دڵێت (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەندامی مەكنەبی سیاسی یەكێنی نیشتمانی كوردستان، داوای لە (نەوشیروان مستەفا)ی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، كردوە بگەڕێتەوە نێو یەكێتی، ئینجا هەموو ئەو كەناڵانەی سەرلە نوێ هەواڵەكەیان بڵاوكردوە و پشتیان بە "سەرچاوە باڵاكانی نێو یەكێتی بەستبوو"، كەوتنە هەمان ئەو هەڵەی كە سەرچاوەی ئەسڵی تێی كەوتبوو.

ئەم هەڵەیەیش نەزانینی حەقیەنێكی زۆر سادەیە: نەوشیروان مستەفا ناناسن. ئەو چۆن دەچێتە ناو گفتوگۆیەك كە پێی بوتری واز لە حزبەكەت بهێنەو یان بزوتنەكەت هەڵبوەشێنەوە، وەرە پۆستێكمان لەناو یەكێتی بۆ داناویت. جا ئەمە خەیاڵی هەر باڵێك بێت و بیەوێت رای گشتی وەك حەقیقەت تەماشی بكەن. ئەو باڵە جاری فێری فڕین نەبووە لە فەزای سیاسیەت و حزبایەتی.

لێوانی كادێرو سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان بە "دوو دێڕ"، لەسەر مەسەلەیەكی ئاوا چارەنوساز، رەنگدانەوەی نەریتیێكی خراپی حزبایەتی و خۆدەرخسنێكی ئێجگار بێ تامە.


05/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر