كامیان لە پێشترە؟

رەحمان غەریب
لەو رۆژەوە كە یاسای (ژمارە 31ی ساڵی 2007)، یاسای بەرنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لە هەرێمی كوردستان) دەرچووە،ئەو جگەرانەی كە لەگەڵ نیشانەو پێوەرە نێودەوڵتییەكاندا هاوجووت نیە، بازاڕی فراونتر بووە. دەیان جۆری توتنی نێرگەلەیش بازاڕی گەرمە.
لە بری كەمكردنەوەی جگەرەكێشان مناڵ بەرهەمەكانی جگەرە دەفرۆشێت، سەرباری روونی دەقی یاسایی جگەرە كێشان لە شوێنە گشتییەكان كۆنترۆڵنەكراوە. سەپێچیكاریش بە بری دە هەزار دینار غەرامە ناكرێت.
خۆ یاسای بەرنگاربوونەوەی جگەرەكێشانمان هەیە. بۆ ئەو یاسایە بەری نەگرتوە بە یاساشكێنی؟ هەمان قسە لەسەر یاسای كاری رۆژنامەنووسیش هەر راستە.
لە شوێنی گشتیدا جگەرە بكێشێت غەرامە ناكرێت. لە شوێنی گشتیشدا توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنووس بكەیت، سەپێچیكار بە بێ سزا دەربازی دەبیت. ئەمە خەتای یاسكەیە كە دەقی روونی تیایە بۆ ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن، یان خەتای دامەزراوەی جێبەجێكارە لەبەرامبەر ئەركەكەی كەمتەرخەمە؟؟ كامیان؟
لەناو ئەو هەموو هەڕەشەو مەترسیانەی روی لە هەرێمی كوردستان كردوە. ئەو هەموو گرفتەی باری شانی هاوڵاتیانی قورس كردوە، جارێك پەرلەمان كۆبونەوەی فراوان دەكات و تاوێكیش بە سپۆنسەری پەرلەمان وۆركشۆپ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كاری رۆژنامەنووسی رێكدەخرێت.
بێ ئەوەی تۆمەتباریان بكەین بە نیەت خراپی، هەقە پرسیار لەو بەڕێزانە بكەین كە بانگەشە بۆ خراپی یاساكەو داوای هەمواركردنەوەی دەكەن. بۆچی ناچن یاسای بەرەنگاربونەوەی جگەرەكێشان هەموار بكەنەوە؟ خۆ ئەویش لەهەمان ساڵدا دەرچوە و ئیشكالیاتی زۆری تێداەیە و زەمانیش گۆڕاوە.
ئەگەر خەتای یاساكەیە، بۆ ناچن ئەو یاسایە هەموار بكەنەوە؟ بۆچی ئەو كاتە بە نرخەی خۆتان لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی، سەرفدەكەن.
لە قۆناغی یەكەمی دەنگدان لەسەر یاساكە و ناردنی بۆ ئیمزاكردن لە سەرۆكایەتی هەرێم ، چونكە ئازادی رۆژنامەنووسی لەبەردەم مەتەرسی كوتەكی ئەو یاسایەدا بوو، دەنگی نارەزایی زۆر هەبوو. داوا لە سەرۆكی هەرێم كرا ئیمزای لەسەر نەكات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ساحێبی. ئەوەبوو بەڕێز مەسعود بارزانی، بە ئیجابی تەماشی نارەزاییەتەكانی كردو گەڕاندیەوە ناو پەرلەمان.
زۆربەی یاساكانی پەرلەمان، بەبێ كەمووكورتی نەبوە. بەڵام یاسای رۆژنامەگەری سەرباری كەموكوڕییەكانی، هێشتا كۆدەنگی لەسەرە. رەخنەی فراوانی رۆژنامەنووسان لە كەمتەرخەمی دەسەڵاتەكانی دادوەری و جێبەجێكردنە.
دەنگم دەخەمە پاڵ هەموو ئەو هاوكارانەی لە نوسینەكانیاندا ئەو ترسەیان نەشاردۆتەوە، كە گەڕاندەوەی یاساكە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، دڵنییایمان پێ نابەخشێت. ترس هەیە ئازادی كاری رۆژنامەنووسی بەرتەسك بكرێتەوە. ئەم ترسەیش لەم ژینگە ساسیەدا، ترسێكی رەوایە.

13/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر