(ئه‌و ده‌ستكه‌وته سیاسییانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی له ماوه‌ی ٢٥ ساڵ ژیانی سیاسی‌دا به‌ده‌ستی بهێنێت، هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان ته‌نیا له ماوه‌ی پێنج ساڵدا به‌ده‌ستی هێنا، ئاریتما موحه‌ممه‌دی)
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵم ده‌ده‌م كه به شێوه‌یه‌كی ورد و كورت بپرژێمه سه‌ر ڕووداوه‌كانی ٢٥ ساڵی ڕابردوو له هه‌رێمی باشووری كوردستان و پێنج ساڵی ڕابردووی ڕۆژئاوای كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد و كورت له نێوان سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌ر دوو به‌شی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان بكه‌م.
باشووری كوردستان؛
باشووری كوردستان پاش تێپه‌ڕكردنی پتر له ٢٥ ساڵ ژیانی سیاسیی كه‌چی تاكوو هه‌نووكه سیسته‌می فیدراڵییه‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر جێ نه‌كه‌وتووه، به‌ڵكوو سنووری سیاسیی و ئیداریی و جوگرافییهكهشیی دیاریی نه‌كردووه. له‌م چه‌ند ساڵه‌شدا دۆخی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆز و شێواوه. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان له‌باری كۆدی ژئۆپلۆتیكییهوه له ناوچه‌یه‌كی گرینگ و هه‌ستیاردا هه‌ڵكه‌وتوو نه‌بووبایه ده‌مێك بوو كه ڕۆخابوو و ئاسهوارهكهشی نه‌مابوو. باشووری كوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌دا جێی باییخه كه هاوسه‌نگی نێوان شیعه و سوونه‌ی پاراستووه و له ڕاستیدا گرینگیی كورد له ئێراق هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بووه كه وه‌ك لایه‌نی هاوكێشه بتوانێ هاوسه‌نگی نێوان شیعه و سوونه بپارێزێ، چونكه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كورد له باشووری كوردستان سوونه‌یه و هه‌ر له سه‌ره‌تاشدا دامه‌زرانی وڵاتی ئێراق له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مایه بوو كه به كورد هاوسه‌نگیی هێز له نێوان شیعه و سوونه‌دا ڕابگیردرێت.
به‌ڵام پاش هێرشی ڕژیمی پێشووی ئێراق بۆ سه‌ر كۆیت و ههڕشهكردن له وڵاتانی كه‌نداو، هه‌لومه‌رجه‌كه بۆ كورد له باشوور كه‌وته دۆخ و بارێكی گونجاو. ئاكامی گۆرانكاریی له ستراتیژیی سیاسیی ڕۆژئاوا له به‌رامبه‌ر ڕژیمی پێشووی ئێراق هه‌لێكی زێڕینی بۆ كورد هێنایه پێش. كورد ئه‌و هه‌له‌ی قۆسته‌وه و دواتر به‌شێك له خاكی كورد له باشووری كوردستان كه‌وته‌ده‌ست هێزه‌كانی كوردستانیی و له ڕاستیدا به‌شێك له خاكی نیشتمان ڕزگاری بوو. ئه‌مه هیوایه‌كی باش بۆ كورد بوو. به‌ڵام زۆری نه‌خایه‌ند كه كورد له باشوور كه‌وته دۆخێكی ئاڵۆز و شه‌ڕی براكووژی سه‌ری هه‌ڵدا. له‌و شه‌ڕه خۆكووژییهدا هه‌زاران لاوی كورد به ده‌ستی كورد گیانیان له ده‌ست دا.
دواتر هێزه‌كانی باشووری كوردستان كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان و ده‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری پارته‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له باشوور به ده‌ستی پیاوانی و به‌كرێگیراوانی ڕژیمهكانی داگیركه‌ری كوردستان كوژران. پاش ئاهۆن بوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه و گوشاری ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌ورووپی بۆ سه‌ر یه‌كێتی و پارتی، دۆخه‌كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و ئاگربه‌ست له نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا به‌دی هات. پاش ڕۆخانی ڕژیمی سه‌ددام حسێن دیسان دۆخی سیاسیی كورد له هه‌رێم گۆڕانكاریی قووڵی به‌خۆیه‌وه بینیی و كورد هه‌نگاوێكی دیكه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌ڵنا، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وه كورد نه‌بوو كه هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشه‌وه نا، به‌ڵكوو ئه‌وه دۆخ و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه بوو كه گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه بینی و ڕژیمی به‌عسی ئێراق ڕۆخا و كوردیش وه‌ك به‌شێك له ئێراق كهوتهنێو ئه‌و گۆڕانكارییه‌وه.
به‌ڵام له جێی ئه‌وه‌دا كه‌ڵك له‌و هه‌له زێڕینه وه‌ربگرن و ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست بهێنن، كه‌چی پارته سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌كانی سیاسیی حیزبه‌كان ده‌ستیان كرد به گهندهڵیكاریی و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و قورخكردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی جمگه‌كانی سیاسیی و ئابووریی ئه‌م هه‌رێمه. پارته‌كان و سه‌ركرده‌كانی سیاسیی ئه‌و حیزبانه نه‌ك هه‌ر خۆیان بوون به به‌شێك له سیسته‌مێكی گه‌نده‌ڵ و دواكه‌وتوو، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگاشیان تووشی قه‌یرانی سیاسیی و ئابووریی كرد و كۆمه‌ڵیشیان به گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌گلاند.
پاش نووسینه‌وه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێراق، هیچكام له‌و به‌ند و یاسانه‌ی كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورددا بوون، جێبه‌جێ نه‌كران و سنووری سیاسیی و جوگرافیی كوردستان پشتگوێ خرا و ته‌نانه‌ت ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه ئاڵاهه‌ڵگری بوون جێگیر نه‌بوو و هیچ لایه‌نێكی سیاسیی له ئێراق هه‌نووكه باوه‌ڕی به چه‌مكی فیدراڵی نییه. ئیستا دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان گه‌لێك ئاڵۆزه. په‌رله‌مانی كوردستان پهككی خراوه، حوكوومه‌ت متمانه‌ی نه‌ماوه و حیزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێم له‌ژێر كاریگه‌ری وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له دژی یه‌كتر ڕاوه‌ستاون و دژایه‌تیی پڕۆژه و پلانی یه‌كتر ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدا هاتووه‌ته ئاراوه كه كورد له باشوور له هه‌لومه‌رجێكی ناسك و هه‌ستیار دایه كه هیچكام له‌و پارتانه باییخی پێ ناده‌ن.
له ڕاستیدا مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی له باشووری كوردستان په‌یوه‌ست بووه به‌و هاوكێشه سیاسییه‌ی كه له نێوان شیعه و سوونه‌دا درووست بووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆده ژئۆپلۆتیكییه نه‌بووایه، ده‌مێك بوو ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئاسه‌واری نه‌مابوو، چونكه مانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی په‌یوه‌سته به لێوه‌شاوه‌یی سیاسیی سه‌ركرده‌كانی یانخود به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و دۆخه ژئۆپۆلتیكییه كه تێیدا ده‌ژی. مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش به‌و هه‌موو كێشانه‌ی كه هه‌یه‌تیی و چاره‌سه‌ری نه‌كردوون، ته‌نیا په‌یوه‌سته به دۆخی ژئۆپلۆتیكییهكهیهوه. چونكه هیچ هه‌رێمێكی هێنده گه‌نده‌ڵ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بوونی نییه كه به‌و شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێ یاسا و ڕێسا بێ و نووقمی گه‌نده‌ڵیی بووبێت.
هیچكام له پڕۆسه سیاسیی و پرسه‌كانی ئابووریی، سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی له‌و هه‌رێمه‌دا ڕوون نیین و هیچ لایه‌نێكی سیاسیی متمانه‌ی به لایه‌نه‌كی دیكه نه‌ماوه و كۆمه‌ڵیش متمانه‌ی به هیچكام له لایه‌نه‌كانی سیاسیی نییه. هه‌نووكه قووڵبوونه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان شیعه و سوونه و هاوكات بوونی داعش له ئێراق و ناوچه‌كه بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كیی وه‌لا نه‌نانی هه‌رێمی كوردستان و باییخی ژئۆپلۆتیكیی ئه‌م هه‌رێمه له كۆده‌كانی ژئۆپلۆتیكیی ناوچه‌كه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بێگومان وڵاتانی توركیه، ئێران، ڕووسیه، ڕۆژئاوا و وڵاتانی كه‌نداو هه‌موویان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس ناكۆكن و هاوكات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسیش كۆكن. به‌ڵام دۆخی ناوچه‌كه تاكوو كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ، ڕوون نییه!.
ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌رێمه به‌و چه‌شنه درێژه به ژیانی سیاسیی بدات و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی و بنه‌مایی له هه‌موو بوواره‌كانی سیاسیی و ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا نه‌كات، ئاسۆی به‌ره‌و لێڵی ده‌چێت. له پاش تێپه‌ڕبوونی بیستوپێنج ساڵ له ته‌مه‌نی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان، كاتێ كه ئاور له‌و مێژووه ده‌ده‌ینه‌وه، ده‌بینین كه كۆمه‌ڵێك ڕووداو و پێشهات تێیدا ڕووی داوه كه سه‌دان ساڵی دیكه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بیروهزری مرۆڤی كورد له‌و هه‌رێمه ده‌مێنێت و هاوكات كاریگه‌ریی نه‌رێنیشی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێ. له پاش تێپه‌ڕبوونی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك ده‌بینی كه هیواكانی كورد له باشوور به‌دی نه‌هاتوون. چونكه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم له‌و سێ پارێزگایه تێپه‌ڕ نه‌بووه، هه‌روه‌ها سنووریی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و وڵاته دیاری نه‌كراوه و ئیستاش كار به یاساكانی ده‌یه‌كانی هه‌شتا و حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌كرێت كه له‌لایه‌ن ڕژیمی پێشووی ئێراقه‌وه نووسراون.
واتا ئه‌م هه‌رێمه خاوه‌ن یاسای بنه‌ڕه‌تیی خۆی نییه، پارله‌مانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و حوكوومهتهكهشی بێمتمانه‌یه. هاوكات گه‌نده‌ڵیی په‌ره‌ی سه‌ندووه و دۆخی ئابووریش ئاڵۆزه و لاوه‌كان خه‌ریكن وڵات به‌جێ دێڵن. سه‌مه‌ری چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك حوكوومه‌تی كوردیی له باشوور خۆی ده‌بینێته‌وه له گه‌نده‌ڵیی سیاسیی و ئابووریی، ئاڵۆزیی سیاسیی و بێمتمانه‌یی سیاسیی له‌نێوان كۆمه‌ڵ و حوكوومه‌ت و له‌نێوان حیزبه‌كاندا به‌و په‌ڕی خۆی گه‌ییشتووه. حوكوومه‌تی كوردیی به‌و چه‌شنه چه‌ند ساڵی دیكه ده‌وام ناهێنێت و پێویسته كه به په‌رۆشه‌وه هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاریی خێرا بدرێت و له‌و ته‌نگژه سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه ڕزگار بكرێت كه تێی كه‌وتووه.
حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له باشووری كوردستان له ماوه‌ی ٢٥ سالی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان شه‌ڕیان كردووه و كێشه‌یان تووش كردوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له ڕۆژئاوای كوردستان خۆی له‌و ته‌نگژانه پاراستووه و تاكوو هه‌نووكه‌ش نه‌بووه‌ته به‌شێك له پیلانی وڵاتانی داگیركه‌ر له دژی هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه له باشووری كوردستان به‌و چه‌شنه نه‌بووه و به‌داخه‌وه هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی باشوور و ته‌نانه‌ت هێزه بچووكه‌كانیش له قۆناغێك له ڕابردووی سیاسیی خۆیاندا كه‌وتوونه‌ته داوی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان.
من ستراتیژیی سیاسیی حوكوومه‌تی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان به‌رز ده‌نرخێنم و پێم وایه ده‌بێته ئه‌زموونێكی باش بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه و به تاییبه‌ت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. كاتێ كانتۆنه‌كان له ڕۆژئاوا ڕاگه‌یه‌نران زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به چاوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی باشووری كوردستان خوێندنه‌وه‌یان بۆ كانتۆنه‌كان كرد، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كه‌یان ههڵهئامێز و په‌له‌ی پێوه دیار بوو و له ڕاگهیهنراوهكانیشیاندا تووشی هه‌ڵه‌ی سیاسیی بوون.
ڕۆژئاوای كوردستان؛
به‌ڵام ڕۆژئاوای كوردستان ته‌نیا له ماوه‌ی پێنج ساڵدا گه‌لێك پێشكه‌وتنی مه‌زنی به‌ده‌ست هێناوه و تووشی دووبه‌ره‌كیی سیاسیی نه‌بووه و شه‌ڕی براكوژیشی نه‌كردووه. هاوكات پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕۆژئاوا گه‌لێك بهرفهراوانتره و وڵاته زلهێزه‌كانیش پشتیوانی خۆیان به چه‌شنێكی ڕوون ڕاگه‌یاندووه. ئه‌گه‌ر باشوور و ڕۆژئاوا پێكه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنین و له بوواره سیاسیی و سهربازییهكانیشدا به‌راوردێكی ورد له نێوانیاندا بكه‌ین، ده‌بینین كه ڕۆژئاوا ده‌ستكه‌وتی پتری به‌ده‌ست هێناوه و هاوكات خۆی له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی نێوخۆیی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌كیش پاراستووه. هه‌نووكه به هۆی بوونی داعش له سووریه و هاوكات درێژدانی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د به ژیانی سیاسیی، بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژئاوا له دۆخێكی سیاسیی باش دایه، هاوكات وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی له حوكوومه‌تی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن.
ڕۆژئاوا ڕۆژ له دوای ڕۆژ درێژه به سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌دات و به‌سه‌ر داعشدا زاڵ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش هیوای كوردی له‌و وڵاته‌دا كه تاكوو دوێنێ به دژوارترین شێوه له‌لایه‌ن ڕژیمی ئه‌سه‌ده‌وه سه‌ركووت ده‌كران، زیندوو كردووه‌ته‌وه. كێشه‌ی دووبه‌ره‌كیی له نێوان هێزه‌كانی ڕۆژئاوا به‌دی ناكرێت و یه‌كگرتوون، ئه‌مه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی پێشخستنی سیاسیان هه‌ژمار ده‌كرێت. له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان تاكوو هه‌نووكه به باشترین شێوه له كۆده‌كانی ژئۆپلۆتیكیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه به‌باشی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌یكه حوكوومه‌تی باشووری كوردستان نه‌یتوانی له ماوه‌ی ٢٥ ساڵدا جێبه‌جێی بكات و به‌ده‌ستی بهێنێت، هه‌نووكه له ڕۆژئاوای كوردستان خه‌ریكه ته‌نیا له ماوه‌ی پێنج ساڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ده‌ست دێت.
هه‌نووكه كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه و سیسته‌می فیدراڵییان له باكووری سووریه ڕاگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ش به هه‌نگاوێكی مه‌زن پێناسه ده‌كرێت. چونكه تێكڕای كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و هه‌رێمه فیدراڵییه‌دا به‌شدارن و ئه‌مه‌ش دیموكراتییه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌گه‌یه‌نێت. واته هه‌رێمی كوردستان له باشوور له ماوه‌ی ٢٥ ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا نه‌یتوانیوه كه دڵی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت و تاكوو ئیستاش كێشه‌ی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌رنه‌كردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ نه‌بوونی متمانه‌ی نێوان توكمان و كورد و عه‌ره‌ب ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م كێشه له ڕۆژئاوای كوردستان بوونی نییه و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هه‌رێمه متمانه‌ی كه‌مه‌نه‌ته‌وه و كه‌مه ئایینییه‌كانی مسۆگه‌ر كردووه. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی دیكه هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان له سه‌ركه‌وتن نزیكتر ده‌كاته‌وه. چونكوو ئه‌وان به‌رفه‌راوان ده‌هزرن و پلان و ستراتیژیی داده‌ڕێژن.
هه‌روه‌ها له ئاستی ده‌ره‌كیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه كوردانی ڕۆژئاوا پتر خاوه‌نی لایه‌نگرن و هه‌نووكه به‌شێك له وڵاتانی گرینگی جیهان پشتیوانی له ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن. له ڕاستیدا بوونی داعش له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له لایه‌كی دیكه باییخی ده‌سه‌ڵاتیی كوردیی له ڕۆژئاوای كوردستان پرشنگدار كردووه. چونكه هه‌رێمی فیدراڵی ڕۆژئاوای كوردستان دیموكراتیكترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له سووریه‌یه و هه‌روه‌ها له دژی داعش له شه‌ڕێكی قورس دایه و له‌ولاشه‌وه ڕژیمی ئه‌سه‌د ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ره‌ڕۆ و دیكتاتۆره كه باییخ به بنه‌ماكانی دیموكراتی نادات و مافه‌كانی مرۆڤیش ژێرپێ ده‌نێت. ئه‌مه‌ش خاڵێكی دیكه‌ی به‌هێزبوونی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستانه. لاوازترین خاڵی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان خۆی له پێوه‌ندی ڕاسته‌خۆ له نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بینێته‌وه، چونكه به‌شێك له وڵاتانی زلهێزی جیهان تاكوو ئیستاش به چاوی گومانه‌وه له پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌ڕوانن.
بێگومان پارتی كرێكارانی كوردستان پارتێكی سیاسییه كه بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی كورد خه‌بات ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌دا پێوه‌ندی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و پارتی كرێكاران هێنده گه‌رموگوڕ بێ، له‌وانه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان دابنێت. توركیه وه‌ك هێزێكی گرینگی ناوچه‌كه هه‌میشه دژایه‌تیی كورد ده‌كات، هه‌نووكه به بیانووی ئه‌وه‌یكه په‌یه‌ده پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هه‌یه كێشه بۆ هه‌رێمی ڕۆژئاوا درووست ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییانه له‌به‌ر ناسكیی و هه‌ستیاریی دۆخه‌كه هندێكیش شاراوه بێ له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی ڕۆژئاوا ده‌بێت، بۆیه باشتره كه په‌یه‌ده و په‌كه‌كه باییخ به‌م ڕوانگه‌یه بده‌ن و له‌به‌رچاوی بگرن. بێگومان پارتی كرێكاران هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستانه، به‌ڵام توركیه وه‌ك وڵاتێك كه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی كاریگه‌ر له‌سه‌ر دۆخی سووریه هه‌یه، ده‌توانێ ڕۆڵی ئاژاوه‌گێڕ بنوێنێت و به‌هۆی بوونی پێوه‌ندی له نێوان په‌كه‌كه و هه‌رێمی ڕۆژئاوا، كێشه بخوڵقێنێت، هه‌رچه‌ند تاكوو هه‌نووكه له‌و بوواره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
كۆی وتار؛
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌دا به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه ئه‌و قۆناغانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له باشوور له ماوه‌ی پتر له ٢٥ ساڵدا تێپه‌ڕی نه‌كرد، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان له ماوه‌ی پێنج ساڵدا تێپه‌ڕی كرد. ئه‌مه به سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن بۆ كوردانی ڕۆژئاوا پێناسه ده‌كرێت و هاوكات لاوازی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانیش له ئێراق ده‌رده‌خات. چونكه هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی په‌ره به پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بدات و له‌م لاشه‌وه نه‌یتوانی كه به‌سه‌ر كێشه‌كانیدا زاڵ بێت و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له ژیانی سیاسیی و ئابووریی و حوكمڕانیدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
هه‌نووكه هه‌م هه‌رێمی كوردستان و هه‌م هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان له دۆخێكی ناسك و هه‌ستیاردان، بۆیه پێویسته كه به ئه‌سپایی هه‌نگاو هه‌ڵنێنه‌وه و گه‌شه به گۆڕانكاریی سیاسیی و ئابووریی و حوكمڕانی بده‌ن. پێویسته كه هه‌رێمی كوردستان له‌و ئه‌زموونه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ڵك وه‌رگرێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌دا به‌شداریی پێ بكات. من مانه‌وه‌ی داعش و ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریه به قازانجی كورد له ڕۆژئاوا ده‌بینم و پێم وایه كه تاكوو داعش و به‌شار ئه‌سه‌د درێژه به‌ژیانی سیاسیی بده‌ن، كورد له ڕۆژئاوا گه‌شه به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆی ده‌دات.
هه‌نووكه ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ڕۆژئاوا له قۆناغێكی گرینگ دایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سنووری ڕۆژئاوا به‌ته‌واوه‌تی پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه و هاوكات ئه‌و سنووره به زه‌ریاوه گرێ بدات، ئه‌مه ده‌بێته بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز له ڕۆژئاوای كوردستان. هه‌روه‌ها ڕۆژئاوای كوردستان تاكوو هه‌نووكه به چه‌شنێكی ژیرانه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌پچڕاندووه، من ئه‌مه به بڕیار و تاكتیكێكی سیاسیی باش پێناسه ده‌كه‌م. بێگومان له داهاتوو ئه‌گه‌ری ڕوودانی شه‌ڕ له نێوان به‌شار ئه‌سه‌د و هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان گه‌لێك زۆره، به‌ڵام بۆ ئه‌م دۆخه بوونی پێوه‌ندی له نێوان به‌شار و هه‌رێمی ڕۆژئاوا به ئه‌رێنیی هه‌ژمار ده‌كه‌م.