بۆ پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات توانای شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران نییه!
ئاریتما محەمەدی
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا كه حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌شێك له پێشمه‌رگه‌كانی خۆیان بۆ كاری نهێنیی و ڕێكخراوه‌یی ناردووه‌ته‌وه نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌رده‌وام تووشی تێهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیمی ئێران بوونه و زۆربه‌یان شه‌هید كراون. شه‌هید بوونی پۆلپۆلی پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه هه‌ڵگری دوو په‌یامه. یه‌كه‌م؛ ئه‌وه‌كه دۆخی سیاسیی، سه‌ربازیی و ئابووریی ڕژیم له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ی ساڵی ١٩٧٩ كه كاتێ ڕژیم گه‌ییشته ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕی چه‌كداریی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا سه‌پاند جیاوازه، ئه‌و كات ڕژیمی ئێران خاوه‌نی هێزێكی ته‌یار و جێكهوتوو و سه‌ربازیی به‌هێز نه‌بوو، ته‌نیا كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه ڕژیم كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرت هه‌ستی ئایینیی كۆمه‌ڵگا بوو كه ده‌یانتوانی له‌و ڕێگایه‌وه هێز و سپا كۆبكاته‌وه و له سه‌ركووت كردنی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات به‌كاری بهێنێت.
دووه‌م؛ ئه‌وه‌كه ئه‌وكات تێكنۆلۆژی و كه‌ره‌سته‌ی پێوه‌ندیگرتنی پێشكه‌وتوو له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو، هه‌نووكه كه‌ره‌سته‌كانی وه‌ك ئینترنێت، ته‌له‌فۆن و مۆبایل و بوونی ڕێگاوبان له گه‌یاندنی هه‌واڵ و ده‌نگوباس كاریگه‌رن و پاراستنی نهێنیش ئه‌سته‌متره، چونكه هه‌واڵه‌كان زوو ده‌گه‌ن و بڵاو ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر چوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌یه و ده‌كرێ كه زوو پێیان بزانن. به‌تاییبه‌ت هه‌نووكه كه دۆخی ئابووریی خه‌ڵك زۆر ئاڵۆز و دژواره و ئه‌مه‌ش فره‌بوونی جاشێتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، دیاره نه‌بوونی كار و دۆخی ئاڵۆزی ئابووریی كۆمه‌ڵگه سیاسه‌تی ڕژیمه كه خه‌ڵك ملكه‌چی سیاسه‌ته‌كانی خۆی بكات و ئه‌م ستراتیژییه‌ش تا ئاستێكی به‌رین سه‌ركه‌وتوو بووه. هه‌روه‌ها له ماوه‌ی ئه‌م سیوحه‌وت ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ڕژیمدا هێزه‌كانی سه‌ربه سپای پاسداران و سپای قودس له وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌تاییبه‌ت لووبنان، ئێراق، سووریه و یه‌مه‌ن به‌شداری شه‌ڕی پارتیزانیی و شه‌ڕی قورسیان كردووه و ئه‌مه‌ش وه‌ك فێرگه بۆ ئه‌و هێزانه وابووه.
له‌ملاوه حیزبه كوردییه‌كان خاوه‌ن فێرگه‌ی سه‌ربازیی پێشكه‌وتوو نین و پێشمه‌رگه‌كانیان ته‌نیا خوولێكی سێمانگهی سه‌ربازیی ده‌بینین كه پتر خوولی ڕژه ڕۆیشتن و به‌كارهێنانی چه‌كی سووكه و ئه‌م فێرگه سه‌ربازییه‌ش زۆر سه‌ره‌تاییه و به‌كه‌ڵكی ئه‌مڕۆ نایه‌ت. له ڕاستیدا حیزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئیستاش خاوه‌نی هه‌مان فێرگه‌ی سه‌ربازیین كه پتر له سی ساڵه دامه‌زراوه. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌كانیان خاوه‌ن زانستی سه‌ربازیی نین و فێرگه‌ی سهربازییشان نه‌بینوه و ته‌نیا وه‌ك تاكی ئاسایی چه‌ك به‌كار دێنن و له زانستی شه‌ڕ و ستراتیژیی شه‌ڕیش هیچ شاه‌زا نین، به پێچه‌وانه، ڕژیمی ئێران له ماوه‌ی ئه‌م سیوحه‌وت ساڵه‌دا هێزه‌كانیان چ به تیئۆریی و چ به كرده‌وه زانستی شه‌ڕ و ستراتیژیی شه‌ڕیان به‌ده‌ست هێناوه و له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له وڵاتانی ناوچه‌كه ڕۆڵ و ده‌وری كاریگه‌ریان گێڕاوه و به‌كرده‌وه به‌شداری سه‌دان شه‌ڕی پارتیزانی و شه‌ڕی قورسیان كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه ده‌چنه‌وه نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵات له‌پێشدا له هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازییدا تاقیی ناكرێنه‌وه و له هیچ خوولێكی تاییبه‌تی سه‌ربازییشدا به‌شدارییان پێ ناكرێت.
ناكرێ وه‌ك سی ساڵ پێش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم شه‌ڕ بكه‌ن، چونكه دۆخه‌كه جیاوازه و ته‌نانه‌ت سرووشتی جوگرافیی و ڕێگاوبانیش گۆڕانی قووڵی به‌خۆیه‌وه بینیوه. فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش نزیك به سی ساڵه له شه‌ڕ دابڕاون و به‌شداریی هیچ جموجۆڵێكی سه‌ربازییان نه‌كرووه و ته‌نانه‌ت له زانست و ستراتیژیی شه‌ڕی سه‌رده‌م شاره‌زا نین. ئیتر وه‌ك ڕابردوو ناكرێ ته‌نیا كه‌ڵك له خه‌باتی پارتیزانی وه‌رگیرێت، چونكه خه‌باتی پارتیزانی خه‌باتێكی شاراوه و له‌ناكاو بوو كه ده‌بوو شه‌ڕه‌كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆتایی پێ بهێنیت و تۆش ده‌سپێكه‌ری شه‌ڕ بیت نه‌ك دووژمن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی كه‌ره‌سته‌كانی پێوه‌ندیگرتن و ئاوه‌دانی ئیتر هیچ هێزێك ناتوانێ خۆی له‌خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا به‌دوور بگرێت و تا كاتی مه‌به‌ست خۆی بشارێته‌وه. ئه‌مه زۆر هه‌ڵه‌یه كه ده‌ڵێن هێزه‌كانمان بۆ كاری ڕێكخراوه‌یی سه‌ردانی نێوخۆی وڵات ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش ڕژیم هێرشی كردهسهریان ئه‌وا پارێزگاریی له خۆیان ده‌كه‌ن و به‌رپرچی هێزه‌كانی ڕژیم ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌مه پێی ده‌ڵێن ستراتیژیی خۆكوشتن.
چۆن ده‌بێ ستراتیژیی چوونه‌وه له‌و ئاسته لاوازه‌دا بێ. بێگومان هه‌ر هێزێك بچێته‌وه ڕۆژهه‌ڵات تووشی تێهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ده‌بێ، له ماوه‌ی سی و حه‌وت ساڵی ڕابردوودا ڕژیم خۆی له ڕۆژهه‌ڵات به باشیی جێگیر كردووه و حیزبه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانیش دووره‌په‌رێزی ڕۆژهه‌ڵات بوونه. كه‌واتا ڕژیم له هه‌موو بووارهكان شاره‌زایه و هه‌روه‌ها خاوه‌ن زانستیی شه‌ڕی سه‌رده‌م و ستراتیژیی شه‌ڕی پێشكه‌وتووه، ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی ڕژیم له ناوچه شاخاوییه‌كانیشدا له پێشمه‌رگه‌كان شاره‌زاترن بۆیه ئه‌م شه‌ڕه زیانی گیانیی و ئابووریی پتره. هاوكات نابێ پێشمه‌رگه‌كان ماڵی خه‌ڵك بكه‌نه سه‌نگه‌ری خۆیان، چونكه ڕژیم ماڵه‌كان وێران ده‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌ست له ژن و منداڵ و پیر و پهككهوتووهكانیش ناپارێزێت، كه‌واتا با گیانی ئه‌وانیش نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و چهكوچۆڵهی كه حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن زۆر كۆنن و هی ده‌یان ساڵ پێشترن و زۆرجار به‌كه‌ڵكی به‌كارهێنان نایه‌ن.
كه‌واتا له‌م دۆخه‌دا حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ناتوانن له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران‌دا به‌ربه‌ره‌كانێ بكه‌ن و ده‌بێ وه‌ك كاك خالید عه‌زیزیی دان به‌و ڕاستییه‌كاندا بنێن كه حیزبه كوردییه‌كان له قه‌یرانی سیاسیی، ئابووریی و سه‌ربازییدان. كاتی خۆی یه‌كێ له‌و پره‌نسیپانه‌ی كه حیزبی دیموكرات شانازی پێوه ده‌كرد ڕاست‌بێژیی ئه‌و حیزبه له ئاست ڕووداوه‌كان بوو، هه‌نووكه ئه‌و پرهنسیپهشی نه‌ماوه. ئه‌مه‌ش به واتای قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ئه‌و حیزبه له‌مه‌ڕ پرسه جیاوازه‌كان دێت.
هیوادارم كه هه‌میشه هه‌ڵه‌كان ببنه هۆكاری پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ت و ستراتیژییه سیاسییه‌كان و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه تووشی ئه‌و چه‌شنه له هه‌ڵه ده‌بن هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی ستراتیژییه سیاسییه‌كانیان بده‌ن. لێره‌وه‌ش سڵاو و ڕێز ده‌نێرم بۆ گیانی شه‌هیده نوێكانی حیزبی دیموكرات. له‌بیرمان نه‌چێت كه به ناردنه‌وه‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه و به شه‌هیدبوونی كۆمه‌ڵێك ڕۆڵه‌ی كورد به‌سه‌ر قه‌یرانه سیاسیی، ڕێكخراوه‌یی و ئابوورییه‌كان زاڵ نابین و گۆڕانكاریی و نوێكردنه‌وه‌ی ستراتیژییه‌كان ته‌نیا به یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و به یه‌كهه‌ڵوێستیی سیاسیی دێته‌كایه‌وه.
19/06/2016
وتارەکانی تری نوسەر