كەركوك لە نێوان قودس یاخود دڵی كوردستاندا

سەرخێڵ سەلاح



بەكالۆریۆس لە زانستە سیاسیەكان _زانكۆی صەڵاحەددین


زۆر لە سەر ناوچە دابڕاوەكانی مادەی( ١٤٠ی دەستوری عێراق) یا ناوچە تازە ئازادكرەوەكانی دوای هاتنی داعش وتراوە.
سەركردە سیاسیەكان جاران بۆ كەف و كوڵ لە دووری ئەو ناوچانە یەكێكیان كەركوكی بە قودس و ئەویدیان بە دڵی كوردستان ناودەبرد .ماڵی داعش ئاوا بێت ئەمجارەش بە دیداری ئەو ناوچانە شاد بوینەوە.
ئێستا كە كورد بە خۆشی بێت یا ناخۆشی چەندین جارە بەشدار دەبێتەوە لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق و پاراستنی یەكپارچەی عروبە بۆ چەند كورسییەكی شەق و شڕ و وەرگرتنی پارە و ئیمتیازیات بۆ چەند بەرپرسێك لە سەر حسابی خەڵك و كوردە هەژارەكە كە تەنها سودی بۆ خۆیان و خاو خێزانیان هەبوە .

تۆ بڵێ ئەم جارە بە پێی چی مادەیەك یا بە بڕی چەندە بلۆكی پارە سەركردە سیاسیەكان لە سەر مێزێكی دەوڵەمەند بە خواردن و میوەهات بە شێوەیەكی زۆر نا بەرپرسیارانە و نا دبلۆماسی و نامەنتیقی ئەم ناوچانە سوك و ئاسان تەسلیمی حوكمەتی بەغداد و برا عەرەبە عەزیزەكان بكەنەوە و پاشە كشە بكەنەوە بۆ ( ناوچەكانی پێش پرۆسەی ئازادی عێراق ٢٠٠٣) كە دەیان ساڵە كوڕی هەژاری لە سەر ئەدرێت بە كوشت و ماڵی هەزارەها خەڵك وێران ئاوارە بون دواتر دەستیان كردۆتەوە بە وتنەوەی شیعار و ئاه و حەسرەتی پڕ كەف و كوڵی بێبنەمای قودس و دڵە حەیاتەكەی كوردستان.

سەركردەكانی كورد لە هەموو شیعارە حەماسیەكانیای وتویانە دەوڵەتی كورد بە بێ كەركوك وەك بڕیار خۆ كوشتن وایە لە كاتێكدا ئێستا كورد هەموو ئەو ناوچانەی بە بێ خوێنڕشتن و لە ماویەكی كورتدا بە هۆی پێ خێری هاتنی داعشەوە هاتۆتەوە بەردەست . پرسیارەجەوهەریەكە ئەوەیە ئایا كات لەمە باشتر چییە بۆ ئەم دەوڵەتە ڕاناگەیەنن ؟

بڕوام وایە كورد ترسنۆكترین نەتەوەی سەر زەوییە، چونكە هیچكات ئەوەندە ئازا نەبوە سنوری خاك و وڵاتەكەی خۆشی ڕزگار بكات. بۆ مانەوەی لە ژیاندا ناچار لە ترسا پەنای بۆ شاخەكان بردوە وەك تاقە پشت و پەناو فریاد ڕەس، تازترین پێناسە بۆ كوردەكان ئەوەیە دەڵێن گەلێكی ئاشتیخواز و ئارامتر كراوەترە لە ناوچەكەدا كە ئەمە تەواو پێچەوانەی بەردەوامی ژیانە لە جەنگەڵێكی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا !بۆیە تا ئێستاش گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە.

ڕوسەكان هەموو سەدەیەك بە قەدەر ڕووبەری وڵاتێكی وەك پۆڵەندا خاكی وڵاتەكانی دراوسێیان بۆ خۆیان داگیر كردوە كە ئێستا ڕوسیا بوەتە گەورەترین ڕوبەری وشكانی لە نەخشەی جیهاندا.
گۆڕانكاری لە هێز و بەرژەوەندی نێودەوڵەتی كە بوەتە هۆی ڕەخساندنی چەند هەلێك بۆ كورد تا بتوانێت نەفەسێكی ئازادی هەڵمژێت وەك لە ساڵی ١٩٩١ كورد لە دەستی صدام ڕزگاری بوو بە هۆی هاتنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی. لە سەدەی ٢١ دا هێزە گەورەكانی جیهان بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتیەكانیان یەكلای دەكەنەوە وەك دروست كردنی ڕێكخراوێ داعش لە ژێر حەماس و سۆزو توندڕەوی ئاینی ئیسلامدا كە ڕوی لە دەوڵەتی سوریاو عێراق كردوە،وەك ئاشكرایە چەندین دەوڵەتی لە پشتەوەیە و شەڕی بەرژەوەندی خۆیان پێ دەكەن و بوو بە خێرو خۆشی و هەلێكی مێژووی تریش بۆ كورد چونكە لە ماوەی شەو ڕۆژێكدا زۆربەی ناوچە دابڕاوەكانی بۆ ڕزگار بوو. لە كاتێكدا لە دوای پرسەی ئازادیەوە حوكمەتێكی لاواز و شەق و شڕی وەك جەعفەری و مالیكی بەو هەموو كەمو كوڕی كێشە و شەڕی ناوخۆی شیعە و سونە و تەقینەوەی ڕۆژنەوە لە عێراقدا بە ناو مادەی (١٤٠)دەستی دەستی و یاریان بە چارەنوسی كوردەوە دەكرد و نەیان هێشت بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

سەركردەكانی كورد بیانویەكی نا لۆژیكی بۆ دروست نەبونی دەوڵەتی كوردی دەهێننەوە كە دراوسێكانمان دوژمن بە كوردن و سنور دابخەن بە مانگێك لە برسا دەمرین وەك ئەوەی بیانەوێت ببینە خاوەن دەوڵەت بە بێ ئەوەی قولیان تەڕ ببێت یا هیج ئازار و نەهامەتییەك بچێژین وەك سێوی پاككراو بخرێتە سەرمێزی بەردەستمان و فەرمووی خواردنیشمان لێ بكرێت لە كاتێكدا ئەو ئازارەی بە هۆی بێ دەوڵەتی و ژێردەستەییەوە بە دەستیەوە دەناڵێننین كەمتر نابێت لەوەی ئەگەر جەرائەت و ریسك بكەن و دەوڵەت ڕابگەیەنن.
بیانویەكی تر بۆ ئەوەی كورد ناتوانێت ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی ئەوەیە كە شوێنی جوگرافی كوردستان بە شێوەیەكە كە چواردەوری وشكانییە و ناگاتە سەر دەریا و ڕووبەری ئاوی. لە كاتێكدا دەیان دەوڵەت لە جیهاندا هەیە هەرچواردەوری وشكانیە و ناگاتە سەر هێچ چۆڕە ئاوی دەریایەك نمونە دەوڵەتێكی وەك مەنغۆلیا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ڕوبەرێكی زۆر گەورەو فراوانەوە بێ ئەوە بستێكی خاكەكەی كەوتبێتە سەر دەریا لە نێوان سێ دەوڵەتی زلهێزی سوپەر پاورەری وەك ڕوسیا و چێن و یاباندا دروست بووە.

بڕوام ئاویە ئێستاش بەرژەوەندی و هێزی و بارودۆخی نێودەوڵەتی بۆ كورد گونجاوە، چونكە كورد نەوت و غازی سروشتی هەیە وەك چۆنە دەیان دەوڵەت لە سەرەتای سەدەی بیست بۆ خێلە عەرەبیەكان دروست بو ئێستاش بە هەمان شێوە كورد دەتوانێت بە هۆی سامانی سروشتی ژێر خاكەكەیەوە ببێتە خاوەنی دەوڵەت بە مەرجیك سەركردەی ڕاستەقینە و بەرنامەی ستراتیژی و بەهێزی هەبێت و تۆزی ئازاو بە توانا بن و دەتوانێت ببیت بە خاوەنی دەوڵەتی كوردی .


22/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر