ئایا تورکیا بەرەو شەنگال دێت ؟

دڵشاد ئه‌نوه‌ر
ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشی تورکیا بۆ سەر شەنگال بووەتە باس و خواسی میدیاکان، بەرپرسانی تورکیاش نیازیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە ناشارنەوە، هەروەک ئەردۆگان، ڕایگەیاند: بەیانیەک کاتێک خەڵک لەخەو هەڵدەستێت، ئێمە لە شەنگالین.
تا ئێستاش وا بڵاوە، کە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە دێتە شەنگال، یاخود ڕاستیەکەشی وایە، کە تورکیا پەکەکەی کردووەتە بیانوو، بەڵام تورکیا بۆ مەبەستی تر، دەیەوێت بێت.
تورکیا بە هاتنی بۆ شەنگال، دەستی دەگاتە زۆر ناوچە، بەتایبەت تەلەعفەر و ڕەبیعە و ناوچەکانی تر، لێرەدا، ئامانجێکی دێتە دی، کە تاڕادەیەک نێوان هەرێم و ڕۆژاوا دادەبڕێ، بەڵام ئامانج لە لەشکرکێشیەکە، بەرگرتنە بە پرۆسەی تەشەیوع و باڵادەستبوونی هێزە شیعیەکان لەو ناوچانە.
سونەکانی عێراق، هاتنی تورکیایان پێخۆشە و پێیانوایە هۆکارێکە بۆ هەستانەوەیان بەرامبەر بە شیعە، بۆیە ناشیشارنەوە، کە وەک چۆن هێزە شیعیەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، ئەوانی سونەش، پێویستیان بە هاوکاری تورکیایە.
ئێران تێگەیشتووە لەوەی جوڵانی تورکیا پێش ئەوەی ئامانج لێی پەکەکە بێت، ئامانج لێی، سنوردارکردنی دەسەڵاتی هێزە شیعیەکانە لەو ناوچانە و هاتنی تورکیایە بۆ نێو ململانێ و هاوکێشەی سیاسی عێراق، بۆیە پرۆژەی هاتنی تورکیا، بە پرۆژەیەکی تورکی_ سعودی دەزانێت و پێیوایە ئامانج لێی هەوڵدانە بۆ زیندوو کردنەوەی سونەکان، هەروەک پارتیش بە بەشێک لە پرۆژەکە دەزانێت، بۆیە لە ڕێگەی فیلم و ڕێگەی ترەوە پەیام بۆ پارتی دەنێرێت و دەیەوێت پێی بڵێت: مەڕۆ ناو یاریەکەوە، ئێمە لەکاتی پێویستدا هاتووین بە هاناتەوە.
لەگەڵ هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی لەشکرکێشی و پاڵپشتی سونەکانی عێراق، لەنێوخۆی عێراق جوڵەیەک هەیە، بۆ لە سێدارەدانی سەدان دەستگیرکراوی سونەی تۆمەتبار بە هاوکاری داعش، کە ئەمە ئاڵۆزیەکان ئاڵۆزتر دەکات، چونکە سونەکان پێیانوایە بەشێکی زۆریان  داعش نین و سونەبوونیان، هۆکاری سزا دانیانە.
هەربۆیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شیعەکان هەندێک زانیاریان فڕێدایە نێو  ئیعلام، گوایە سەرۆک کۆمار ئیمزای لەسەر لە سێدارەدانی سەرووی ٣٠٠ کەس کردووە، بەڵام خێرا سەرۆکایەتی کۆمار ڕاگەیەنراوی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە.
تورکیا گەر لە شکرکێشی بکات، عێراق ڕەنگە نەتوانێ بە پێی پێویست بەری پێبگرێ، چونکە وڵاتێکی لاوازە و توانای بەرگرتنی نیە، هەروەک لە مەسەلەی ئاو و زۆر مەسەلەی تردا، پێویستی بە تورکیایە، چونکە سەرچاوەی  بــژێوی ٥ ملیۆن عێراقی لە ئەهوار و شوێنە جیاجیاکان لەسەر ئەو ئاوەیە لە تورکیاوە داخلی عێراق دەبێت.
پارتیش گەر بچێتە نێو یاریەکەوە، ڕەنگە لەمکاتەدا گوشاری پەکەکەی لێ دووربکەوێتەوە، بەڵام بۆ داهاتوو توشی گرفتی گەورە دەبێت.
زەمینە لەبارە بۆ بەشکرکێشی تورکیا و تورکیاش ئەو خواستەی هەیە بەتایبەت بۆ شەنگال نەک کەرکوک، کەرکوک لەڕووی جوگرافیەوە بۆ تورکیا دوورە و بە ئاسانی دەستی پێی ناگات، بەڵام بۆ شەنگال ئاسانترە بۆ تورکیا.
لەشکرکێشی تورکیا گەرچی جدیەتی پێوە دیارە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا دیار نیە، بەتایبەت وا دیارە، ئیدارەی بایدن بەرامبەر تورکیا نەرم نیە، گەر ئەوان هەڵوێستی حاسم و یەکلایی کەرەوەیان هەبێت، پرۆسەکە بۆ تورکیا ئاسان نابێت، بە پێچەوانەوە، دوور نیە، سیناریۆی عەفرین لە شەنگالیش دووبارە بێتەوە.

27/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر