یەكتر نەخوێندنەوە!!

عەتا قەرەداخی
( یەكتر نەخۆَێندنەوە خاسێتی عەقڵە داخراوەكانە ) 
یەكێك لە خاسێتە دیارەكانی كۆمەڵگە دواكەوتووەكان باڵادەستبوونی تاكە عەقڵ‌و تاكە بیرو تاكە لێكدانەوەو تاكە جیهانبینیە، هەموو ئەم تاكانەش زەمینەسازی دەكەن بۆ درووستبوونی یەك جۆر لە سیستێمی سیاسی كە ئەویش سیستێمی شمولی و تۆتالیتارە. ئەو كۆمەڵگەیانەی كە تاكە عەقڵێك تیایاندا باڵادەستە یان كۆمەڵگەی خێڵایەتین یان كۆمەڵگەی ئایینین یان كۆمەڵگەیەكن كە تیایاندا ئایدیۆلۆجیا یان بۆچوون یان جۆرێك لە فیكر تیایاندا باڵادەستەو بووەتە جێگرەوەی ئایین. لێرەوە ئازادی تاكەكەس هیچ مانایەكی نیە، لە كۆمەڵگەیەكیشدا كە ئازادی تاكەكەس مانای نەبێت، واتە ژیانیش بێگەوهەرو رووتكراوە دەبێت لە بەها مرۆییەكانی. لەم جۆرە كۆمەڵگەیەدا مرۆڤی تاك رەهەندبین و ئاسۆتەسك بەرهەم دێت. لەبارێكی وەهاشدا تەنیا یەك لێكدانەوە بۆ مرۆڤ‌و ژیان بوونیان دەبێت. لە هەر جێگایەك چەمكی یەك، تاك، تەنیا باڵادەست بێت، مانای وایە فرەیی، كۆ، ئەو یان ئەوانی تر غائیب و نادیارن. ئەمەش ئەو زەمینەیە كە تەنیا من بوونم هەیە تیایداو ئەویتر بوونی نیە. ئەمەش خاسێتی كۆمەڵگە داخراوەكانە. ئەم جۆرە كۆمەڵگانەش بەردەوام بارگاوی كراون بە كێشە و گرفت و بەردەوام من لە هەوڵی سڕینەوەی تۆو ئەویتردام بۆ ئەوەی تەنیا خۆم هەبم. ئەمەش خاسێتی ئاشكرای كۆمەڵگەی كوردیە بە تاكەكەس و دەستەو گروپ و حیزبەوە. واتە تەنیا بینینی خۆو بەرژەوەندییەكانی خۆو نەبینینی ئەویترو بەرژەوەندییەكانی لە هەموو ئاستێكدا. ئەمەش سەرچاوەی تێكڕای كێشەكانە لە كۆمەڵگەی كوردیدا.  
لەم جۆرە كۆمەڵگەیانە وەكو ئێمەدا، دامەزراوەی كۆمەڵایەتی لە خێزان، بنەماڵە، خێڵ، عەشیرەت، حیزب، حكومەت، دەوڵەت هەموویان یەك ئاراستەیان هەیە بۆ بینین‌و یەك روانینیان هەیە بۆ سەیركردنی دنیا ئەویش لەو روانگەیەوەیە كە مانەوەو بەردەوامبوون‌و پاراستن‌و بەهێزكردنی خۆیان مسۆگەر بكات. واتە كۆی ئەم دامەزراوانە وەها دەڕوانن كە ئەمان بوویەكی رەهان‌و هەریەكە لە شوێنی خۆیدا جێگرەوەی خودایە لەسەر زەوی‌و هەموو ماف‌و دەسەڵاتەكانی خوداش بەخۆی رەوا دەبینێت.
بێگومان لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا هەمیشە دەسەڵات، دەسەڵاتی تاكەكەس یان كەمینە دەبێت‌و بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتەش هەمیشە رێگای ناڕەوا بەكار دەهێنرێت ئەویش لە پیادەكردنی هێزدا بەرجەستە دەبێت كە دەشێ هیزی عەقڵی، مەعنەوی، یان مادی بێت، كە دەشێ بەكارهێنانی هێز بێت بە مانا سەربازییەكەی یان لەشێوەی دەسەڵاتدا كە چۆن هەموو كۆمەڵگە كۆنترۆڵ دەكات‌و تەنانەت بواری ئەوەش بۆ تاكەكەس و كۆمەڵگەش ناهێڵێتەوە كە بتوانێت لە ئازارو ژانەكانی خۆیشی بدوێت.  هەر ئەوەش نا بەڵكو كۆمەڵگە لەسایەی سیستێمی لەم جۆرەدا دەبێت بە ئامرازو دەسەڵاتی تاكەكەس و كەمینە بە ئارەزووی خۆی بەكاری دەهێنێت. بە دەوری تاكەكەسی یەكەمیشدا ریزێك یان بازنەیەكی فراوان لە كەسان هەن كە خۆیان وانمایش دەكەن كە گەورەن بەڵام سەرئەنجام ئەوانیش لە روانگەی كەسی یەكەمەوە ئەویتری بێ شواناس و نەخوێندراوەن. ئەم خاسێتە كە هی ئەو كۆمەڵگەیانەیە كە ئەویتری تێدا درووست نەبووە بۆ كۆمەڵگەی ئێمەش راستە.
كۆمەڵگەی كوردی یەكێكە لەو كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیانەی كە تاكە عەقڵێك تیایاندا باڵادەستەو كۆی مەسەلەكانی تریش پەیوەستن بەو تاكە عەقڵەوە كە عەقڵێكی داخراوەو بێجگە لە خۆی ناتوانێت دان بە بوونی هیچ عەقڵێكی تردا بنێت‌و، بێجگە لە بۆچوونی خۆی هیچ بۆچوونێكی تر بەراست نازانێت‌و بێجگە لەو بنەماو یاساو رێسایانەی كە بۆ پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆیی داناوە ناتوانێت دان بە رەوایەتی هیچ یاساو رێسایەكی تردا بنێت. لەبارێكی وەهاشدا هەرچەندە كورد خاوەنی دەسەڵاتێكی خاوەن شووناس نەبووە بەڵام ئەو تاكە عەقڵە باڵادەستە هەمیشە هەموو دەرەوەی خۆیی نەك هەر رەتكردۆتەوە بەڵكو هەوڵی جیدی بۆ لە ناوبردن‌و سڕینەوەشی داوە. ئەوەتا سەرباری بە پەراوێزبوون‌و داگیركردن‌و دابەشكردنیشی كەچی ئەم كۆمەڵگەیە بەردەوام لەململانێی سەختی ناوخۆیدا بووە‌و تەنانەت پێكهاتە هاوشێوەكانیش كە هەم پێكهاتن‌و هەم عەقڵی باڵادەستیشیان هاوشێوە بووە هەوڵی یەكتر سڕینەوەو لە ناوبردنی یەكترییان داوە.
دیارە عەقڵی باڵادەستی تەنیا خۆقبوڵكەر لە كۆمەڵگەی كوردیدا تەنیا لە چوارچێوەی ئەو دامەزراوانەدا نەبووە كە لەسەرەوە ناومان هێنان. بەڵكو ئەم عەقڵیەتە لە ناو نوخبەی سیاسی‌و رۆشنبیریشدا بەشێوەیەكی سەختتر تاكو ئێستاش باڵادەستەو تەنانەت ئەو نوخبەیەی كە زمان‌و قەڵەمی هەمیشە باسی كرانەوەو فرە عەقڵی‌و فرە بۆچوونی‌و فرە لێكدانەوەیی دەكات لە ئاستی گشتیدا رای جیاواز قبوڵ ناكات‌و ئەوی تر ناخوێنێتەوەو، ئەو نوخبەیە لە هەموو بەشەكانی تری كۆمەڵگەی كوردی زیاتر پیرۆزیی بەباڵای خۆی دەبڕێت. ئێستا پارادۆكس ئەوەیە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئەوەی كەباسی ئازادی‌و دیموكراسی‌و فرەیی‌و زیاتر لە عەقڵ‌و بۆچوون‌و لێكدانەوەو جیهانبینیەك دەكات، هەر ئەو لە هەمووان تووندڕەوترەو ناتوانێت دان بە غەیری خۆیدا بنێت‌و بێجگە لە خۆیشی هەموو ئەوانی تری بەلاوە هیچە.  بێگومان ئەگەر ئەم نوخبە سیاسیەی ئێستا بمێنێتەوەو بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت لە كۆمەڵگەدا ئەوا ئەگەری گۆڕانكاری زۆر لاواز دەبێت و پێشبینیكردنی درووستبوونی زەمینەی ئەویتر چاوەڕوان نەكراو دەبێت چونكە ئەم نوخبەیەی كە ناتوانێت بێجگە لە خۆی كەسی تر ببینێت، باش لەوە تێدەگات درووستبوونی ئەویتر مانای هەرەسهێنانی ئەو عەقڵیەتەی كە تاكو ئێستا ئەم دەپارێزێت. بێگومان درووستبوونی سەقامگیری و پەرەسەندن و بنیانان و ئاوەدانكردنەوەو عیمرانی مرۆیی كوردی و ئازادی و دیموكراسی هەمووی بەندە بە درووستبوونی كەسێتیەكەوە كە ئەویتر قبوڵ بكات. هەتا ئەو عەقڵیەتە واتە عەقڵیەتی یەكتر خوێ،دنەوەو یەكتر قبوڵكردن لە كۆمەڵگەی كوردیدا درووست نەبێت بارودۆخی ئەم كۆمەڵگەیە گۆڕانكاری لەبەرچاوی بەسەردا نایەت و لەسەر هەمان بازنەی داخراو لە جوڵەی خوڵگەیی خۆی بە سستی بەردەوام دەبێت، كە ئەویش جوڵەیەكە لە كۆمەڵناسیدا پێی دەوترێت جوڵەی بێبەرهەم.      





11/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر