لە 2016ی پڕ لە قەیرانەوە بۆ هەڵهاتنی رۆژێكی نوێ‌ !!

عەتا قەرەداخی
ئەگەر مرۆڤـــ لە كۆتایی هەر ساڵیكدا وێستێك بكات و سەرنجێك بەرەو دواوە بدات بە تایبەتی لەو ساڵەی كە تێپەڕیووە، ئەوا دەشێ جۆرێك لەبەراوردكردن لە نێوان ئەو ساڵەو ساڵانی پێشتردا بكات. لەم رووەوە كەلتووری كوردی رستەیەكی باو و ئاشنا بە گوێی هەموومانی تێدایە كە ئەویش دەڵێت: هەموو ساڵێك خۆزگەمان بە پار". بێگومان ئەو هۆكارەی لە پشتی درووستبوونی ئەم دەربڕینەوەیە، ئەوەیە كە مرۆڤــ لە هەر چركە ساتێكدا رابووەستێـت و سەیرێكی ئێستای بكات و بەراوردی بكا بە رابردووی، بڕوا بەوە دەهێنێت كە رابردووی لە ئێستای باشتربووە. هەرچەندە مەرج نیە ئەم لێكدانەوەو بەراوردكردنە راست بێت یان لە جێگای خۆیدا بێت. بەڵام ئاشكرایە بەو ئەندازەی كە مرۆڤـــ دەڕوانێتە ئایندەو ئومێدی لەسەر هەڵدەچنێت، بەهەمان شێوە مرۆڤــــ مەیلی بە پیرۆز سەیركردنی رابردووی هەیەو بەردەوام وەكو رابردووی لەدەستچوو یان تەنانەت وەكو بەهەشتی لە دسەتچوو سەیری دەكات، هەروەكو جۆن میلتۆنی شاعیری نابینای ئینگلیز چۆن باسی ئەو رابردووە دەكات كە لە دەستیچووەو بە بەهەشت ناوی دەبات.

ئەوە ئاشكرایە مێژووی كورد لێوان لێوە لە رووداو، بەڵام رووداوگەلێك كە ئەوانی تر بەسەر كورددا سەپاندوویانەو ئەوەش ئەگەر كارەسات نەبووبێت ئەوا نزیك لە كارەسات بووە. لە كاتێكدا رووداو بە گوێرەی هەر كۆمەڵگە یان گەل و نەتەوەیەك كاتێك بایەخدارو بەرهەمهێنە كە بریتی بێت لە رووداوی گواستنەوە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی باشتر، واتە رووداوێك كە دابڕانی ئەرێنی بێت لەگەڵ پیشتردا، كە ئەویش رووداوێكە گۆڕأنكاری ریشەیی دەكات لە بوون و ئامادەبوون و مێژووی ئەو پێكهاتەیەدا. لەبارێكی وەهاشدا رووداو ئەوەیە كە مێژوو درووست دەكات، مێژووش بە گوێرەی هەر پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی لە نەتەوەو گەلانی جیاواز بریتیە لە بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. ئەوەش كاتێك دەگاتە ئەنجام كە خودی ئەو پێكهاتەیە ببێتە بكەرێكی كاراو ئەو روودوانەی روودەدەن ئەوبكەریان بێت. دیارە بۆ كۆمەڵگەی كوردی رووداوێك كە بكەری كوردی درووستی بكات و شایانی ئەوەش بێت پێی بگوترێت رووداو درووستكردنی دەوڵەتە كە ئەویش بریتیە لە گواستنەوەی كورد لەم بارە چەقبەستووەی ئێستایەوە بۆ بارێكی كاراتر، بارێك كە ئەم بوونی خۆیی تێدا بسەلمێنێت و بگاتە ئاستێك بەشداری بكات لە مێژووی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا و بەشداری بنیادنان و بەرهەمهێنان بكات كە ئەویش مەبەست بەرهەمهێنانی شارستانێتیە.

ساڵی 2016، بۆ كورد ساڵێكی پڕ قەیرانبوو. لە باشووری كوردستان قەیرانی دارایی تەنگی بە خەڵك هەڵچنی، كارو بازاڕ بەرەو جۆرێك لە هەرەس رۆیشت، دامودەزگاكانی حكومەت نیمچە ئیفلیج بوون، باری پەروەدەو خوێندن بەرەو شكستچوو، پەرلەمان لەكاركەوت و ئەندامانی پەرلەمانیش بێ ئیش مانەوە، وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتیەكانی گۆڕان خرانە دەرەوەی كار. ململانێی ناشەرعی نێوان حیزبەكانی كوردستان لە خراپترین باریدا بوو. زۆرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی باشیان نەبینیووەو دەوریان هەبووە لە زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكەدا. پەیوەندی پارتی و گۆڕان گەیشتە خراپترین ئاستی و ماوەی پەیوەندی هەنگوینیان كە زیاتر لەسەر حیسابی یەكێتی بوو كۆتایی پێهات. رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان بە كردەوە سەنگەری چۆڵكردوو، لە ماوەی ئەم ساڵەدا قەیرانە خنكێنەرەكەی كوردستانی بەجێهێشت و لە ئامێزی رۆژئاوایی دڵنیایدا ئەم ساڵەی بەسەر برد. یەكێتی و گۆڕان رێكەوتنیان كرد بەڵام ئەو رێكەوتنەش هیچی بەرهەم نەهێنا. لەم ساڵەدا كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامبوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی كە جێگرانی سكرتێری گشتی ناوەندی بڕیاریان راگەیاند، یەكێتی ئێستا لە دوو حیزب دەچێت و ناتونێت بڕیار بدات.

لەم ساڵەدا شەڕی داعش بەردەوامبوو، پێشمەرگە رۆڵی پاڵەوانانەی خۆیی بینی و خوێنێكی زۆری بەخشی و بەوەش زۆرینەی ئەو رووبەرەی كوردستانی خستەوە ژێر دەستی خۆی كە پێشتر لەژێر دەستی عێراقدا بوو، پاشانیش داعش داگیری كرد. لەم سەروبەندەدا رۆڵ و پێگەی بارزانی زیاتر بەرزبووە، لەلایەك وەكو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەو وەكو كارەكتەرێكی دیار لە ناوچەكەدا رۆڵی خۆی یاریكرد. هەولێر بۆ ئەم ساڵە بووە قیبلەی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتان و زۆرێك لە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتی هاوپەیمانی دژی داعش سەردانی هەولێریان كردو لە هەموو ئەو سەردانانەشدا بارزانی رۆڵ و پێگەی دیاری هەبوو لە رووی راوێژو گفتوگۆی ئەو قەیرانە سەختەوە كە دووچاری ناوچەكە بوو. هەروەك چەند جارێك بارزانی سەردانی دەرەوەی كردو سەركەوتنەكانی پێشمەرگەش ئەو سامانە مەعنەویە بوو كە هەموو دەرگاكانی جیهانی بڕیاربەدەستی بە رووی كوردو بارزانیدا زیاتر كردەوە. بارزانی لەسەر ئاستی دەرەوە پێگەیەكی بەهێزی بۆ درووست بوو، بەڵام تاكو ئێستا قورسی خۆیی بەكارنەهێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ بە تایبەتی ئەو كێشە سەختە داراییانەی كە دەستی خستووەتە بینەقاقای جەماوەری خەڵكی كوردستان بە تایبەتی چینەكانی خوارەوە.

ساڵی 2016 رۆژئاوای كوردستان لەبارێكی ناجێگیردابوو، سەرباری قوربانی زۆری كورد لەوبەشەدا، هێشتا ئاسۆ روون نیەو نازانرێت ئاراستەی رووداوەكان بەرەو كوێیە. لە باكور كورد بەشداری دوو هەڵبژاردنی كرد، لەجاری دووەمدا ژمارەی كورسیەكانی بە رێژەیەكی ئاشكرا كەمی كرد. هیچ ئومێدێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسێسی ئاشتی لە توركیا بوونی نەبوو، كودەتا لە توركیا روویداو سەركەوتوو نەبوو. دواتر حكومەتی ئاك پارتی كەوتە رەشبگیرو خەڵكێكی زۆری دەستگیر كرد. بە دوای ئەوەشدا بێ سڵەمینەوە حكومەتی ئەردۆگان كەوتە دژایەتی زیاتر ئاشكرای كوردو بە لابردن و دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانیەكان دەستی پێكردو پاشان گەیشتە دەستگیركردنی ئەندام پەرلەمانانی كوردو تەنانەت دەمیرتاش و ئەحمەد تورك و سەركردەكانی تری پارتە كوردیەكانی راپێچی زیندان كرد. لە رۆژهەڵاتیش كۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی تۆتالیتاریستانەی خۆی بەردەوامبوو، لەم ساڵەدا بێباك لە هیچ بنەمایەكی مافی مرۆڤــ و هاوشێوەی رژێمە شۆڤێنیستە خوێنڕێژەكانی تری جیهان چەندین لاوی كوردی لە سێدارەداو لەسەر سیاسەتی دژە كوردی خۆی بەردەوامبوو. 

لە باشووری كوردستان كوشتن لە پشتەوەو تەقینەوە ناوبەناو روویاندا. مامۆستا مەلا هوشیار لە هەولێر تیرۆر كرا، رۆژنامەنووس لەملاو ئەولا دەستگیركران و لەبارو دۆخی تەمومژاویشدا پەیامنێرو رۆژنامەنووس شەهیدكران. دوا رووداوی ناخۆشی ئەم ساڵە ئەو تەقینەوانە بوون كە لە بنكەكانی حیزبی دیموكراتی ئێران روویانداو ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی ئەو حیزبەی تێدا شەهیدبوون. بەڵێ بارودۆخی كوردستان لەم ساڵەدا لە زۆر رووەوە ناهەموارو پڕ لە كێشەو قەیرانبوو، بەڵام ئومێدی گەل نامرێت و مێژوو رەوتی خۆی دەكات و گومانی تێدانیە بەم بارودۆخە ناهەموارانەشەوە كورد هەنگاوی بەرەو ئایندە هەڵدەنێت و سەرئەنجام ئەم كێشانە تێدەپەڕێنێت و رێگای بەرەو سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی لەگەل َچارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆدا نزیكتر دەبێتەوە، كەواتە ئێستا ئەوەی پێویستە بۆ كورد بریتیە لە چارەسەكردنی كێشەكانی ناوخۆ بەكێشەی سیاسی و بە كێشەی ژیانی خەڵكەوە. بۆیە ئومێدی ئەوە دەكەین لەگەڵ هاتنی ساڵی 2017 دا خۆری رۆژێكی نوێ‌ لە كوردستان هەڵبێـت و كورد ببێتە بكەری رووداو درووستكەر لەسەر زێدو جوگرافیای خۆیی و هەنگاوی بەرەو هاتنە ناو مێژوو هەڵبنێت. 
             


27/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر