كورد دێتە ناو مێژووەوە!!

عەتا قەرەداخی
رەنگە ئەمە ناونیشانێكی سەیر بێت و ئەو پرسیارە درووست بكات: ئایا تاكو ئێستا كورد لە ناو مێژوودا نەبووە؟ بێگومان رەنگە زۆر بە خێرایش وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوەو پێداگری لەسەر ئەوە بكرێت كە كورد نەك هەر لە ناو مێژوودا نەبووە، بەڵكو رۆڵی گرنگیشی هەبووە لە مێژوودا، بۆ نموونە چەندین مێژوونووسی ئێمە باسی رۆڵی كورد دەكەن لە خزمەتی دەوڵەتی ئیسلامیدا. زۆرێك باسی شكاندن یان زەرەرمەندبوونی سوپای دە هەزار كەسی گەزنەفۆن دەكەن لە كاتی تێپەڕینیاندا بە كوردستاندا. زۆرێكیش باسی ئەو خزمەتە زۆرە دەكەن كە كەسانی كورد لە مێژوودا لە رووی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردنەوە یان لە رووی كەلتووریەوە پێشكەشی عەرەب و فارس و توركیان كردووە. لێرەدا نامانەوێت بڵێین ئەو خزمەتانە مەگەر لە رووی مەعنەویەوە بۆ ئەو تاكەكەسانەی كە پێشكەشیان كردوون ئەگینا لە رووی مێژووی نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردیەوە بۆ ئێمە ماناو واتایەكیان نیە. بە دەربڕینێكی سادەو ساكار مێژووی كورد لەو ساتەوە دەست پێدەكات كە كورد وەكو نەتەوەو بە ناوی كوردەوە بەشداری بكات لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا، چونكە هیچ بەشداریكرنێك بە بێ بوونی شووناسی نەتەوەیی هیچ تۆمارێك بۆ نەتەوە دەستەبەر ناكات. شووناسی نەتەوەییش بە بێ بوونی دەوڵەتی نەتەوە مانایەكی نیە. بۆیە كورد تاوەكو ئێستا هەرچیەكی كردبێت مادەم خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبووەو نیە، واتە لە فەرهەنگی جیهانی شووناسەكاندا شتێك نیە بە ناوی ئەمی كوردەوە. ئەو شووناسەش ئەگەر لە ئاستێكدا شووناسی كەلتووری بێت، ئەوا لە ئاستێكی تردا شووناسی یاساییە لەو روانگەیەوە كە كورد ناوێكی تۆماركراو و ئامادەو خاوەن شووناس بێت لە تۆماری نەتەوە یەكگرتووەكانداو ئاڵاكەی لە ریزی ئاڵای نەتەوەكانی تردا بشەكێـتەوە. لە راستیدا هەر نەتەوەیەك ئەم شووناسە یاساییەی نەبێت، چەندێ لە رووی كەلتووری و زانستی و وەرزشیشەوە لە پێش بێت، ناوێكی نابێت لە ریزی ناوە خاوەن شووناسەكانداو ئەمەش دەیخاتە دەرەوەی مێژوو. بۆ نموونە نووسەرێكی پایەبەرزی وەكو یەشار كەمال بە نووسەری تورك ناودەبرێت. مەسعود یەڵماز كاتێك گۆڵیك تۆمار دەكات كۆمێنتەرەكان بە یاریكەری ئەڵمانی بە رەگەز تورك ناوی دەبەن. یەڵماز گۆنەی بە دەرهێنەری تورك و بەهمەنی قوبادی بە دەرهێنەری ئێرانی ناودەبرێن لە كاتێكدا ئەم تاكەكەسە كوردانە لە سەرئاستی جیهانیش ئامادەبوونی خۆیانیان سەلماندووە. بەڵام ئاشكرایە ئەگەر كورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بووایە، بێگومان هەموو ئەم ناوانەو چەندینی تریش بە كوردو كوردستانی ناودەبران. 
ئێمە دەزانین بەدەستهێنانی شووناسێك كە ببێتە بنەما بۆ ئەوەی كورد بێتە ناو مێژووەوە، كۆمەڵێك بنەمای مادی و مەعنەوی پێیستە، بەڵام بە بێ پێكهاتنی دەوڵەتی كورد ئەو بنەمایانە وەكو مادەی خاو دەمێننەوە. كەواتە لێرەوە دەردەكەوێت هیچ شتێكی كورد نابێت بە سرووشتی و باری ئاسایی وەرناگرێت تا ئەو كاتەی كە كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی، چونكە تەنیا لە دەوڵەتدا هەر نەتەوەیەك دەتوانێت گوزارشت لە بوونی خۆی بكات و بكەرێتی خۆی لەسەر زەمینەی واقیع و لە بەرامبەرو لە تەنیشت ئەوانی تردا بسەلمێنێت. ئێستا با نموونەیەكی سادە بهێنینەوە. لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا كورد وەكو یەكەم هێزی كاریگەر توانیووێتی لەبەرامبەر هێزێكی تیرۆریستی وەكو داعشدا رابووەستێت و نەك هەر بەرگری لەخۆی بكات بەڵكو ناوەندی سیاسی جیهانییش دان بەو راستیەدا دەنێت، كە لەبەرامبەر داعشدا كورد بكەری یەكەمە. بەڵام كاتێ دێتە سەر هەر بڕیارێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە داعش و بە چارنووسی ناوچەكە نەك دەوڵەتە شكستخواردووە بەزیووەكەی بەغدا لەبەرامبەر داعشدا بەڵكو شێخە خاوەن دەوڵەتەكانی كەنداویش دەنگی فەرمییان لەو كۆڕو كۆبوونەوانەدا دەبێت و پرسیان پێدەكرێت، كوردیش لە دەرەوەی بازنەكەیە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە كورد ئەو چەترە یاساییەی نیە كە چەتری دەوڵەتە. تاوەكو ئێستاش دەبێ ئەو هاریكارییانەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە رۆژئاواوە دێت، دەبێت بە رەزامەندی بەغدای بەزیوو لەبەردەمی داعشدا بگاتە كوردستان. هۆكارەكەش دیسان نەبوونی دەوڵەتی كوردیە.
راستە كورد سەرباری هەموو كێشەو كەموكورتیە ناوخۆییەكانی، سەرباری هەموو ئەو قەیرانانەی كە یەخەی گرتووەو بەشێكی درووستكراوی دەرەوەیەو بەشێكیشی كە زۆرەكەیەتی دەرئەنجامی ململانێی نامەشروعی ناوەوەیەو بەشێكی لە بێ ئەزموونی و نەشارەزاییەوەیەو بەشێكی زیاتریشی لە لاوازی هەست بە بەرپرسیارێتی كردن و خەریكبوون بە بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبیەوەیە. بەشێكی پەیوەندی بە رۆڵی نەرێنی گەنجی بێ ئەزموون و بێ پاشخانەوەیە كە لە بێبەرنامەیی حیزبی كوردی، یان بە مەبەست گەیەندراونەتە پێگەی لەوجۆرە كە هەڵەكانیان بەرهەمهێنی قەیرانی زیاترە، بەشێكیشی دەرهاوێشتەی ئەو مێژووە ناشیرینەی ململانێی نێوان ئەو نوخبە سیاسیەیە كە نیوسەدەیە لەسەر جەستەو رۆحی میللەت رق و كینەی خۆیان لە دژی یەكتر خاڵی دەكاتەوە. بەڵام بەهەموو ئەم گرفتانەشەوە، كورد ئێستا پێگەو جێگایەكی هەیە. دەبێ لەوە تێبگەین مێژوو رەوتی خۆی دەكات و ئەوەی ئێستا كورد پێیگەیشتووە بەرهەمی ئەو رەوتە سرووشتیەیە كە كۆمەڵگە لەپەرەسەندنی خۆیدا پێی دەگات. لەم رووەوە دەبێ دڵنیابین ئەگەر كورد خۆی بیەوێت هەموو ئەو قەیرانانە تێدەپەڕێنێت، بەڵام....
كەواتە دەبێ لەسەر  وشەی بەڵام رابووەستین و بزانین مەبەستامان لەو بەڵامە چیە. پێمباشە سەرنج بۆ ئەوە رابكێشم لە بارودۆخی شەڕی داعشدا دنیا ناچاربووە مامەڵەیەكی لەبەرچاو لەگەڵ كورددا بكات. راستە جیهانی بڕیاربەدەست دەزانێت كورد ئەو هێزەیە لەسەر زەمینەی واقیع لە شەڕیی تیرۆریستانی داعشدا ئامادەبوونی لەبەرچاوی هەیە، بۆیە بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەكات. بە جۆرێك دەبینین هەولێر لە رووی جوڵەی دیپلۆماسیەوە لە هەموو پایتەختەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەردەكەوێت و زیاترین سەردان و كۆبوونەوەی سەرۆك و وەزیرو دیپلۆمات و بەرپرسانی جیهان رەنگە لەم دوو ساڵەدا لەم شارەی ئێمە و لەگەڵ بەرپرسانی كورددا كرابێت. ئەمەش سەنگ و قورسایی كورد دەسەلمێنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن كورد خۆی سوود لەم بایەخدان و بە ناچاری رووكردنی دنیای بڕیار بەدەستە بۆ هەولێر لە سوودو بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی بەكاردەهێنێت.
رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین سەرباری خراپی باری بابەتی سەبارەت بە كورد، بەڵاك كێشەی گەوهەری ئێمە بە درێژایی مێژوو زیاتر هەڵقوڵاوی باری خۆی یان ناوخۆیی خۆمان بووە. ئەوەش وایلێكردووین نەتوانین سوود لەو كاتانە وەربگرین كە باری بابەتی لەبارو گونجاو بووە. واتە ئێمە خۆمان لە رابردوودا نەمانتوانیووە سوود لەو هەلانە وەربگرین كە رەخساون و ئەگەر كورد یەك دەگەن و یەك بڕیارو یەكبوو و یەكگرتوو بوایە لە رابردوودا، دەیتوانی سوود لە زۆر هەل وەربگرێت و هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی و پێكهێنانی دەوڵەت بنێت، كە ئەوەش تاكە دەروازەیە كورد لێیەوە بێتە ناو مێژووەوە. ئێستاش لەم بارودۆخەدا كە كوردستان بە گشتی و باشوور بە تایبەتی بووەتە جێگای سەرنجی دنیا و نەبەزینی پێشمەرگەو خۆڕاگرییان لەبەرامبەر تیرۆریستانداو نەبوونی هەڵوێستی دیاری رەیسیزمانە لە لایەن جەماوەری كوردستانەوە بەرامبەر بەو لێشاوی ئاوارانەی كە سەربە دەوڵەتە داگیركەرەو وێرانكەرەكانی كوردستانن، دەرگایەكی فراوانی لەبەردەم كورددا كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی جیدی و چارەنووسسازانە بەرەو ئایندەی خۆی هەڵبنێت، بەڵام وەك دەبینین تاوەكو ئێستا زەمینەی ناوخۆ لەسەر ئاستی بڕیارو شێوەی كاركردنی نوخبەی سیاسی و حیزبی وەكو پێویست نیە. ئێمە دەزانین جەماوەر لە زۆر رووەوە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات و ئەگەر سەركردایەتیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیش هەبێت بە ئاراستەی ئامانجی باڵا كە سەربەخۆیی و پێكهێنانی دەوڵەتی كوردییە، رابەرایەتی بكات ئەوا گومانی تێدا نیە جەماوەر لێبڕاوانە دوای ئەو ئامانجە دەكەوێت. ئێمە گرفت یان قەیرانی لاوازی عەقڵێكی سیاسیمان هەیە كە بتوانێت سوود لەو هەلومەرجە بابەتیە وەربگرێت كە ئێستا هاتووەتە پێش كە گەوهەرەكەی ئەمەیە. یەكەم كورد لە باشترین باری ئامادەبووندایە لە روانگەی ئەوانی دەرەوەی كوردەوە. مامەڵەی جیهانی دەرەوە لە گەڵ كورددا راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت. دووەم حكومەتی ناوەندی عێراق لە خراپترین باریدایە چ لە رووی سیاسی و ئیداری و ئابوورییەوە چی لە رووی پێگەی نێودەوڵەتیەوە. بارودۆخی سیاسی و ئابووری و مەسەلەی دیموكراسی و ئازادیش لەو دەوڵەتانەدا كە هەریەكەیان بەشێك لە كوردستانیان داگیركردووە خراپەو بە ئاراستەی خراپتریش دەڕوات، كورد دەتوانێت سوود لەو خاڵە لاوازەی داگیركەرانی كوردستان بە عەرەب و تورك و فارسەوە وەربگرێت و لە جیاتی گۆرانی گوتن و خەونبینین بە بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشقەوە، پێویستە بە واقیعیانە یەكێتی و یەكبوونی كورد لە سەر جوگرافیای كوردستان درووست بكات. بۆ ئەوەی كورد سوود لەم بارودۆخە وەربگرێت دەبێ عەقڵی تەسكی حیزبی بەلاوەبنرێت و بچووكی و پاشكۆیی بۆ داگیركەرانی كوردستان رەتبكرێتەوەو لەبری ئەوە هەوڵی درووستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ بدرێت لەگەڵ بەغداو تاران و ئەنقەرەدا. هەر حیزب و تاكێكی كورد پەیوەندی خۆی و دلسۆزی خۆی بۆ عەرەب و تورك فارس پێش كارو دڵسۆزی خۆی بۆ كورد و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی بخات، دەبێ بزانێت مێژوو رەحمی پێناكات و كاتێ كورد دێـتە ناو مێژووەوە ئەو فڕێدەدرێتە سەرەنوێلكی مێژووەوە. 
جێگای خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەو بارودۆخە نادرووستە بكەین كە پەروەردەی شكستخواردووی حیزبی لە كوردستاندا بەرهەمیهێناوە كە ئەویش دەتوانین لە بری پەروەردەی حیزبی بە بەرنامەی حیزب بۆ گەوجاندنی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە بیدەینە قەڵەم كە بریتیە لە بێبەهاسەیركردنی نەتەوەو نیشتیمان لە پەروەردەی حیزبیدا، كە دەرئەنجامی ئەوەش بریتیە لە رووخاندنی بڕواو متمانەی زۆرینەی كادیران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە سەربەخۆیی و بە درووستكردنی دەوڵەتی كوردی. بێگومان ئەمەش دوو سەرچاوەی هەیە. یەكەمیان یان ئەوەیە كە ئەم جۆرە حیزبانەی كە ئەم جۆرە پەروەردەیە دەكەن لە بنەڕەتدا بڕوایان بە سەربەخۆیی كوردستان و درووستبوونی دەوڵەتی كوردی نیە. واتە ئەمانە حیزبی بێ ستراتیژو بێ بەرنامەی نەتەوەین. هەرئەوەش وایكردوو كە ئەو حیزب و دەستەو گروپانەی دەكەونە ژێرناوی ئەم كاتیگۆرییەوە لە خراپترین كێشەی ناوخۆدان و بەردەوام لە شپرزەیی و هەڵچووندا بن و ئاراستەی ئیشكردنیان نادیارەو پەرت و بڵاون و تەنانەت توانای هیچ جۆرە بڕیاردانێكی ئەوتۆیان نیە و هەر دەستەو گروپ و تەنانەت هەر چەند بەرپرسێكیان هەریەكە ئاوازێك دەژەنێت. ئەوەش وایكردووە كە جۆرێك لە ونبوون و سەرلێشێواوی لە ناو ئەندام و لایەنگرانی ئەو جۆرە حیزباندا درووست ببێت كە ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر جەماوەر درووست دەكات. ئێستا كورد لە قۆناغێكدایە بە بۆچوونی هیگڵی رۆحی گشتی كۆمەڵگە بەرەو بڵندبوون و گەیشتن بە ئاستی دەوڵەت دەچێت، كاتێك حیزبێك بەرنامەی دەوڵەتی نەبێت، مانای وایە رۆحی گشتی بڵندبوو دووچاری سەركوتكردن و جۆرێك لە لادان دەكات. ئەو پشێوی و ململانێیانەی كە لە نێو حیزبی كوردیدا هەیەو بە ئاشكراش ململانێی فیكری و ئایدیۆلۆجی نیە، ئەوە دەرئەنجامی سەركوتكردن و لادانی رۆحی گشتی كۆمەڵگە یان بەلایەنی كەمەوە لادانی رۆحی گشتی ئەندام و جەماوەری حیزبە. 
دووەم یان ئەم حیزبانە خاوەنی بڕیاری خۆیان نین و پەیوەست و وابەستەی داگیركەرانی كوردستانن لە عەرەب و تورك و فارس، كە ئەویش لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی و تاكەكەسیدایە، نەك بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی. لە هەردووبارەكەشدا نوخبەی سیاسی و حیزبی بەرپرسیارە چی لە گەوجاندنی جەماوەرو گەیاندنی بەو ئاستەی كە بڕوای بەسەربەخۆیی و دەوڵەت لەق بێت. یان ئەوەی كە رووبەرێك لە بەرپرس و كادیری باڵاو مامناوەندی حیزبی كوردی راستەخۆو ناڕاستەخۆ شێوەی قسەكردن و دەربڕینەكانیان بە تایبەتی زۆرێك لەوانەی دەنگیان دەگاتە كەناڵە جۆراوجۆرەكانی راگەیاندن، رووتكراوەو بەتاڵكراوە بێت لە سادەترین توخم و رەگەزی نەتەوەیی و نیشتیمانی. بەڵێ ئەوە نوخبەی سەرەوەی سیاسی كوردیە كە ئەو جۆرە پەروەردە حیزبیەیان داهێناوەو خستوویانەتە شوێنی پەروەردەكردنی نەتەوەییانەو نیشتیمانیانەی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری حیزبەكانیان. ئەمەش لە ئاگاییەوە بێت یان نائاگایی دەبێتە خزمەت بە بەرژەوەندی داگیركەرانی كوردستان و كاریگەری نەرێنیشی لەسەر ئایندەی نەتەوەو نیشتیمان دەبێت. 
بێگومان ئێستا بارودۆخی بابەتی لەباشترین باریدایە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری سەربەخۆیی و پێكهێنانی دەوڵەتی خۆی بدات لە باشووری كوردستاندا. ئەوەش پێش هەموو شتێك دەبێ هەوڵبدرێت زەمینەسازی ناوخۆیی بۆ بكرێت كە بریتەیە لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ چ كێشە سیاسیەكان و چ كێشە ئابووری و داراییەكان. بەجۆرێك كە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ ببێتە دەروازەی زەمینەسازی بۆ یەكێتی و یەكبوونی ناوخۆ كە مەرجی یەكەمین و پێویستە بۆ ئەوەی كورد وەكو یەكەیەكی یەكگرتوو بڕیاری چارەنووسسازانەی خۆی بدات. كاتێك ئەمەش پێكدێت رێگای یەكەمین بۆ بڕیاردانێكی لەم جۆرە گفتوگۆی هێمن و بابەتیانەو شارستانیانەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی تا بتوانرێت بە ئاشتی و بەرێكەوتن كوردستان لە عێراقی عەرەبی جیابكرێتەوە كە ئەوەش لەبەرژەوەندی ئێستاو ئایندەی هەردوولادەبێت. بێگومان كورد لێرەوە لەم دەروازەوەو تەنیا لەم دەروازەوە دێتە ناو مێژووەوەو بەشداری بنیادنانی شارستانێتی مرۆڤایەتی دەكات وەكو بوویەكی خاوەن شووناس و ئامادە لە ریزی ئەو نەتەوانەدا كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن. وەكو گوتمان بارودۆخی بابەتی لەبارە، ئەگەر دەمانەوێت بێینە ناو مێژووەوەو چیتر لە پەراوێزدا نەمێنینەوە پێویستە زەمینە بۆ بڕیاردانی سەربەخۆیی ئامادەبكەین، ئەویش بەوە دەبێت كە لە پێناوی یەكێتی و یەكبوونی هەموو نەتەوەدا هەموو كۆسپ و بەربەستەكان بڕوخێندرێن. بەرپرسیارێتی یەكەمیش لە روخاندنی بەربەستەكان و زەمینەخۆشكردن بۆ ئەو یەكێتی و یەكبوونە كە زەمانەتی بڕیاردانی سەربەخۆیی و پاراستنی ئەنجامی بڕیارەكەش دەكات پارتی دیموكراتی كوردستانە. بۆیە پێویستە پارتی لە پێناوی رێكخستنی ماڵی كورددا هیچ هەنگاوێك بە تەنازول نەزانێت و پێویستە بە جۆرێك كاربكات كە نەشیاو (مستحیل) بكات بە شیاو( ممكن). چونكە نەتەوە دەكەوێتە سەرووی هەموو حیزبەكانەوە بە پارتیشەوە، كەواتە هەموو حیزبەكان ئامرازن لە پێناوی ئامانجی باڵای نەتەوەدا، كەواتە ئەگەر بەراست بڕوامان بەم بۆچوونە هەبێت دەبێ خواستی تەسكی حیزبی بكوژین هەتا ئامانجی باڵایی نەتەوەیی لە دایك بێت و گەشە بكات و بژی.        
         


03/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر