كورد بێ په‌یام، هه‌راوهوریای بێ ئامانج!
عەتا قەرەداخی
ئێمه‌ی كورد دیار نیه له چ مێژوویهكدا نیشته‌جێ بووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه كوردی كۆچه‌ری تا مێژوویه‌كی دره‌نگ له گه‌رمیان و كوێستاندا بووه. ئه‌مه‌ش یه‌كێك بووه له دواكه‌وتنی عیمران له مێژووی كۆمه‌ڵناسی كوردیدا، چونكه عیمران به‌رهه‌می نیشته‌جێبوونه. نیشتجێبوونیش زه‌مینه‌ی پێویست و یه‌كه‌مینه بۆ بنیادنانی شارستانێتی. به‌هه‌رحاڵ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه كوردستان كۆنترین جێگایه تیایدا مرۆڤــــ ده‌ستیكردووه به كشتوكاڵ به‌ڵام به‌و پێیه له رووی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه نه‌ك هه‌ر دواكه‌وتووه به‌ڵكو تاكو ئێستاش له دواوه‌یه. ره‌نگه بپرسین بۆ؟ به‌ڵام دیسان وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش پێویستی به توێژینه‌وه‌ی ورد هه‌یه. دواتر كورد له قۆناغی كۆچهرێتیهوه به‌ره‌و نیشته‌جیبوون چووه‌و توانیوومانه گوند درووست بكه‌ین و تیایدا نیشته‌جێ بین. سه‌رچاوه‌ی ژیان له‌و قۆناغه‌دا كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری بووه. پاشان شارۆچكه‌و شارمان درووست كردووه، ئه‌گه‌ر له رووی كۆمه‌ڵناسیه‌وه بتوانرێت شووناسی شار بدرێت به‌وه‌ی ئێمه به‌ناوی شاره‌وه هه‌مانه. كه نیشتهجیبووین دواتر له درێژه‌ی مێژووماندا خانوو،ئاتهشگهو، په‌رستگاو دواتریش بیناو شه‌قام و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و مزگه‌وت و ئاپارتمان و باخچه‌و یاریگه‌و پرد‌و مه‌له‌وانگه‌و تونێل و بهنداویشمان درووست كردووه ، كارگه‌و پاڵاوگه‌ی نه‌وتمان بنیادناوه... زۆرێك له پێداویستیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و پێداویستیه‌كانی ژیانمان درووستكردووه‌و ئێستا زۆر بنه‌مای مادیمان هه‌یه... به‌ڵام ئێمه قه‌یرانێكی سه‌خت و خنكێنهرمان هه‌یه ئه‌ویش قه‌یرانی په‌یامه، په‌یامی ئایینی ، په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یامی نه‌ته‌وایه‌تی و په‌یامی كوردایه‌تی، به‌ڵێ ئێمه گه‌لێكی بێ په‌یامین، شتێك نیه یه‌كمان بخات. ئێمه خاوه‌نی كتێب یان په‌یامێكی پیرۆز نین كه هه‌موومان كۆبكاته‌وه. جوله‌كه خاوه‌نی كتێبی پیرۆزی ته‌وراتن و ئه‌وه‌ش بووه‌ته بنه‌مای یه‌كێتی و یه‌كبوونیان، مه‌سیحیه‌كان خاوه‌نی ئینجیلن، عه‌ره‌به‌كان خاوه‌نی قورئانن و هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی عاقڵیان بكات و یه‌كیان پێبگرێت. ئێرانیه‌كان یان فارسه‌كان خاوه‌نی په‌یامی تهشهیوعن كه بووه‌ته گه‌وهه‌ری یه‌كێتی و یه‌كبوونیان، توركه‌كان خاوه‌نی په‌یامی توركێتی و رۆحی ئهتاتوركن.
ئه‌ی ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی چین؟ بێگومان ئێمه خاوه‌نی هیچ په‌یامێك نین. زهردهشتیهتمان لهبیركردوو به ئاگرپه‌رستی ده‌زانین. ئێزیدی به شه‌یتان په‌رستی ناوده‌به‌ین و ئایینی یارسان به پهراوێزو لادان ناوزه‌ن ده‌كه‌ین. ئه‌و سه‌ركردانه‌ی سوپای فه‌تح كه به ده‌ستی باپیرانی ئێمه كوژراون، ئه‌وان شه‌هیدن و ئێستاكراون به شه‌خس و ئێمه بۆ نزا ده‌چینه سه‌ریان، ئه‌و باپیرانهشمان كه به‌ده‌ستی ئه‌وان كوژراون ئێستا به كۆڕه‌كانیان ده‌گوترێت گۆڕه جوله‌كه‌و نه‌فره‌تیان لێده‌كرێت. با لێره‌وه سه‌یری خۆمان بكه‌ین... ئایا ده‌بێ میلله‌تێكی تر هه‌بێت ئه‌ویتر بپهرستێـت و سوكایه‌تی به باپیره‌ی خۆی بكات؟ په‌یامی ئیسلامیش كه له رێگای فه‌تحه‌وه گه‌یشتووه‌ته كوردستان و ئێمه‌ی كورد كردومانه به ئایینی خۆمان، به‌ڵام درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و له‌راستیدا ئیسلام بۆ كورد نه‌بووه‌ته بنه‌مای یه‌كێتی و یه‌كبوون، ئێمه ته‌نیا لایه‌نی موجه‌ره‌دی په‌رستنمان له ئیسلام وه‌رگرتووه‌و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به توحیدهوه هه‌یه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به دنیاوه هه‌یه پشتمان تێكردووه، ئێمه ته‌سه‌وفمان بۆ ململانێ و لێدانی یه‌كتری به‌كارهێناوه، كه‌واته ئێمه له‌گه‌ڵ بنه‌مای ئیسلام بۆ توحید راستگۆنهبووین و به‌و پێیه درۆمان له‌گه‌ڵ بنه‌مای ئیسلام كردووه، به تایبه‌تی ئه‌و به‌شه‌ی كه به‌شه گرنگهكهیهتی بۆ كورد‌و باسی توحید و كاری دنیایی و ده‌وڵه‌تداری ده‌كات. ئێمه ماركسیزم نه‌یتوانی بمانكاته یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌كێتی بۆ به‌رهه‌م نه‌هێناین. خێل و عه‌شیره‌ت یان په‌یوه‌ندییه‌كانی خوێن و ده‌مار فیدراسیۆنی بۆ درووست نه‌كردین، ده‌وڵتی خێڵایه‌تی كوردی پێكنه‌هات و یه‌كگرتن و یه‌كێتی بۆ درووست نه‌كردین به‌ڵكو خوێنی چڕ و و ده‌ماری گرژ زیاتر كردینی به‌گژ یهكترداو پهرتیكردین. حیزب كه ده‌بوو بمانكاته یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، ئه‌ویش هۆكاری دابه‌شبوون و په‌رتبوونه بۆمان. ئێمه له رابردووه‌وه تاكو ئێستا نه‌بووین به خاوه‌نی پرۆژه‌ی رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی و نه‌مانتوانی له‌و ده‌روازه‌شه‌وه خۆمان درووست بكه‌ینه‌وه‌و له پاشكۆیه‌تی عه‌ره‌ب و تورك و فارس رزگامان بێت و چیتر له شێوه‌ی خزمهتكارو به‌رده‌ست و پاشكۆ و ته‌نانه‌ت كلك و جاشی هه‌مه‌چه‌شنی ئه‌واندا نه‌مێنینه‌وه. ئێمه له ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌واندا سه‌رۆك كۆماربین یان سه‌رۆك وه‌زیر ، وه‌زیر بین یان ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ر به‌رده‌ست و خزمهتكارو بچوك و پاشكۆو په‌راوێزین و هیچ ده‌سه‌ڵات و بوونێكمان نیه چونكه بوونی ئێمه له ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌واندا بوونی كوردیی نیه به‌ڵكو بوونی خزمهتكارانهیه بۆ ئه‌وانی عه‌ره‌بی توركی فارسی.
به‌ڵێ ئێمه شتێكمان نیه ناوی په‌یامی یه‌كگرتن و یه‌كبوونی كورد بێت، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه ئێمه تا ئێستا نه‌بووین به‌خۆمان، دیاره ناشبین به‌وان تر، به‌ڵكو تاكو ئێستا هی ئه‌وانی ترین، ئه‌وه‌ش بێگومان په‌یوه‌ندی به كه‌موكورتی له بوونی كه‌سێتی كوردیدا هه‌یه. تاكو ئێستاش كه حیزب و رێكخراو و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و نوخبه‌ی سیاسی و حیزبی كوردی خه‌ریكی چه‌له‌حانێی بێ مانان. ئێمه له چوارچێوه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌دا ده‌جوڵێین: هه‌راو هوریای بێ ئامانج: Much Ado About Nothing ، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه هیچ په‌یامێكیان نیه. كه‌واته تاكو ئێستا هیچ هێزو رێكخستن و هۆكارێك بۆ یه‌كخستنی كورد درووست نه‌بووه. راست و درووست بڵێین بۆ ئه‌مه‌و دواش نه حیزب، نه ئایین، نه رۆشنبیر نه نوخبه‌ی سیاسی نه په‌رله‌مانی ئێستا‌و نه حكومه‌تی ئێستا هیچیان ناتوانن هۆی یه‌كخستنی كورد بن، به‌ڵكو یه‌ك ده‌روازه هه‌یه كه كورد بكات به یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو واته كورد بكات به نه‌ته‌وه ئه‌ویش ده‌وڵه‌ته. بۆیه ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌مانه‌وێت ببینه یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خۆمان بپارێزین ته‌نیا یه‌ك رێگامان له‌به‌رده‌ستدایه ئه‌ویش درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیه. ده‌شێ بڕیاردانی ده‌وڵه‌ت سه‌ركێشی بێت، ده‌شێ مه‌ترسیدار بێت، ده‌شێ رووبه‌ڕووی كێشه‌مان بكاته‌وه‌و بێگومان پاراستن و قوربانیدانیشی ده‌وێت، به‌ڵام تاكه رێگای رزگاربوونی ئێمه‌یه له مه‌ترسی له ناوچوون، تاكه رێگایه بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له قۆناغی ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه بگوازینه‌وه بۆ ناو مێژوو، له قۆناغی پاشكۆبوون و بچووكی عه‌ره‌ب و تورك فارسه‌وه بگوازینه‌وه بۆ قۆناغی له‌سه‌رپێی خۆراوهستان. میكانیزمی درووستكردنه‌كه‌ی هه‌رچۆن بێت گرنگ نیه، ده‌بێ بڕوا به‌م چه‌مكی میكاڤیلیانه بهێنین: ئامانج پاساوی ئامراز ده‌كات. واته ته‌نیا په‌یامی ده‌وڵه‌ت كورد ده‌كاته یه‌ك و ده‌یپارێزێت، ئیتر ئه‌و ده‌وڵه‌ته كێ درووستی ده‌كات و چۆن درووست ده‌بێت و چۆن ده‌بێت هیچ گرنگ نیه. گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی كوردی درووست بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش درووستی بكات، له لوتكه‌ی دیكتاتۆریهتیشدا بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه درووستببێت. با خۆمان به‌و بۆچوونه پوچ و ساویلكانهو تووتی ئاسایانه فریوو نه‌ده‌ین كه ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر نه‌توانین ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی درووست بكه‌ین ئه‌وا نه‌بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته باشتره له بوونی. حه‌قه جه‌ماوه‌ر فریوو نه‌ده‌یه‌ن چونكه له‌و نزیكه‌ی 206 ده‌وڵه‌ته‌ی كه ئێستا له جیهاندا هه‌ن تاكه یه‌ك ده‌وڵه‌تیان به دیموكراتی له دایك نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌وانه‌یان كه دیموكراسین دوای درووستبوونیان و به ماوه‌ی درێژخایه‌ن، خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی كردوونی به دیموكراسی نه‌ك وتار‌و نووسین و قسه‌و گفتوگۆ‌و ئامۆژگاری رۆشنبیران و بیرمه‌ندان و ئه‌و سیاسی و حیزبیانه‌ی كه تا سهرئێسقانیان بارگاویه به تاوان و خوێنڕشتن و دزی و گه‌نده‌ڵی و موماره‌سه‌ی دژ به مرۆڤــ، كه‌چی زۆر رووقایمانه باسی درووستكردنی ده‌وڵه‌تی دیموكراتی ده‌كه‌ن . ئه‌وانه كه له‌به‌رپرسیارێتی حیزبهكانیاندان به‌س كه‌سانی بچووك وملكه‌چ له ده‌وری خۆیان كۆدهكهنهوهوئهوانهی خاوه‌ن راوبۆچوونن له‌ناو حیزبهكانیاندا په‌راوێزیان ده‌خه‌ن كه‌چی باسی درووستكردنی ده‌وڵه‌تی دیموكراتی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌ڵقه‌یه‌كی تری گه‌وجاندنی میلله‌ت نیه ئه‌ی چیه؟ـ . . له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت كورد هه‌رچی بكات و هه‌رچی بڵێت بێجگه له قسه‌ی بێ مانا و بێجگه له به‌فیڕۆدانی توانا‌و وزه‌و خوێنی لاوانی كورد هیچی تر نیه. كه‌واته په‌یامی كوردی ته‌نیا له درووستكردنی ده‌وڵه‌تدا به‌رهه‌م دێت. هه‌موو ئه‌وه‌شی كه كورد هه‌یه‌تی به خودی خۆی و به زمان و شووناس و كه‌لتوورو وڵاته‌كه‌شیه‌وه ته‌نیا و به‌س ته‌نیا به درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌پارێزرێت، كه درووستكردنی ده‌وڵه‌تیش ته‌نیا به په‌یامی كوردایه‌تی و له بنیادنانی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردی خاوه‌ن شووناسدا ده‌بێت نه‌ك چه‌له‌حانێ و گوتار‌و قسه‌ی پوچ و بێ گه‌وهه‌ری ئێستای حیزب و نوخبه‌و رۆشنبیری كوردی. واته ئه‌گه‌ر كورد ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌و بێته ناو مێژووه‌وه ده‌بێ ببێته خاوه‌نی په‌یامی ده‌وڵه‌ت كه ئه‌ویش به بنیادنانی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌گاته ئه‌نجام. كورد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێویستی به ده‌وڵه‌تێكه به‌هێزی یاسا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، به درووستكردنی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ زه‌مینه‌ی ئه‌و یه‌كێتی و یه‌كبوونه پێكبێت، نه‌ك به عه‌قڵی به‌سه‌رچووی حیزب و نوخبه‌ی سیاسی ئێستای كوردستان كه ئاشكرایه كۆی حیزبه‌كان جێگره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌تن، نوخبه‌ی سیاسیش سه‌رۆك خێل و عه‌شیره‌ت و پیاوماقوڵانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ن. هه‌رچه‌نده كاتێ نوخبه‌ی سیاسی كوردی به‌راورد بكه‌ین به سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كانی پێشتری كورد هه‌ست ده‌كرێت ناهه‌قی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كاندا ده‌كرێت چونكه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌وان هه‌ندێ پێوانه‌و بنه‌مای جێگیری كارپێكردن و مامه‌ڵه‌و ره‌فتاریان هه‌بوو به‌ڵام حیزب و نوخبه‌ی سیاسی ئێستای كوردستان هیچ به‌هاو بنه‌مایه‌كی جێگیری كارپێكردنی نیه بێجگه له به‌رژه‌وه‌ندیه ته‌سكه‌كانی خۆی و رازیكردنی ئاغا عه‌ره‌ب و تورك و فارسه‌كانیان.
09/05/2017
وتارەکانی تری نوسەر