نامەیەكی كراوە بۆ بەرپرسی حیزبەكان: پەرلەمان لەمەش سوكتر دەكەن؟؟

عەتا قەرەداخی

بەشێكی زۆری ئێوە لە گەنجیتانەوە خەریكی كاری حیزبی بوون و لە سەنگەری بەرگریدا بوون و بە باش و بەخراپ ئەگەر لە رووكەشەوە سەیر بكەین لە پێناوی مافەكانی كورددا كۆششتان كردووە. بێگومان كەموكورتی و ناپاكیش هەبووەو شەڕی براكوژیش دیاردەیەكی باو بووە لە ماوەی نزیكەی شەست ساڵی رابردووداو لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی رابردووشدا سەرباری دەسەڵاتی خۆماڵی كوردی و فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ كە ئەوەش بە هەموو كەموكورتیەكانیەوە هەرگیز بەراورد ناكرێت بە دەسەڵاتی داگیركەرانی عەرەب و تورك و فارس، بەڵام وڵاتتان بە دەردێكی خراپ بردووەو لە رووی مەعنەویەوە زیاتر كەسێتی كوردیتان بەرەو شكست بردووەو لەبری رەخساندنی زەمینەی رێنیسانسی نەتەوەی و پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەت، مەسەلەی نەتەوایەتیتان تا ئەندازەیەكی زۆر ناشیرین كردووەو ئیرادەی مرۆڤی كوردتان روخاندووە. دیارە ئەوەش دەزانین كە لە ماوەی ئەم بیست و حەوت ساڵەدا چۆن سامانی كوردستان بە فیڕۆدراوەو چۆن گەندەڵی كەڵبەی لە جەستەی حكومەت گیركردووەو چۆن حیزب لە پێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆیدا دەستی خستووەتە بینەقاقای حكومەت و وەكو كەلاكێك لە جەستەی حكومەتی روانیووە كە قەلەرەشەكانی حیزب هەریەكەو بەجۆرێك لەو جەستەیە بخۆن كە لە ژیان و خوێنی شەهیدەكان و زەحمەتی جەماوەری زەحمەتكێش پێكهاتووە. ئاگاداری ئەوەشین كە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت چۆن بووە بە هۆی ئەوەی دامودەزگاكانی حكومەت و پەرلەمان بە كادیری لاوازو نەزان و بێ تواناو نەشارازا و نادڵسۆز و چاوچنۆك و پارەپەرست و تەنانەت كۆنە بەعسی و ئەنفالچی و ناپاك پڕبكرێتەوە. ئاگاداریشین كە چۆن دامەزراوەكانی خێڵ و عەشیرەت و و تیرەو تایەفەو تەریقەت و مەزهەب و تەنانەت ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەو نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێوەدا زیندوبوونەوەو پەرەیان سەند. ئاگاداریشین لە ئەنجامی بەرژەوەندیە حیزبی و كەسی و بنەماڵەییەكانتاندا چۆن هەرلایەكتان بوونەتە پاشكۆی یەكێك لە داگیركەركان و ئەوەش وایكردووە كوردستان ببێتە جێی تەراتێنی دەوڵەتانی دەوروبەر. من دەزانم كورد بە بێ دەوڵەت ناتوانێت پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكانیدا درووست بكات، بەڵام ئەگەر ئێوە یەكگرتوو بوونایەو وەكو نوێنەری نەتەوەیەك و یەك حكومەت مامەڵەتان بكردایە، ئەوا بارودۆخەكە بەوجۆرە نەدەبوو. بەهەرحاڵ ژماردنی كەموكورتیەكان بێ كۆتاییەو كە سەیری كاركردنی هەمووتان دەكەین خەریكە وامان لێبێت بڵێین كورد لە مێژوودا هەروەكو ئێوەی كردووە بۆیە وەكو گەوەرەتیرن پێكهاتەی بێ شوناس و بێ دەوڵەت ماوەتەوە. ئەمەوێ‌ تەنیا سەرنجتان بۆ ئەوە رابكێشم ئایا بەراستی ئێوە بڕواتان بە پەرلەمان هەیە؟ ئەگەر بڕواتان پێی هەیە بۆچی خۆتان بۆ ئەو دامەزراوەیە ناپاڵێون؟ بۆچی وەكو دامەزراوەیەك بۆ كۆكردنەوەی كەس و كارو دڵسۆزەكانتان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. تەنیا سەرنجێك لەو ناوانە بدەن كە لە هەڵبژاردنی پێشووی كوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق و كوردستاندا پاڵاوتوتانن و لە پەرلەمانی پێشووی عێراق و كوردستانیشادا بوون بە ئەندام.

لە هەڵبژاردنی یەكەمی كوردستاندا كە لە شاخەوە هاتبوون و بەواتا هەڵگری تەواوەتی عەقڵ و كەلتووری شاخ بوون و شارەزایتان تەنیا لە بەرێوەبردنی مەڵبەندو لق و تیپ و لقی پێشمەرگەو كەرت و ناوچەو مەفرەزەو پەلدا هەبوو، زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیەكانتان بۆ پەرلەمان پاڵاوت، كە حكومەتیش درووستبوو وەزارەت و پلە باڵاكانی حكومەتتان لە مەكتەبی سیاسی و تاكەتاكەی سەركردایەتی پێكهێنا. نوخبەیەك لە كەسی دیارو ناسراوی دۆست و لایەنگرانی حیزبەكانتان كرد بە ئەندام پەرلەمان. بۆ هەڵبژاردنی دووەم هێشتا لیستەكانی هەڵبژاردن قورسیەكیان هەبوو. لە هەڵبژاردنی 2009 دا، دەرگا بۆ بێژەرو رۆژنامەنووس و گەنجی بێتواناو كەم ئەزموون كرایەوە تا بگەنە پەرلەمان. لە هەلبژاردنی 2013دا ئەو دەرگایە زیاتر كرایەوەو بینیمان پەرلەمانی كوردستان چەند بێ شەخسیەت و لاواز بوو. بێ ئەزموونی و لاوازی و بەجاشبوونی بەشێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانیشمان لەبەغدا بینی. بەڵام گوناهباری یەكەم ئێوەی بەرپرسای حیزبەكانن كە ئەم نموونانەتان كردووە بە نوێنەر چ لە پەرلەمانی كوردستان و چ لە پەرلەمانی عێراق. ئێستاش لیستی پاڵێوراوەكان بڵاوكراوەتەوە.. كە مرۆڤ سەیری دەكات بێ ئومێد دەبێت و لەخۆی دەپرسێت ئایا بەراستی كۆمەڵگەی كوردی ئەوەندە وەجاخ كوێرو بێبەرهەمە. من وەكو رووی ئینسانی رێزم بۆ هەموو پاڵێوراوەكان هەیە و رەنگە زۆرینەیان مرۆڤی باش بن، بەڵام مەسەلەی نوێنەرایەتیكردنی خەڵك شتێكی ترەو پەیوەندی بە تواناو پێگەو كەسێتیەوە هەیە. ئایا ئەم ناوانە دەتوانن بەرپرسیارێتی نوێنەرایەتیكردنی دەزگای یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت بگرنە ئەستۆ؟ ئایا بۆچی لە ناو هەموو لیستەكانی كوردستاندا تاكە یەك ئەندام مەكتەب سیاسی حیزبێكی تێدا نیە؟ ئایا ئێوە بڕواتان بە پەرلەمان نیە بۆیە كادیرەكانی سەرەوەتانی بۆ ناپاڵێون؟ كەواتە بۆچی ئەم دەزگایە داناخەن و بۆ ئەوەی ئەو هەموو پارەیەش لە داهاتی گشتی بۆ دەزگایەك خەرج نەكرێت كە بەرپرسانی سەرەوەی حیزبەكانتان ئامادە نین كاری تێدا بكەن؟ بەراستی كە سەیری ناوی پاڵێوراوەكان دەكەیت لە ریزی ناوی ئەو خوێندكارانە دەچێت كە ساڵانە لە ناوەندی تۆماری وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ كولێژو پەیمانگاكان دەردەچێت. دەگەڕێیت بۆ ئەوەی منداڵەكەی خۆت یان برازاو خوشكەزاو منداڵی هاوڕێكەت بدۆزیتەوەو هەر ئەوانەشی لێدەناسیت.. ئەمانیش بەوجۆرە نەناسراون.. ئافەرین بۆ حیزبی كوردی، لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەمین زەكی بەگ و مەسعود محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوون و ئیبراهیم ئەحمەد و شێخ مارف یەرزنجی پاڵوراو بوون.. دوای حەفتا ساڵ سەیری نوێنەرەكانی كورد بكەن لە پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی كوردستان. ئەگەر واقیعی بین بە داخێكی زۆرەوە دەبێ دان بەوەدا بنێین كە مەجلیسە تەشریعیە كارتۆنیەكەی كە بەعس  بە ناوی ئەنجومەنی یاسادانانی ئۆتۆنۆمیەوە درووستی كردبوو لەم لیستانەی ئێستای حیزبە كوردیەكان بۆ پەرلەمان كوردستان بەهێزتر بوو.. عەلادین سەجادی و شاكیر فەتاح و چەندانی تر ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوون.. پێمبڵێن لەم پەرلەمانەی كە هێشتا بەردەوامە و لەم لیستانەی كە ئێستا پاڵێوراون لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان لە رووی ئینسانیەوە چەند عەلادین سەجادی و شاكیر فەتاحیان تێدایە؟ دیسان ئەوەش گوناهی نە ئەندام پەرلەمانەكانەو نە گوناهی پاڵێوراوەكانی ئێستایە، بەڵكو گوناهی كەسی یەكەمی حیزبەكان و مەكتەبی سیاسیەكانیانە. مەبەستی من لەم قسانە خوانەخواستە سوكایەتی كردن نیە بە هیچ ئەندام پەرلەمان و پاڵێوراوێك، بەڵكو مەبەستم لە تێڕوانینی هەڵەو ئاواژووی حیزبەكانی كوردستانە بۆ رۆڵی پەرلەمان كە ئەوان ئەم دامەزراوە بە سووك و بێ بەها سەیر دەكەن و تەنیا بۆ ناو دەیانەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی لە رێگای ئەم دامەزراوەوە بەشێك لە كادیرەكانیان دەوڵەمەند دەكەن چ بە ئەندام پەرلەمان و چ بە راوێژكار.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەم حیزبانەی كوردستان بڕوایان بە سیستێمی پەرلەمانی هەبوایە لە كوردستاندا، ئەوا باشترین كادیرەكانی پێشەوەی خۆیان و نوخبەیەك لە هەڵبژاردەی خاوەن لێهاتوویی بوارە جۆراوجۆرەكانیان دەناردە ناو پەرلەمان و پەرلەمانیان دەكرد بەو دامەزراوەی كە نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بكات، نەك پەرلەمان ببێت بە جێگای كەسانێكی بێ ئەزموون و نەشارەزا كە بڵندگۆی  بەرژەوەندی ئەو كەسانەبن كە پشتگیریانكردوون تا ببنە ئەندام پەرلەمان. بەڵێ‌ ئەندام پەرلەمانی لاواز و ئەڵقەلەگوێی حیزب، پەرلەمان دەكاتە  جێگای ململانێی نامەشروعی حیزبی و رەوایەتی بە كارە نادرووستەكانی حیزب دەدات. هەروەك ئەم شێوە كاركردنەو ئەم جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ پەرلەمان و هەڵبژاردن ئەوە دەردەخات كە بەرپرسانی سەرەوەی حیزبەكان دەزانن گەندەڵی و كارە نادرووست و ناجۆرەكانیان گەیاندونیەتیە ئاستێك كە متمانەی خەڵكیان دۆڕاندووەو ناوێرن خۆیان بپاڵێون چونكە زۆرینەیان دڵنیان كە بەشی ئەوە دەنگ ناهێنن بچنە پەرلەمان. دیارە هۆكارێكی تریش هەیە زۆرینەی بەرپرسان بە پلەی باڵا خانەنشین بوون هەرچەند زۆریشیان لەو پلەو پێگانەدا كاریان نەكردووە كە پێی خانەنشین بوون، بۆیە ئیتر پێویستیان بەوە نیە بە دوای ئەندام پەرلەمانێتیدا بڕۆن. سەرئەنجام بەم شێوە مامەڵەیەی كە كۆی حیزب و لایەنەكان لەگەڵ هەڵبژاردن و پاڵاوتنی نوێنەرەكانیاندا دەیكەن، دەردەكەوێت كە جار لە دوای جا پێگەی پەرلەمانی كوردستان بچوكترو نزمتر دەكرێتەوەو دەكرێتە دەزگایەك ئەگەر كەسێك شەرمی بەخۆی بێت لە رووی نەیەت خۆی بۆ بپاڵێوێت، یان ببێتە ئەندام پەرلەمان.  كەواتە بەرپرسی یەكەم لە سووككردنی پەرلەمان و گاڵتەكردن بە هەڵبژاردن كە بەردی بناغە دیموكراسیە، حیزبەكانی كوردستان و بەرپرسانی یەكەم و مەكتەب سیاسیەكانیانن. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوە لەمە سوكتر نەبێت و سوكایەتی بە دەنگدان و بە دەنگی خەڵك نەكرێت، باشتر وایە دەرگای ئەم دامەزراوە قوفڵ بدرێت و چیتر خەڵك بە كارێكەوە سەرقاڵ نەكرێت كە ناوی هەڵبژاردنە، چونكە پەرلەمانی لەم شێوەیە پێویستی بەوە نیە هەڵبژاردنی بۆ بكرێت.     


01/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر