مەرگی مرۆڤ لەوەرینی گەڵاکاندا..لە" ژەنەڕاڵی پاییز"ی محەمەد عومەر عوسمان دا

عەتا قەرەداخی

ئێمە پێشتر لە لێکۆڵینەوەیەکماندا سەبارەت بە شیعری نوێی کوردی گوتمان، محەمەد عومەر عوسمان ھەرچەندە شاعیریکی کەم بەرھەمە، بەڵام دەنگێکی دیارو خاوەن شووناسی تایبەت بە خۆیەتی لە جوگرافیای شیعری کوریدا. ھەروەک ئەزموونی ئەم شاعیرە ئەو بۆچونە ئاوەژوو دەکاتەوە کە نوێگەری پێویستی بە زمانی ئاڵۆزو بە تێکشکاندنی زمانە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم لە شێوازێکی تەقلیدیانەدا گرنگترین پرسیار و مەوداقوڵترین جیھانبینی بەرھەم دەھێنێت. جیھانبینیەک کە پەیوەستە بە بوون و ماھیەتی مرۆڤەوە لەم گەردوونەدا.

 
ھەروەک لەو باسەدا ئاماژەشمان بۆ ئە‌وە کردووە، کە محەمەد عومەر عوسمان میراتگری ئەو ئاراستە جیھانبینیەیە لە شیعری کوردیدا کە مەحوی ڕابەرایەتی کردووە، بەڵام جیاوازی نێوان ئەم شاعیرەی ئێستامان و ئەوی پێشوومان ئەوەیە کە یەکەمیان واتە مەحوی، بە شێوازی کلاسیک و بە زمانێکی ئاڵۆز ئەو جیھانبینیەی بەرھەم ھێناوە لە کاتێکدا محەمەد عومەر بە شیوازێکی بێگرێ و بە زمانێکی سادە، بەڵام بارگاویکراو بە ماناو دەلالاتی چڕو قوڵ ئەو جیھانبینیە بەرھەم دەھێنێت.
خاڵێکی تر کە مایەی لەسەر وەستانە سەبارەت بەم شاعیرە ئەوەیە، کە بەگشتی دەقەکانی دەقی زیندوون، ئەوەش وادەکات سەرباری کەمی بەرھەمەکانی ئامادەبوونی لە ڕووانگەی زیندوویی دەقەکانیەوە بکەوێتە پێشی ھەندێ شاعیری دیاری ئێمەوە کە ساڵانە بەرھەمی شیعری خۆیان چاپ و بڵاو دەکەنەوەو پاش تەمەنێکی دوورودرێژی نووسینیش ھێشتا ھەر بەردەوامن لە نووسین و بڵاوکرنەوە. بۆیە جێگای خۆیەتی بەو چاوە سەیری ئەم شاعیرە بکەین کە بە جوانی لە گەوھەرو ماھیەتی شیعرو داھێنان تێگەیشتووەو ئەوەش وای لێ کردووە کە بە بەرپرسیارێتیەوە سەیری شیعر بکات و لە شیعر بڕوانێت و شیعر بنووسێت.

 
ژەنەراڵی پاییز یەکێکە لە شیعرە دیارەکانی ئەم شاعیرە. لێرەدا ھەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی ئەم شیعرە بکەین بە لەبەر گرتنی میتۆدیڕەخنەی تەواوکاری کە ئێمە لە زۆبەی ئەو کارانەی لەسەر شیعر کردوومانە پەیڕەوی بنەماکانی ئەم رێبازە رەخنەییەمان کردووە، ئەویش لەسەر بنەمای بڕوا بوون بەو ڕاستیەی کە ئەم ڕێبازە بوار دەدات بە خوێندنەوەی ھەمەلایەنەی دەق.

ەگەر سەرنجی ناونیشانی ئەم شیعرە بدەین (ژەنەراڵی پاییز) ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ناونیشانە ناونیشانێکی نائاسایی یان نامەئلوفە لەو روانگەیەوە کە ژەنەراڵ پلەیەکی سەربازیی باڵایە، بەڵام لێرەدا بووەتە ناونیشانی شیعر. کەواتە دەبێ ئەو پاڵنەرە چی بێت کە وای لە شاعیر کردبێت ناونیشانێکی سەربازی بۆ شیعرێکی ناسک و ھەستیاری خۆی ھەڵبژێرێت؟ ئایا دەشێ وەھای لێک بدەینەوە کە شاعیر مەبەستی لە ھەڵبژاردنی ئەو ناونیشانە بڕوابوونی بێت بەوەی کە شیعرەکەی لە ئاستێکی ھێجگار بەرزدایە بە جۆرێک ئەگەر شیعری ئاسایی بە سەرباز بشوبھێنرێت ئەوا ئەم شیعرەی ئەم لە چاو سەربازدا لە ئاستی جەنەراڵدایە. ھەروەک لە لایەکی ترەوە ئەم شاعیرەی ئێمە وەھا خۆی پێشکەش کردووە کە شاعیری پاییزە، کەواتە دەشێ لەم شیعرەیدا ھەست بەوە بکات کە سەرۆک یان سەرکردەو ڕابەری ئەم وەرزەیە ئەمەش لە دوو ئاراستەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەمیان دەشێ لە ناخی خۆیدا ھەست بکات کە ھەرچۆن پاییز بە وەرزی خەم و ماتەمی و گەڵاڕێزان دادەنرێت ئەمیش لە خۆیدا ھەست بەوە بکات کە خەم و ماتەمی و گەڵاڕێزان زیاتر لەو ئاستەی کە پاییزیان داگیر کردووە، بوونی ئەمیان داگیر کردووە، ھەر بۆیە ھەست دەکات کە ئەم سەرکردەی ئەو پاییزەیە کە ئێمە بە شێوەیەکی سرووشتی دەیبینین.

 
دووەم ئەگەر لە ئاستی دەرەوەدا سەیری بکەین ئەوا بە ڕوانین و ھەستی خۆی بەرامبەر بە خۆی ھەر چۆن پاییز بە وەرزی کۆتایی و بەرەو مردن دادەنرێت ئەوا ئەمیش لە بوون و گەوھەری خۆیدا ھەست دەکات لە ھەمووان نزیکترە لە مردنەوە، بەوەش وەک شای پاییزی لێ دێت. بە مانایەکی تر، ناونیشانی جەنەراڵی پاییز مانای گەورەیی و باڵا بوونی ئەم کەسێتیە نیشان دەدات لە چاو پاییزدا، ئەمیش لەسەر بنەمای ئەو خاسێتە پایزیانەی کە ھەیەتی بە جۆرێک کە دەیگەیەننە ئاستێک خۆی لەسەروی وەرزی پایزەوە ببینێت. ئەگەر لە ڕوویەکی ترەوە سەیری چەمکی پاییز بکەین، ئەوا دەزانین کە پاییز لە ڕوانینی خەڵکەوە ھاوشانە لەگەڵ چەمکی غوربەت و نامۆبووندا کە دوو چەمکی نزیک لە یەکن، بەڵام ھەریەکە ڕەھەندی فەلسەفی و کۆمەڵاَیەتی خۆی ھەیە کە بەگشتیش پەیوەستن بە بوونی مرۆڤەوە. بەواتا دەتوانین بڵێین غوربەت و نامۆبوون لەو ڕوانگەیەوە کە لەڕووی بەرھەم ھاتنەوە پەیوەندیان بە پاییزەوە ھەیە لە ھەمان کاتدا پەیوەستن بە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی مرۆڤەوە. بۆیە لە بارێکی وەھادا جۆرێک لە ھاوشێوەیی لە نێوان مرۆڤ و پاییزدا درووست دەبێت.

 


کاتێ شاعیر خۆی وەکو جەنەڕاڵی پاییز واتە سەروەرو سەرکردەی پاییز نیشان دەدات، ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت کە ئەو خۆی وەکو مرۆڤێکی باڵاتر دەبینێت لە چاو ئەوانی تردا کە دەشێ لە ناخی خۆیداو بەو ھەموو خەمە پاییزییەوە کە ھەڵیگرتووە ھەست بکات ئەم لەڕووی ھەستکردن و بەتەنگەوە ھاتنی مرۆڤایەتیەوە لە سەرووی ئەوانی ترەوەیە، ئەوەش وای لێ بکات کە ھەست بکات ئەم لەچاو مرۆڤەکانی تردا مرۆڤێکی باڵاترە. بەواتا دەتوانین بڵێین جەنەراڵی پاییز جەنەراڵی مرۆڤەکانیشە، بەڵام لەسەر بنەمای بوونی دەسەڵاتێکی زیاتر نا لە چاو ئەوانی تردا، بەڵکو لەسەر بنەمای ھەست بە ئینسانی کردنێکی زیاترو بەتەنگەوە ھاتنی زیاتر بۆ خۆدی مرۆڤ و بۆ کێشەو ئازارەکانی و بۆ چارەنووسی نادیارو ونی.
منم ژەنەراڵی پاییز..
منی ھەرگیز ئۆقرە نەدیو ژەنەراڵم..
ژەنەراڵی ھەزارەھا داری ڕووت و ملیارەھا گەڵای وەریو.
شاعیر لێرەدا خۆی دەناسێنێت و بێ ھیچ بەربەستێک شووناسی خۆی ئاشکرا دەکات و پێمان دەڵێت ئەوە منم و ھیچ ڕوویەکی شاراوەم نییە. من ژەنەراڵم بەڵام ژەنەراڵێکی سەربازی نێو مەیدانی جەنگ نا، بەڵکو ژەنەراڵی نێو جوگرافیای خەم وغوربەت و نامۆبوون. ژەنەراڵی ھەڵگرتنی ھەموو مەینەتییەکانی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەم ژەنەراڵە ھەمیشە لە بارێکی ناجێگیرو شلۆقدا دەژی ئەمەش دەری دەخات کە ژەنەراڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مرۆڤێکی ھەستیاری ئەوتۆیە کە ھەرگیز ئۆقرە ناگرێت. لێرەدا بۆمان دەرەکەوێت ئەو وەسفەی شاعیر بۆ کەسێتی ژەنەراڵ بریتییە لە وەسفکردنی کەسێکی نیگەران و گومانکەر لە ھەموو شتێ کە ئەوەش لە کەسێتی داھێنەردا بەرجەستە دەبێت. واتە ئەوەی کە شاعیر وەسفی دەکات کەسێتیەکە کە خەمی داھێنانی ھەیە نەک کەسێتیەکی سەربازی کە وەکو ھێمایەکی دەسەڵات جۆرێک لە یەقین و دڵنیایی ھەیە بەرامبەر بە شتەکان بە خودی ژیانیشەوە. ئەم وەسفی ژەنەراڵێتی خۆی لە بوونی دەسەڵاتدا ناکات، بە جۆرێکی ئەوتۆ کە پیادەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بکات، بەڵکو ئەم ژەنەراڵی ئەو وەرزەیە کە ھەزارەھا داری ڕووت و ملیۆنەھا گەڵای وەریو رەعیەتی ئەمن و ئەم لە بری ئەوەی کە لە ڕێگای پیادەکردنی دەسەڵاتەوە تووندوتیژی بەرامبەر بە رەعیەتەکەی بەکار بھێنێت. لەگەڵیاندا ئازار دەچێژێت و دەگری و فرمێسک دەڕێژێت، بە جۆرێک کە بۆمان دەردەکەوێت ئەم گەورەیی قەوارەی خەم و ئازارەکانی بۆ ڕووتبوونەوەی درەختەکان و بۆ وەرینی گەڵاکان پلەی ژەنەراڵێتیان پێبەخشیووە کە ئەمەش پەیوەستبوونی ڕۆحی و ئەخلاقی ئەم بەرامبەر بە ڕەعیەتەکەی دەردەخات و ژەنەراڵێکە جیاواز لە ھەموو ژەنەراڵەکانی ئەم سەر زەمینە. لە کاتێکدا ھەموو ژەنەراڵەکان بە شیوازێکی تووندوتیژیی سەربازانە ڕەفتار دەکەن و نەک بۆ وەرینی گەڵای دەرەختەکان و بۆ ڕووتبوونەوەیان خەم ناخۆن و فرمێسک ناڕێژن، بەڵکو پلەو پایەی خۆیشیان لە پیادەکردنی تووندوتیژی و سەرکوتکردنی رەعیتەکانیاندا بەدەست دەھێنن.


ئەوی شاعیر لە ئاشکراکردنی شووناسی ڕاستەقینەی خۆیدا بۆمان ئاشکرا دەکات، ئەم نەک بۆ مەرگی مرۆڤ و بۆ ئازارو مەینەتییەکانی ئازار دەچێژێت و خەم دەخوات، بەڵکو بە جۆرێک ھەستیارە کە ئازاری وەرینی گەڵای درەختەکان و ڕووتبوونەویان کاری لێ دەکات و خەمیان بۆ دەخوات. ھەر لێرەوە دەتوانین بڵێین لە کاتێکدا کە ئەم خۆی وەکو ژەنەراڵی پاییز پێشکەش دەکات، ئازارەکانی لە ئازارەکانی پاییز بۆ ئەو دیاردانە زیاترەو ھەر چۆن مرۆڤی ھەستیار بە دیار مەرگی مرۆڤایەتیەوە دەگری ئەمیش بە ھەمان شێوە بە دیار وەرینی گەڵاکانەوە دەگری و ئەوەش وای لێ دەکات کە خۆی بخاتە سەرووی پاییزەوە، لە کاتێکدا کە پاییز وەکو ھێمای خەم و نامۆیی دەناسرێت، ئەم خۆی لە سەرووی پاییزیشەوە دەبینێت لە خەم خواردندا، ھەر بۆیە وەکو ژەنەراڵی پاییز خۆی نمایش دەکات.
منم ژەنەراڵی پایز..
کاسکێتەکەی سەرم ھەورەو
ئەستێرەکانی سەر شانم
چەن گەڵایەک بە ڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزە بایەو
شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو
شاعیر وەکو ژەنەراڵێکی سەربازی وێنای خۆی دەکات و سەرجەم ئەو نیشانانەی کە لە ڕووکەشدا ژەنەراڵێکی سەربازی پێ دەناسرێنەوە بەرجەستە دەکات، بەڵام ھەموویان لەو ڕەگەزانەی سرووشت وەردەگرێت کە پەیوەستن بە پاییزەوە. گەڵای ڕەنگ زیوینی درەخت دەبێتە ئەستێرەکانی سەرشانی، کزەبای پاییز لەبەر دەکات و لقی درەخت دەکات بە شمشێر. ئێستا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە شاعیر بە جۆرێک پەیوەست و عەشقی پاییزە کە دەیەوێت لە ڕێگای بە ئامرازکردنی توخمەکانیەوە بەرجەستەی شووناسێک بۆ خۆی بکات و ببێتە ھاوشێوەی پاییز یان تەنانەت وەکو دەقەکە بەرجەستەی دەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز.
شاعیر لێرەدا وێنەی پاییزمان لە شێوەی مرۆڤێکدا بۆ وێنا دەکات یان بە ئاراستەیەکی پێچەوانە خۆی وەکو مرۆڤ لە شێوەی پاییزدا وێنا دەکات. لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت: ئایا بە ڕوانینی شاعیرو لە سنووری دەقەکەدا چ پەیوەندییەک لە نێوان مرۆڤ و پاییزدا ھەیە؟ ئایا دەشێ وەھای بۆ بچین کە ھەموو مرۆڤەکان ھاوشێوەی ئەو کەسێتیەی کە شیعرەکە وێنای دەکات سرووشتێکی پاییزیان ھەیەو لە لایەک ھەستیار بن و لەلایەکی تریشەوە ھاوشێوەی پاییز ڕەنگ زەردو خەمبارو لاوازبن و ھەمیشە وەکو گەڵای درەختەکانی پاییز لەبەردەم مەترسی وەریندا بن و لە ناخی خۆیشیاندا ھەست بەو مەترسیە بکەن کە ھەڕەشە لە ژیانیان دەکات؟ بێگومان ئەگەر لە ڕووکەشدا سەیر بکەین دەشێ وەھای ببینین کە بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان ئاسوودەبن و بە دەم ژیانەوە پێبکەنن و بە ھیوای گەیشتن بە سبەینێیەکی گەش گۆرانی بڵێن، سەرباری ئەوەش وەھا خۆیان نمایش بکەن کە بە دڵنیایی و یەقینێکی تەواوە بەرامبەر بە چارەنووسی خۆیان دەژین. بەڵام ئەوەی کە محەمەد عومەر عوسمان لەم دەقەدا بەرجەستەی دەکات ڕاستیەکی پەردە لەسەر نراوە کە مرۆڤ بوێری ئەوەی نییە بێپەردە وەکو ئەو وێنای بکات یان دەری ببڕێت. ئەو بە ڕوانینی ناسک و زۆر ھەستیاری خۆی چۆن شتەکان دەبینێت و چۆن لێیان تێدەگات بەو ڕاستگۆییەوە بەرجەستەیان دەکاتەوە. کە پێمان دەڵێت مرۆڤ ئەو ئەو ئەفریدە بووە بێ دەسەڵاتەیە کە نەک ناتوانێت پایز لە بوونی خۆیدا ڕەت بکاتەوەو ڕێگا لە ھەڵوەرینی خۆی بگرێت، بەڵکو ناتوانێت ھیچ گۆڕانکاریەک لە چارەنووسی خۆیدا بکات. بەڵکو ئەمی مرۆڤ بوویەکی قەدەرییەو لە شوێنێکی ترەوەو لە دەرەوەی خۆی بڕیاری بۆ دەدرێت، ھەر ئەمەش ھۆکاری سەرەکیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە گشتی لە بەردەم ڕەشبینی و چارەنووسێکی نادیاردا ڕابگرێت. ئەم وەکو شاعیر لەم ڕاستیە تێدەگات و دەزانێت شووناسی خۆی چیەو توانای چەندەو چی بۆ دەگۆڕێت و لە بەرامبەر چیشدا دەستەوسانە. ھەر بۆیە بە باشی لە گەوھەرو ماھیەتی خۆی تێدەگات و لە بری ئەوەی کە ھەر ڕێگایەکی شیاوی وەھمی ھەڵبژێرێت دێتە ناو قوڵایی ئەو ڕاستیەوە کە پەی پێ دەبات و دەیەوێت لەوێدا لەو جوگرافیایەدا بوونی خۆی بسەلمێنێت. ئەوەتا دەبێتە جەنەراڵی پاییزو ھەموو پێداویستی و ویستەکانی خۆی لە سنووری ئەو جوگرافیایەدا وەسف دەکات و ھەوڵ دەدات دابینیان بکات. لەو ئاقارەشدا سەرکەوتن بە دەست دێنێت و بەلایەنی کەمەوە دەبێتە ئەو شاعیرەی کە ھەڵگری جیھانبینیەکی پاییزیە بەو مانایەی کە پاییزی ڕەنگ زەردبوون و ھەڵوەرین چارەنووسێکە لە بەردەمی ھەموو مرۆڤایەتیدا و کەس ناتوانێت لێی یاخی بێت، ھەرچەندە زۆرینەی مرۆڤایەتی تا ئەو کاتەشی کە دەمرن دان بەو ڕاستیەدا نانێن، بەڵام محەمەد عومەر لە بوونی خۆیدا ئەو شاعیرەیە کە پێی وایە مرۆڤ خاوەنی خەمێکی ئەزەلیە، ئەو خەمەش لەگەڵ دەرکردنی ئادەم و حەوا لە بەھەشت و ھاتنیان بۆ سەر زەوی لە دایک بووەو تا ژیانیش بمێنێت ئەو خەمە بەردەوام دەبێت، ئەویش لە لایەک خەمی دۆڕاندنی بەھەشتە لە لایەکی تریشەوە خەمی نەگەیشتنەوەیە بەو بەھەشتە دوای ئەوەی کە مرۆڤ ھاتە سەر زەوی و پێوانەو بنەما دانرا بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی تر بچێتەوە بەھەشت. ھەروەک دەشێ بەشێکی ئەو خەمەش گومانکردن بێت لە چارەنووسی مرۆڤ لە دوای مردن بەوەی ئایا ژیانێکی تر ھەیە یان مرۆڤ یەک جار دەژی و ئیتر کۆتایی دێت.
ئەم شاعیرەی ئێمە بە باشی لەو خەمە ئەزەلیەی مرۆڤ تێدەگات و بە ھوشیاریشەوە سەیری دەکات و خۆیشی فریو نادات بۆ ئەوەی خۆی لێ بشارێتەوە. نەخێر، بەڵکو بە ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەمەدا دەکات و ھەوڵیش دەدات پایەیەک بێت لەو دنیایەدا کە ناوی دنیای پاییزو ھەڵوەرین و خەم ونیگەرانیە ئەوەش وای لێ دەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز.
منم ژەنەراڵی پایز ..
درەختی ڕووت ئەم نازناوەی خەڵات کردم
منیش نازناوی شەھیدم دا بە گەڵای ھەڵوەریو و
کردمە تاکە ئازیزم
لە یەک ساتا خۆم کۆرپەی گەڵاڕێزان و
ھەر خۆشم باوکی پاییزم
ئەوەی لە بارەی بەخشینی نازناوەوە بە تایبەتی نازناوی پەسەند کە لەسەر زەمینەی واقیع دەیبینین ئەوەیە، کە کەسانی خاوەن دەسەڵات و پلەو پایە ئەو نازناوانە دەبەخشن، بەڵام ئەم شاعیرەی ئێمە درەختی ڕووت نازناوی ژەنەراڵی پاییزی پێ دەبەخشێت. ئەمەش بارێکی جیاوازە لەکەڵ ئەوەی کە لە واقیعدا ھەیەو شاعیر لە بری ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بکات کە دەسەڵات و ھێماکانی دەسەڵات نازناوی پێ ببەخشن بە شانازییەوە لەوە دەدوێت کە درەختی ڕووت ئەو نازناوەی پێ بەخشیوەو وەکو خەڵاتیش باسی نازناوەکە دەکات، لە کاتێکدا خەڵات بە لای زۆرینەی خەڵکەوە بە داھێنەرانیشەوە بریتییە لە خەڵاتی ماددی، بەڵام لای ئەمی شاعیر خەڵات ئەو نازناوەیە کە ئەو درەختانەی کە پاییز ڕووتی کردوونەتەوەو گەڵاکانی لێ سەندوونەتەوە پێی دەبەخشن. لە ڕاستیشدا دەشێ تەنیا ئەو درەختانە مافی ئەوەیان ھەبێت کە نازناوی ژەنەراڵی پاییز ببەخشن کە ھەموو پاییزێک ئەمان لەو بەرگە سەوزە قەشەنگەی ھەیانە ڕووت دەکرێنەوەو بە ڕووتی دەخرێنە بەر سەرمای زستان و دەبێ بە خۆڕاگری و بێ ھیچ ناڕازیبوونێکیش بەرەوڕووی سەختی و ئاڵۆزی ئەو سەرمایە ببنەوە. ئێمە دەزانین مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمای وەرزی زستان بەرگی ئەستوور دەپۆشێت، بەڵام درەختەکان پێش ئەوەی وەرزی سەرما بێت، پاییز بەرگیان لێ دەسێنێتەوە کەواتە درەختە ڕووتەکان ئازاری سەخت دەچەژن بە دەست سەرمای زستانەوە، ھەرئەوەش ئەو ڕەوایەتیەیان دەداتێ کە بتوانن نازناوی ژەنەراڵی پاییز بە ئەمی شاعیر ببەخشن. لێرەدا درەختەکان سیفەتی مرۆڤیان پێبەخشراوە. ئێمە وەک دیاردەیەکی باو لە نێو ئەدەبی کوردی و جیھانیشدا ئەوە دەبینین، کە زۆربەی کات خاسێتی بە شتبوون بە مرۆڤ دەبەخشرێت ئەویش بۆ نیشاندانی ناکارایی و بێتوانای مرۆڤ. بەڵام لێرەدا درەختەکان خاسێتی مرۆڤیان پێ دەبەخشرێت. کەواتە ئەو پاڵنەرەی لە پشتی ئەم پرۆسێسەوەیە چییە؟ ئایا ئەم جوڵە ئاراستە پێچەوانەیە چ لێکدانەوەیەکی بۆ دەکرێت پەیوەست بە پایەو چارەنووسی مرۆڤ؟ ئایا بەخشینی سیفەتی مرۆڤ بە درەخت بەرزکردنەوەی درەخت بۆ ئاستی مرۆڤ نیشان دەدات یان بە پێچەوانەوە نزمبوونەوەو دابەزینی پایەو پێگەی مرۆڤ بۆ ئاستی درەخت نیشان دەدات؟ بێگومان لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جۆرێک لە ھاوشانی کردن لە نێوان درەخت و مرۆڤدا ھەیە ئەویش لەو ڕوانگەیەوە نا کە پایەو پێگەی مرۆڤ داببەزێنرێت بۆ ئاستێکی خوارتر، کە گوایە ئاستی درەخت یان ھەر ڕەگەزێکی تری نێو سرووشت بێت. بەڵکو ئەوەی لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا دەبینرێت ئەوەیە کە شاعیر نەک ھەر وەکو بوویەکی بە نرخ و گرنگ و پڕ بەھا سەیری مرۆڤ دەکات، بەڵکو درەخت و سەرجەم توخم و ڕەگەزەکانی تری ناو سرووشتیش بەگشتی بە گرنگ و پڕ بەھا دەزانێت و بە تایبەتیش توخم و ڕەگەزەکانی پاییزی زۆر لەلا پڕ بایەخ و گرنگە. ھەر ئەو روانینەشە وای لێ دەکات کە درەخت و توخمەکانی تری سرووشت و پاییز بە تایبەتی بھێنێتە ئاستی مرۆڤ. ئەوەش بەو مەبەستە نییە لە پلەو پایەی مرۆڤ کەم بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بەھای بەرزی مرۆڤ بە پاییزو سرووشت و ھەموو ئەو گەردوونە ببەخشێت کە بە بێ بوونی مرۆڤ ھیچ مانایەکیان نییە.
بە واتایەکی تر، دەتوانین بڵێین شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ئەگەر بە ڕاست دەمانەوێت بەھای ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ بگێڕینەوە، ئەوا دەبێ بەھاو ڕێز بەو زەمینەو سروشتە یان بەو ژینگەیە ببەخشین کە مرۆڤی تێدا دەژی بە ھەموو توخم و ڕەگەزەکانییەوە، کە بە ڕوانینی شاعیر گەوھەرو ماھیەتی سرووشت و سەرجەم ڕەگەزو توخمەکانی بە درەخت و ھەموو ئەوانی تریشەوە لە پاییزدا بە تەواوی دەردەکەوێت، چونکە لەم وەرزەدا نەک ھەر زۆرینەی درەختەکان، بەڵکو سرووشت بە گشتی ڕووت دەبێتەوەو دەچێتەوە سەر ئەسڵی خۆیی و ھەموو دەمامک و پەردەکان فڕێ دەدات. لە پشتی ئەم بۆچوونەشەوە ئەو تێڕوانینە بەرجەستە دەبێت کە ئەگەر مرۆڤەکانیش ھەموو وەکو درەختەکانی پاییز ھەموو دەمامک و ڕووپۆشەکانیان فڕێ بدایە، ئەوا گەوھەرو ماھیەتیان دەردەکەوت و ئەوساش دەشیا بە ڕاستی وەکو ئەوی جەنەراڵی پاییز خۆیان بناسیایەو بێ ترس و بێ ھیچ دوودڵیەک گوزارشتیان لە ڕووتی و بێ دەسەڵاتی و ناکارایی و چارەنووس نادیاری خۆیان بکردایە، ئەگەر بیانتوانیایە وەکو ئەوی شاعیر چارەنووسی ون و نادیاری مرۆڤایەتیان ببینیایەو لەوەش تێ بگەیشتنایە کە چۆن مرۆڤ ھەمیشە لەبەردەم مەترسی گەورەی لەناوچووندا ترس دایگرتووەو چۆنیش ناتوانێت ھیچ گۆڕانکارییەک لە چارەنووسی تەموومژاوی خۆیدا بکات.


لە کاتێکدا کە درەختی ڕووت نازناوی ژەنەراڵی پاییز بە ئەم دەبەخشێت، ئەمیش لە بەرامبەردا نازناوی شەھید دەبەخشێت بە گەڵای وەریوی درەختەکان. دیسان شاعیر سیفەتی مرۆڤ دەبەخشێت بە گەڵای درەختەکان, نەک سیفەتی مرۆڤی ئاسایش بەڵکو سیفەتی مرۆڤی باڵا واتە ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان لە ھەموو خاسێتێکی ئیگۆیزمی رووت دەکەنەوەو گیانی خۆیان دەبەخشن و شەھید دەبن. واتە شاعیر بەھایەکی ھێجگار گەورە بە گەڵای وەریوی درەختەکان دەبەخشێت کاتێ نازناوی شەھیدیان دەداتێ، ئەمە لە ئاستێکی تردا روانینی ئەو بۆ وەرزی پایز نیشان دەدات و ئەوەمان بۆ بەرجەستە دەکات کە ئەو وەرزەی زۆر بەلاوە پڕ بایەخەو ھەموو ئەو رەگەزو توخمانەی کە پەیوەندیان بەم وەرزەوە ھەیە بە درەخت و گەڵای وەریوو سرووشتی رووت و کزەبای ساردیەوە ھەموویان وەکو بەشێک لە بوونی خۆی وەسف دەکات و سەرئەنجامیش پەیوەستبوونی ئەم بەم وەرزەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە درەختە رووتەکانی پایز نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێ ببەخشن. واتە پایزیبوونی ئەم لە ئاستی پایزیبوونی وەرزی پایز بەرزترە. کەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەر پایز ھێمای ماتەمی و خەم و ھەڵوەرین بێت کە ئەمانەش لە ناوەرۆکدا خاسێتەکانی مەرگن واتە پایز لە گەوھەردا ھەڵگری رۆحی تاناتۆسیانەیە، ئەوا ئەمی ژەنەراڵی پایز دەبێتە ئەو کەسێتە بەرجەستەکراوەیە کە سەرجەمی ئەو خاسێتە تاناتۆسیانەی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە.
کاتێ ئەمی ژەنەراڵی پاییز سیفەتی شەھید بە گەڵا وەریوەکان دەبەخشێت ھاوکات ڕایدەگەیەنێت، کە ئەو گەڵا وەریوەکانی کردووە بە ھاوڕێی ئازیزی خۆی. لێرەدا ئەگەر گەڵای وەریو ھێمای شەھید بێت و ئەمیش ھاورێی ئازیزی ئەو گەڵایانە بێت ئەوا لە ئاستێکی تردا ئەمی ژەنەراڵی پایز دەبێتە ھاوڕێی شەھید. ئەمەش زیاتر خاسێتی پایزیبوونی ئەوی ژەنەراڵ دەردەخات ئەگەر لەو روانگەیەوە سەیر بکەین کە پایز ھێمای خەم و غوربەت و مەرگەساتە. واتە لە گەوھەردا ھاوشێوەبوونێک ھەیە لە نێوان ژەنەراڵی پاییزو شەھیددا. ئەویش ئەوەیە لە کاتێکدا ئەوی شاعیر دەبێتە ژەنەراڵی پاییز واتە پلەوپایەیەک بەدەست دەھێنێت کە لەسەرووی پلەوپایەی پایزەوەیە، ھەروەک پلەوپایەی شەھیدیش بەرزترین پلەوپایەیە کە بشێ مرۆڤ پێی بگات یان بەەستی بھێنێت. ئەمی ژەنەراڵی پاییز سەرباری ئەوەی کە ئەو پلەوپایە بەرزەش وەردەگرێت بەڵام لە ھەمان کاتدا پێی وایە کە لە یەک کاتدا کۆرپەی گەڵاڕێزان و لە ھەمان کاتیشدا باوکی پایزە کە دەتوانین بڵێین پلەی ژەنەراڵ و باوک دەشێ ھەر ھەمان شت بگەیەنن.
لێرەدا شاعیر بەشێوەیەکی زۆر شارەزایانەو لە دەربڕینێکی شیعریدا ھەمان ئەو بۆچوونەی شاعیری رۆمانسی سەدەی نۆزدەھەمی ئەدەبی ئینگلیزی ولیەم ۆردزۆرس دووبارە دەکاتەوە کە دەڵێت: منداڵ باوکی پیاوە ,The Child Is The Father of The Man .کە زۆرێک لەوانەی کە لەسەر ئەم دێڕە شیعرەی ئەم شاعیرە قسەیان کردووە کە لە راستیشدا ناونیشانی شیعرێکیەتی پێیان وایە گەوھەری فیکرو جیھانبینی ئەم شاعیرە لەم دێڕەدا کۆدەبێتەوە کە ئەویش بەچەند ئاراستەیەک لێکدەدرێتەوە کە گرنگترینیان ئەوەیە ئەوەی ئەمڕۆ منداڵە سبەینێ گەورە دەبێت و نەوەکانی داھاتوو بەرھەم دەھێنێت. یان ئەوەی لە بواری داھێنان و درووست کردن و بینا کردندا کە ئەمڕۆ بە بچووک و کەم بایەخ سەیر دەکرێت دەشێ لە سبەینێدا نەک ھەر خۆی گەورە بێت بەڵکو گەورەش بەرھەم بھێنێت.ھەروەک گومانی تێدا نییە لە رووی سۆزو ھەستیاریەوە منداڵ زۆر دەوڵەمەندترە لە گەورە یان لە باوک و دایکی ھەر بۆیە دەشێ لەو روانگەشەوە منداڵ لەسەروی گەورە یان باوکیەوە دابنرێت. شاعیر لە یەک کاتدا خۆی وەکو کۆرپەی گەڵاڕێزان و وەکو باوکی پایزیش نیشان دەدات واتە ئەو کۆرپەلەیە کە بەرھەمی پایزە لە ھەمان کاتیشدا خۆی باوکی پایزە. ئەمەش لە ئاستێکی تردا ئەو سووڕە سرووشتیە نیشان دەدات کە بەرجەستەی سووڕی ژیانی زیندەوەران و رووەکیش دەکات لە سرووشتدا کە چۆن ھەر نەوەیەک ئەرکی سرووشتی خۆی دەبینێت و نەوەی تر دەخاتەوەو ئەو نەوەیەی کە ئێستا کۆرپەلەیە لە سبەینێدا دەبێتە باوک و دایک یان لە سبەینێدا ئەرک دەگرێتە ئەستۆو بینا دەکات و بەرھەم دەھێنێت.
ئەوی شاعیر پێش ئەوەی کە درەختی ڕووت نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێ ببەخشێت خۆی کەسێکی سرووشت پاییزی بووەو لەگەڵ وەرینی ھەر گەڵایەک و ڕووتبوونەوەی ھەر درەختێک و ھەڵکرنی ھەر کزەبایەکدا ئەم خەمی ھەموو گەڵاکانی ھەڵگرتووەو لەگەڵ ھەستکردن بە غەریبی و بە نامۆییدا ژیاوە و ھەستی بە مردنێکی بەردەوام و ھەمیشەیی ھێواش کردووە. لێرەشەوە ھەستی ئینسانانەی ئەم کەسێتیە دەردەکەوێت و ئەوێک کە بۆ وەرین و مەرگی گەڵاو ڕووتبوونەوەی سرووشت و ماتەمی پاییز بگری و ئازار بچێژێت داخۆ ئازارو مەرگ و رووخاندنی مرۆڤ و سوکایەتی کردن بە مرۆڤ چ کاریگەریەکیان ھەبێت لەسەری؟ ئەوەی کە ھەندێ شاعیرو نووسەر لە شێوەی رستەی ناشیعری ئاشکراو درووشمدا و لە شێوەی ھەڵوێست فرۆشتندا دەری دەبڕن محەمەد عومەر لە ئاستێکی زۆر قولتری مرۆڤانەداو لە ئاستێکی شیعری باڵاو بە چێژو جوانیەکی بەرزەوە دەری دەبڕێت کە ئەوەش راستگۆیی شاعیرو تێگەیشتنی ئەو لە شیعرو لە چەمکی شیعر دەردەخات.
منم ژەنەراڵی پایز..
خوێنێکی زەرد بە نێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم ھەروەک ھەور نمناک
تەنیا من بووم کە لە تابووتی شوشەدا..
چەندین گەڵام سپارد بە خاک
ئەگەر سەرنجی سەرەتای ھەر کۆپلەیەکی ئەم شیعرە بدەین بە ھەمان دەربڕینی (منم ژەنەراڵی پاییز) دەست پێ دەکات، ئەمەش لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە دەشێ لە ئاستی یەکەمدا دڵنیابوونی شاعیر بەو پلەو پایە نیشان بدات و لە ئاستی نەگوتراویشدا جۆرێک لە ھەست بە شانازی کردنیشی پێوە دیار بێت. لە کاتێکدا کە دەزانێت لە جوگرافیای شیعری کوردیدا ھیچ کەس مافی ئەوەی نییە کە ئەو نازناوە وەربگرێت تەنیا خۆی نەبێت. ئەمەش وەکو ھانس بیرتنسی نووسەری دیارو ھاوچەرخی ئینگلیزو خاوەنی ھەردوو کتێبی (بیری پۆست مۆدێرن ساڵی ١٩٩٤ـو تیۆرە بنەڕەتیە ئەدەبییەکان ساڵی ٢٠٠١) لە بارەی ماسیۆ ئارنۆڵدەوە دەڵێت: ئارنۆڵد بێ ئەملاولا نووسەرێکی دەگمەن (کەم وێنە) بوو لە ڕوانینیدا بۆ تاکی داھێنەر-کتێبی دووەم ل٦) واتە مەبەست ئەو تاکە کەسەیە کە لە بواری نووسیندا خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆیەتی و گوێ بە شەپۆلی باو و دەنگی کۆ و عەقڵی دەستەجەمعی کۆمەڵ و دەستەو گروپ نادات و داھێنان بە کاری تاکە کەسی و تایبەتی خۆی دەزانێت.
بە پێی ئەم بۆچوونە، محەمەد عومەر یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەن و بە ژمارە کەمانەی ئێمە کە ئەو تایبەتمەندیەی ھەیەو خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆیەتی. ئێمە پێشتر گوتمان دووبارە کردنەوەی دەربرٍینی منم ژەنەراڵی پایز دەشێ جۆرێک لە متمانە بەخۆبوونی شاعیر بۆ وەرگرتنی ئەو نازناوە ئەو چەند بارە کردنەوەیەی بەرھەم ھێنابێت, ھەروەک دەشێ وەھایشی لێکبدەینەوە شاعیر وەکو کەسێکی گومانکەرو بە نیگەرانیەوە سەیرکەری دنیاو ھەموو شتەکان دڵنیا نەبێت لەوەی کە ئەوی بەرامبەر لە خوێنەر یان بیسەری ئەم شیعرە ھەروا بەئاسانی بڕوا بەوە بھێنێت کە ئەم ژەنەراڵی پایزەو مەبەست لەو چەند بارە کردنەوەیە ھەوڵدانە بۆ سەلماندنی ئەو راستیە بە ئەوی خوێنەر.
شاعیر سەرباری دڵنیایی دەربڕین لە جەنەراڵێتی خۆی کەمەبەست جەنەراڵی پاییزە نەک جەنەراڵی سەربازی، بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بە راستی ئەم شایانی ئەو نازناوەیە، وەسفی خۆی دەکات ئەو وەسفکردنەش لە ئاستێکدایە کە راستەوخۆ بەجۆرێک کاریگەری لەسەر ئێمە دادەنێت کە دان بەوەدا بنێین شایانی ئەوەیە کە ئەو نازناوەی پێ ببەخشرێت. شاعیر باسی ئەوە دەکات کە خوێنێکی زەرد بە دەماریدا دەگەڕێ و چاویشی ھەوری نمناکە. رەنگی زەرد لە رووی زانستییەوە رەنگێکی ساردە کە دەشێ لە سیاقی ئەدەب و ھونەردا بە رەنگێگی ھێمن یان مات ناوببرێت, کە بە شێوەیەکی گشتیش دەلالەتی خەم, غوربەت, مەرگەسات ھەڵدەگرێت. لە روانینی گشتی خەڵکیشەوە پایز وەکو وەرزی گەڵاڕێزان و مەرگی گەڵاو رووتبوونەوەی سرووشت وەرزێکە لە ئاستی قوڵی مانادا وەرزێکی رەنگ زەردە. کەواتە رۆحی پایزو خوێنی ناو دەمارەکانی ئەمی شاعیر ھاوشێوەن یان ھەمان رەنگیان ھەیە. دیسان شاعیر چاوی لەگەڵ ھەوری پایز ھاوشێوە دەکات. ئەوە ئاشکرایە کە مرۆڤ و ھەموو زیندەوەرانی تریش بە ھۆی چاویانەوە دەبینن. ئێستا چاوی ئەمی شاعیر ھاوشێوەی ھەوری پایزە واتە بینینێکی ئاشکراو باشی نییەو بگرە جۆرێک لە تەمومژ پەردەی تاریکی بەسەر چاویدا پۆشیوە, ئەمەش وایکردووە کە مەودای بینینی کورت و تەسک بێت و بینینێکی ئاشکرای ئەوتۆی نەبێت کە بتوانێت ھەم شتەکان بناسێتەوە ھەم دەشێ مەبەست ئەوەش بێت کە لە بارێکی وەھادا بینینی ئاسۆ شتێکی چاوەڕوان نەکراوە لە کاتێکدا فەزای پایزی نەک ھەر سرووشتی پۆشی بێت بەڵکو رۆحی ئەوی شاعیریشی بە جۆرێک داگیر کردبێت کە پایز بە خۆیی و توخمەکانیەوە نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێ ببەخشن. ئەمە سەرباری ئەو راستیەی کە دەزانین مرۆڤ بە گشتی لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی خۆیدا ماکی بەپایزبوونی ھەڵگرتووە. ھەرچەندە لە ژیانی ئاسایدا بوار بۆ دەرکەوتنی یان ئاشکرابوونی ئەو ماکە تەسکە بەڵام ناشێت ئەو راستیە بەبەردەوامی بشارێتەوە. خوێنی زەردو چاوی نمناک لە خاسێتە دیارەکانی ژەنەراڵی پایزن کە ئەمەش دوو خاسێتن تەنیا لە مرۆڤە دەگمەنەکانی وەکو ئەم کەسێتیەدا ھەن و ھەر ئەو دەگمەنی بوونەش دەیگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە ببێتە ژەنەراڵی پایز. شاعیر دوای وەرگرتنی نازناوی ژەنەراڵی پاییز بە کردەوەش وەکو بەرپرس یان بەرپرسیار لە چارەنووسی پایزو سەرجەم توخم و رەگەزە پەیوەستەکان بە پایزەوە رەفتار دەکات و نەک ھەر ھاوشێوەی رەفتار کردن لەگەڵ مرۆڤدا رەفتاریان لەگەڵدا دەکات بەڵکو بەرزتر لە ئاستی مرۆڤیش سەیریان دەکات. بەلای ئەوەوە وەرینی گەڵا مانای مردنی گەڵایە. کاتێ مرۆڤێک دەمرێت بە پێی ئەو ئایینەی کە پەیڕەوی دەکات مەراسیمی بە خاک سپاردنی بۆ دەکرێت کە بە شێوەیەکی گشتی دەخرێتە کفنەوەو لە تابووتی تەختەدا دادەنرێت و دەبرێت بۆ شوێنی بە خاک سپاردنی. بەڵام ئەمی ژەنەراڵی پاییز لە تابووتی شووشەدا گەڵا وەریوەکان بە خاک دەسپێرێت.
ئەمەش راستی پەیوەستبوونی رۆحی و مەعنەوی ئەم بە پایزەوە نیشان دەدات. کە دەشێ لە پشتی ئەم لێکدانەوەیەشەوە ئەو دەلالەتە بەرھەم بێت کاتێ ئەم وەکو مرۆڤێک بەو جۆرە بایەخ بە ئەسپاردەکردنی گەڵای وەریووی درەختەکان بدات دەبێ چۆن بڕوانێتە شێوازی بە خاک سپاردنی مرۆڤ؟ ھەروەک لە پشتی ئەم بۆچوونەوە جۆرێک لە رەخنە گرتنیش بەرامبەر بەو بەھاو گرنگی دانە کەمەیە دەبینرێت کە لە کاتی مردنی مرۆڤ و بەخاک سپاردنیدا ئەنجام دەدەرێت کە لە رۆتینێکی ئاسای ژیانی رۆژانە بەولاوەو جگە لەجۆرێک لە مل کەچ کردن بۆ داب و نەریت ھیچی تر نییە.لێرەدا جارێکی تر ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێتەوە: لە کاتێکدا ئەوی شاعیر بۆ وەرینی گەڵای رەختەکان ھێندە پەرێشان و نیگەران بێت, داخۆ بە چ شێوەیەک سەیری مردنی مرۆڤ بکات؟ ھەروەک دەشێ وەھایشی لێکبدەینەوە کە ئەوەی شاعیر خەمی بۆ دەخوات و بە دیارییەوە فرمێسک دەڕێژێت و ئازار دەچێژێت ئەوە گەڵای درەختەکان نین, بەڵکو مرۆڤن, واتە درەخت و وەرینی گەڵاکان و رووتبوونەوەی پایز ھەموویان ھێمان و مەبەست لێیان بەدبەختیەکانی مرۆڤ و چارەنووسی نادیارو ونیەتی لە بەردەم مەترسی مەرگ و لە ناوچووندا. بە واتایەکی تر ئەوەی لە رێگای بە ئامراز کردنی پایزو درەخت و وەرینی گەڵاکانیەوە محەمەد عومەر عوسمان لێی دەدوێت خودی مرۆڤە کە گەورەترین سەرمایەی نێو ئەم گەردوونەیەو تاکو ئێستاش سەرباری ھەوڵ و کۆششی بۆ ئەوەی کە ببێت بە خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بەڵام تاکو ئێستا بە بوویەکی قەدەری بێ دەسەڵات ماوەتەوەو ناتوانێت ھیچ بڕیارێکی چارەنووس سازانە بۆ خۆی بدات کە دەشێ لە ئاستێکی قوڵتردا بڵێین ئەوەی شاعیر لێرەدا مەبەستیەتی ئەوەیە کە چۆن بەھا بۆ مرۆڤ دەگێڕدرێتەوەو چۆن وەکو نوێنەری خودا لەم سەرزەویە بە ئەندازەی ئامادەبوونی، دەسەڵاتی بڕیاردانیشی دەبێت.بە واتا گریانی شاعیر بۆ وەرینی گەڵای رەختەکان و بۆ بێ دەسەڵاتی و ناکارایی مرۆڤ لە بەرامبەر چارەنووسی خۆیدا یەک سەرچاوەیان ھەیەو بە لای شاعیریشەوە ئەم دوو رووداوە ھاوشێوەن و لە گەوھەردا یەک شتن.
منم ژەنەراڵی پایز..
من بووم لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا..
کەوتمە جەنگ و
زۆر گەڵام دەرھێنا لە چنگ ونبوون
شەوی گەڵاکانم..
خستە ژێر باڵی تریقەو.. ورشەی گزنگ
ژەنەراڵی پاییز دوای وەرگرتنی ئەو نازناوە دەکەوێتە بەرگریکردن لە چارەنووسی گەڵاکان و باسی ئەوە دەکات کە چۆن کۆششی کردووە لە پێناوی گۆڕینی چارەنووسی نادیارو بەرەو کارەسات چووی گەڵاکان دا.ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوی ژەنەراڵی پاییز کەسێک نییە کە دەستی لە دنیا شۆردبێت و چاوەڕوانی مەرگ بکات، نەخێر بەڵکو کەسێکە خاوەنی پرۆژەو ھێزی بەرگری کردنە لە قوربانییەکانی دەستی پایز کە سەرتۆپی ئەو قوربانیانەش گەڵاکانن کە ناتوانن لەبەردەم وەیشوومەو زریانی پایزدا خۆیان رابگرن. ئەم لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا دەکەوێتە جەنگەوەو زۆرێک لە گەڵاکان لە چنگی مەرگ رزگار دەکات و ژیانی پایزی گەڵاکان کە ژیانی تاریکی و شەوەزەنگی مەرگەساتە دەگۆڕێت بۆ رۆژی رووناک و بۆ تریقەو ورشەی گزنگ. کەواتە لەم وەسفکردنەی ژەنەراڵی پایزدا بۆ کەسێتی خۆی و ئەو کارانەی کە دەیانکات یان کردوونی دەردەکەوێت کە لە ئاستی بکەرێکی روواو درووستکەردایە. واتە بکەرێک کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە چارەنووسی ئەو گەڵایانەدا درووست بکات کە قوربانی دەستی پایزن. لێرەداو لە وەسفکردنی ژەنەراڵی پایزدا بۆ کەسێتی خۆی و ئەو کارانەی کە گوایە کردوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم کەسێتە جۆرێکە لە رزگارکەر. کەواتە دەشێ ھەر لێرەدا بە ئاشکرا بۆمان دەربکەوێت ئەوەی کە ئەم ژەنەراڵی پایزە لەبارەیانەوە دەوێت تەنیا گەڵای وەریوو زەردەھەڵگەڕاوی پایز نین کە بەدەم زریان و رەشەبای پایزەوە بناڵێنن, نەخێر بەڵکو لە ئاستێکی تردا دەتوانین بڵێین ئەوە مرۆڤەکانن یان بە گشتی مرۆڤایەتیە کە بە دەست جەورو ستەمی رۆژگارو بەدەست ناکارایی و بێ دەسەڵاتی لە بڕیاردانی چارەنووسدا دەناڵێنن. ئێستا ئەمی ژەنەراڵ باسی ئەوە دەکات کە چۆن کاری کردووە بۆ کەمکردنەوەی بەدبەختیەکانی مرۆڤ و چۆن ھەوڵی داوە بۆ رزگارکردنی مرۆڤ لەو نەھامەتیانە. کەواتە لێرەدا کەسێتی ژەنەراڵی پایز دەبێتە کەسێکی شۆڕشگێڕ کە ھەوڵی رزگارکردنی مرۆڤ و کەمکرنەوەی ئازارو بەدبەختیەکانی دەدات. لەو سەروبەندەشدا ئەمی ژەنەراڵ تەنبا خۆی دەبینێت کە بەو جۆرە کاردەکات و تەنیا باسی خۆی وەکو رزگار کەر دەکات. کە ئەمەش دیسان پەیوەندی بەو حاڵەتەوە ھەیە کە ئەمی گەیاندە ئەو ئاستەی کە نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێببەخشرێت، ئەویش بریتی بوو لە تێگەیشتنی لە ئازارو ژانی گەڵاکان و رووتبوونەوەی درەختەکان و زەردبوونی پایز. ئێستاش ئەوەمان بۆ بەرجەستە دەکات کە تەنیا ھەر ئەمە بەتەنیا کە توانیووێتی لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا بکەوێتە جەنگەوەو گەڵاکان لە مەترسی لەناوچوون رزگار بکات. بێگومان دەشێ سەرباری ئەوەی کە زریان پەیوەست بە بنیادی گشتی پێکھێنەری دەقەکە مانای ئاشکرای زریان ببەخشێت لەھەمان کاتدا دەشێ زریانی بیرچوونەوە دەلالەتی ئەو گرفت وکێشە ئاڵۆزانەش ھەڵبگرێت کە ئەم سەردەمە جەنجاڵە لەگەڵ خۆیدا ھێناونی و ئەمیش لەناو ئەو ئاڵۆزی و ناھەموارییەدا ھەوڵی گۆڕانکاری بدات لە پێناوی کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی مرۆڤدا.
منم ژەنەراڵی پاییز..
پاییز بەبێ من ھەتیوەو
من بووم وتم بەڵێ تەرمی نسێی سەوزە..
گەڵای وەریوی کۆچ کردوو تەنیا منم کە لە میحرابی پایزا ..
بۆ گیانی زیندووی گەڵاکان ..
نوێژی شەھید دائەبەستم ..
ناوی نانێم نوێژی مردوو.
شاعیر دەگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی بە بەرپرسیار یان سەرپەرشتیاری پاییز بزانێت و وەھا سەیری خۆی دەکات کە پاییز بەبێ ئەو ھەتیووە واتە ھیچ کەسێکی نییە. کەواتە بە دەربڕینێکی تر مادەم ئەم وەکو ژەنەراڵی پایز بوونی ھەیە کەواتە پایز چیتر ھەتیو نییە واتە لێرەدا ژەنەراڵ بۆ پاییز دەوری باوک دەبینێت بەمەرجێ ئەگەر وای دابنێین کە پاییز ھێشتا منداڵ بێت و نەگەیشتبێتە ئەو تەمەنەی کە تەمەنی بەجێھێشتنی قۆناغی منداڵیەو لەوە بەدواوە ئیتر بەپێی ئەو بنەمایانەی کە لە ئاییندا ھاتووە قۆناغی ھەتیو بوون کۆتای دێت. شاعیر وەکو یەکەم کەس و بۆ یەکەم جار شوناس دەدات بە گەڵای وەریووی درەختەکان و بە تەرمی نسێی سەوز ناویان دەبات. بێگومان سەرباری ناخۆشی و خەمی کارەساتی مردنی گەڵاکان بەڵام شاعیر لەو رووداوە تراژیدیەش وێنەیەکی قەشەنگ و سەرنج راکێش بەرجەستە دەکات کە ئەویش (تەرمی نسێی سەوزە). دیسان لێرەدا جارێکی تر خاسێتی مرۆڤ بە گەڵای وەریوی درەختەکان دەبەخشرێت واتە گەڵاکان بەرزدەکرێنەوە بۆ ئاستی مرۆڤ. ئەم جۆرە مامەڵە کردنەش لەگەڵ توخمەکانی سرووشتدا لە ئاستێکی تردا رەگ و ریشەی چەمکی ناچرالیزمی ھەیە کە سرووشت بەھەموو رەگەزەکانیەوە بە پڕ بەھاو گرنگ دەبینێت و لە تیشکە نیگای پەیوەندی بوونی ئەم رەگەزانەوە بە مرۆڤەوە بایەخی ئەو رەگەزانەش دەشێ نزیک ببنەوە لە بایەخ و گرنگی مرۆڤ خۆی.
ئەوی شاعیر باسی ئەوە دەکات کە چۆن تەنیا ھەر ئەو خەمی گەڵاکان دەخوات، تەنانەت بەو شێوەی کە مەراسیمی کۆچ و بە خاک سپاردن بۆ مرۆڤ دەکرێت ئەمیش مەراسیم بۆ وەرین و مردنی گەڵاکان دەکات. ئەم لە میحرابی پایزدا نوێژی مردوو بۆ گەڵاکان دەکات. بەڵام وەکو خۆی دەڵێت ئەو نوێژە ناو دەنێت نۆێژی شەھید. شاعیر لێرەدا ھاوشێوە بوون لە نێوان پایزو مزگەوتدا درووست دەکات. ئێمە دەزانین میحراب پەیوەستە بە مزگەوتەوەو ئەو جێگایەیە کە پێشنوێژ نوێژی تیادا دەکات. ئێستا ئەمی شاعیر لەبری میحرابی مزگەوت لە میحرابی پایزدا نوێژ لە سەرتەرمی گەڵاکان دەکات. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە گەڵاکان لە پایزدا بەکۆمەڵ دەمرن. بەڵام بەلای شاعیرەوە مەرگی گەڵاکان مەرگێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەکو جۆرێک لە شەھیدبوون سەیریان دەکات، ھەر ئەوەش وای لێدەکات کە بڵێت نوێژی شەھیدیان یۆ دەکات و ئەو نوێژەش بە نوێژی مردوو ناو نابات. لە پشتی ئەم روانینەی شاعیرەوە ئەو بۆچوونە راوەستاوە کە وەرینی گەڵاکان وەرینێکی ئاسایی نییە ھەرچۆن شەھیدبوونی مرۆڤ بە مردنی ئاسایی دانانرێت، واتە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت ھەرچۆن کارێکی سەختە مرۆڤ شەھید بکرێت یان تەنانەت بمرێت بە ھەمان شێوە وەرین و مردنی گەڵاکانیش کارێکی سەخت و دژوارە. ئەمەش سەرباری ئەوەی کە دەتوانین بڵێین گەڵاکان ھێمان بۆ مرۆڤ و وەرینی گەڵاکان بریتییە لە مردنی مرۆڤ، ھێشتا دەشێ وای لێکبدەینەوە کە محەمەد عومەر عوسمان وەکو شاعیرێکی ناسک و ھەستیار نەک ھەر خەم بۆ مەرگی مرۆڤ دەخوات و لەگەڵ ئازارو ژانەکانی مرۆڤدا ژان دەیگرێ و ئازار دەچەژێت بەڵکو ئەم لەگەڵ زەردبوون و وەرینی گەڵای درەختەکان و لەگەڵ مەرگی باڵندەو قروسکەی سەگە بەرەڵاکان و شکاندنەوەی لقی رەختەکان و وەرینی پەڕەی ناسکی گوڵەکانیشدا دەگری و ئازار دەچێژێت و ژان دەیگرێت. ئەمەش لەو بۆچوونەوە ھیومانیستەی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێی وایە ناشێت تەسەوری ئاسوودەیی و ئازادبوونی مرۆڤ لەم گەردوونەدا بکەین ھەتا مرۆڤ بە خۆیی و ھەموو توخم و رەگەزەکانی تری ئەم سرووشتەوە نەگەنە ئەو ئاستەی کە بەھاو رێزی رەھای خۆیان ھەبێت و لە داھاتوو چارەنووسی خۆیان دڵنیا نەبن و ھەتا ئەو یاسا ناجۆرەی سرووشت ھەڵنەوەشێتەوە کە بەھێزەکان بێھێزەکان دەخۆن و ھێزدارەکان بێھێزەکان پێشێل دەکەن. زەردبوون و وەرینی گەڵاکان دەرئەنجامی یاسایەکە کە ناوی یاسای جوڵەو ھارمۆنیای سرووشتە کە ھەموو زیندەوەران بە رووەکەکانیشەوە سووڕی سرووشتی خۆیان تەواو دەکەن و کۆتاییان دێت و لە جێگاکەیاندا نوێ درووست دەبێتەوە. شاعیر ناراستەوخۆ دەیەوێت ئەم یاسا سرووشتیە رەت بکاتەوەو بڵێت پێویستە گەڵاکان ھەمیشە بە سەوزی بمێننەوەو نابێت بوەرن. بێگومان جێگیر بوونی ئەم چەمکە بۆچوونە لەگەڵ خۆیدا ئەو بۆچوونەش دێنێتە ئاراوە کە خوازیاری مانەوەی مرۆڤە بۆ ھەتاتایە. دیارە دەکرێ وەکو داواکاری جۆرێک لە نەمری بۆچوونی لەم جۆرە لەلای مرۆڤ سەرھەڵبدات بەڵام ناشێت تەسەووری ئەوە بکرێت کە مرۆڤ وەکو بوویەکی بایۆلۆجی بۆ ھەتاھەتایە بژی و نەمر بێت، ھەرچۆن ناشێت تەسەوری ئەوە بکرێت کە گەڵاکان بۆ ھەمیشە بە سەووزی بمێننەوەو لە زەردبوون و وەرینی پاییز ڕزگاریان ببێت.



28/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر