له‌ساڵیادی مه‌رگی فالاچی-ی بوێردا..
هێرش رەسوڵ
چواردە ساڵ لهمهوبهرو له 15ی سێپته‌مبه‌ردا، ئۆریانا فالاچی-ی گه‌وره رۆژنامه‌نوسیی ئیتاڵیاییو جیهانی، پاش حه‌وت ساڵ له به‌ره‌نگاریی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه، له‌شاری (فلۆرانس) كۆچی دوایی كرد.
فالاچی، لای من مرۆڤێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره بو، زو زو چاوپێكه‌وتنه‌كانیم (له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌نێك به‌سه‌ر سازكردنیاندا) دهخوێندنهوهو پتر له‌جارێك له‌به‌رده‌م جوانی‌و وردیی پرسیاره‌كانی، جورئه‌تی بێئه‌ندازه‌ی، رێكوپێكی ریزبه‌ندیی بابه‌ته‌كانی، ره‌چاوكردنی جوانترین ئێتیكی كاری رۆژنامه‌نوسی، وروژاندنه پڕماناكانی، راده‌مام.
هه‌روه‌ك له وانه‌ی (پراكتیكی رۆژنامه)دا، هه‌میشه نمونه‌ی ئیشه داهێنه‌ره‌كانی ئه‌و بۆ خوێندكاره‌كانم ده‌هێنمه‌وه‌و هانیاندهدهم، ئه‌و دیمانه به‌پێزانه بخوێننه‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆی دنیایه‌ك له‌مانای جوان‌و ئازایه‌تیی گه‌وره‌ی تێدایه‌و، بیانكه‌نه چرای رێگاتان له‌كاری رۆژنامه‌نوسییدا.
به‌ر له‌وه‌ی له‌به‌شی راگه‌یاندنی زانكۆ وه‌ربگیرێم، له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك دیالۆگه‌وه، كه كاك شێخ جواد له‌فارسیه‌وه وه‌ریگێڕاوه‌و كاك سامی هادی پێشه‌كی بۆ نوسیوه، له‌كتێبێكدا به‌ناوی (گفتوگۆ)، ئاشنای رۆژنامه‌نوسی گه‌وره‌ی ئیتاڵیاییو جیهانی (ئۆریانا فالاچی) بوم.
هه‌ر كه كتێبه‌كه بڵاوكرایه‌وه، زۆر به‌تاسه‌وه، سه‌رجه‌م دیداره‌كانم خوێندنه‌وه، كه به چ بوێری‌و توانایه‌كی به‌رزی رۆژنامه‌نوسی، به چ باكگراوندێكی قوڵی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگییه‌وه ئامادهكراونو هه‌قی خۆیان دراوهتێو چۆن هه‌ریه‌ك له(ئیمام خومه‌ینی، مه‌هدی بازرگان، سه‌رهه‌نگ قه‌زافی، شارۆن، لێخفالێسا، راكۆفسكیو محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی –شا-)ی خستۆته نێو داوی پرسیاره رۆژنامه‌نوسییه ورده‌كانی خۆیه‌وه؟!
دیاره وتوێژی له‌گه‌ڵ (هێنری كیسنجه‌ر، گوڵدا میر، یاسر عه‌ره‌فات)و هیتریش ئه‌نجامداوه.
به‌راستی، له‌و ده‌مه‌دا كه له‌سه‌ره‌تاكانی كاری رۆژنامه‌نوسیدا بوم‌و تازه شه‌شه‌می ئاماده‌ییم ته‌واوكردبو، به عه‌شقه‌وه سه‌رم خستبوه سه‌ر ئه‌و كتێبه‌و له‌ئاست زۆر له‌پرسه ورد‌و جیددیهكانیدا ئیستم ده‌كرد، زۆرجار خه‌یاڵ ده‌یبردمه‌وه، ئاخۆ منیش رۆژێك دێ بتوانم به‌و ئازایه‌تییه‌وه، دیالۆگی وا ئه‌نجام بدهمو رۆژنامه‌نوسیی ئێمه ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی ئازادیی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌ها مهتریاڵێكی ههستیارو گرنگ فه‌راهه‌م بكات؟!
ئه‌و سه‌بكه‌ی فالاچی له‌سازدانی دیداره رۆژنامه‌نوسییه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، ستایڵێك بو، جوان له‌داڕشتن، ورد له‌ناوه‌رۆك، پڕ لهفاكتی گرنگ، وروژێنه‌ر، سه‌رنجڕاكێش، نوێ له‌بابه‌ت... تاد، بۆیه ئیشه‌كانی بۆ زۆر له‌زمانانی دنیا وهرگێڕدراونو به‌یه‌كێك له‌نمونه دیاره‌كانی ئاست به‌رزی میدیا له‌جیهاندا حسێبیان بۆ ده‌كرێت، چونكه له‌زۆر روه‌وه بایه‌خی خۆیان هه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ لێكدانه‌وه‌ی قۆناغێكی مێژویی دیاریكراو.
هه‌روا گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سێتیه سیاسیانه كه به‌شی زۆریان له‌گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كاریگه‌ریان هه‌بوه، جێی بایه‌خی تایبه‌تیه.
فالاچی، له‌ساڵانی جه‌نگی دوه‌می جیهانیه‌وه ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی دژه فاشیست بوه‌و له‌و كاته‌شه‌وه ده‌ستی به‌كاری رۆژنامه‌نوسی كردوه. جگه له‌كاره رۆژنامهنوسییهكانیشی چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی رۆژنامه‌نوسی‌و ئه‌ده‌بی هه‌بوه، له‌وانه: (په‌یامێك بۆ ئه‌و كۆرپه‌یه‌ی هه‌رگیز لهدایكنهبو، حه‌وت گوناهی هالیود، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مێژو، پینیلوپه له‌شه‌ڕدا...).
18/09/2020
وتارەکانی تری نوسەر