لەبارەی عادل عەبدولمەهدییەوە..

یاسین ته‌ها
زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کۆڵێک هیوایان بەعادل عەبدولمەهدی هەیە. ناوبراو ئیداری و سیاسییەکی سەنگین و بیرمەندو نوسەرێکی ئابوری و ستراتیژیی ناسراوی عێراقە. سەدرییەکان بە دەستەگوڵی خۆیانی دەزانن بەوپێیەی لەئێستادا سەربەخۆیەو مەرجەکانی نەجەفی تێدایە. حەکیم و مەجلیسی ئەعلا پێانوایە ئەوان براوەن بەڕاسپاردنی چونکە پێشتر سەرکردەیەکی دیاری ریزەکانی ئەم ڕەوتە بووە. پارتی و یەکێتی شاگەشکەن بەهەڵبژاردنی چونکە هاوڕێی نزیکی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانییەو پێشتر چەندین جوتە پێڵاوی سەردەمی خەباتی لەچیاکانی کوردستاندا دڕاندووە. ئێران بە کەسێکی "وەلائی" ـی دەزانێت چونکە نزیکترین کەس بوو لەمحەمەد باقر حەکیم و عەبدولعەزیزی برای. باکگراوەندە کۆنەکەشی لەدەورانی چەپ لای رەوتی مەدەنی خۆشەویستی کردووە، رەگەزنامە فەڕەنسییەکەی و هەردوو بڕوانامە ماستەرەکەی لەبواری کارگێڕی و ئابووری لەپاریس نزیکی دەکاتەوە لەئەمەریکی و ئەوروپییەکان. خەڵکی باشوری عێراق پێی دڵخۆشن بەوپێیەی لەئەسڵدا بنەماڵەکەی خەڵکی ناسریەن و بەقسەی خۆیان "شروگی"یەو ئەزانێت لەخەموژانی شۆرەکاتی ئاو.
بەڵام سەرباری هەموو ئەمە رێگای ناوبراو پڕە لەدڕک و داڵ و قۆناغێکی سەخت چاوەڕێی دەکات، تەنها یەک ساڵیش مۆڵەتی پێداروە بۆ ئەوەی وێنەیەکی جیاواز لەخەراباتێکی گەورەدا پێشکەش بکات.
عەبدولمەهدی لە 12 مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسیە ببێتەوە لەوانەش: قەرزەکانی سەر عێراق، جێبەجێکردنی یاسای حەشد، کێشەی کەرکوک و ناوچەی جێناکۆک، چەکی عەشایەر لەباشوور، کێشەی وشکەساڵی و کەمئاوی، شەڕە قۆچی ئەمەریکاو ئێران لەسەر خاکی عێراق، مەترسیی پاشماوەکانی داعش، مافیاتی فەسادو گەندەڵی حیزب و وەزارەتەکان، ئاوەدانکردنەوەی شارە کاولەکانی پاش شەڕ، کێشەی بێکاری و خزمەتگوزاری زۆر دۆسیەیتری ئاڵۆز.
هاتنی عەبدولمەهدی و پێشوازیکردنی عەبادی لێی کۆتاییهێنا بە 15 ساڵ حوکمڕانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی ( 3 خول)، بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت رەنگە لەگەڵیدا سیستمی سیاسی پاش 2003 بەتەواوی هەرەس بکات و ئەمیش کۆتا سەرۆک وەزیرانی ئەم تایپە حوکمڕانییە بێت، چونکە بارودۆخ چیتر بەبەرییەوە نەماوە.
زۆربەی لایەنەکان یەکدەنگ بوون لەکاندیدکردنی عەبدولمەهدی، بەڵام ناوبراو هیچ کوتلەو هاوپەیمانێتییەکی راستەوخۆی نییە لەپەڕلەمانی بەغدا تا پشتیوانی بکات، تا ئێستاش بەڕوونی نازانرێت لەمەولا کێ پاڵپشتی یاسایی بۆ هەنگاوەکانی مسۆگەر دەکات؟ جگە لەوەش تەمەنی هەڵکشاوە بۆ سەروو 75 ساڵ و وەک پێشتر حەوسەڵەی نەماوە. جاران لەتافی گوڕی خۆیدا هەمیشە وازنامەیەکی نوسراوی لەگیرفاندا بوو تا لەکاتی پێویستدا پێشکەشی بکات و لەشاشەکان لەگیرفانی دەریدەهێنا، چ جای ئێستا کە هەم تەمەن و تەندروستی و هەم بارودۆخەکەی سەختترە. سەرباری ئەم راستییەش هێشتا گەشبینی بۆ سەردەمی ئەو زاڵترە بەسەر هەموو ئەگەرێکیتردا، بەتایبەت کە برادەری نزیکی سەرۆک کۆمارە و پێکەوە گونجانی زۆر هەیە لەنێوانیان و لەدوای راسپاردنی پەیتا پەپتا پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکیی دادەبارێت بەسەریدا.
Image may contain: 1 person

04/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر