بچن بۆ بەغدا

یاسین ته‌ها

لەیاسای بودجەی گشتی 2019 عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاڕادەیەك شایستەو گونجاو جێگیر كراوەو ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە كە لێبڕان و جوهدی هەندێ خەڵكیشی تیایەو نابێت نادیدە بگیرێت، بەڵام بەو پێیەی عادل عەبدولمەهدی كەسێكی بێ لیستەو لەناو "دەوڵەتی قووڵ" دا حوكمڕانی دەكات لەسەر دۆسیەی نەوتی كوردستان لەژێر گوشاردایە كە بەشی زۆری لە ستافی حەیدەر عەبادییەوەیە كە بۆ یەكەمجار لەسەردەمی ئەودا دەرفەت ڕەخسا حكومەتی بەغدا زۆر دەسكەوت لە هەرێم وەرگرێتەوە چ لەكەركوك و چ لەبواری بودجەو دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و.....هتد (2017 _ 2018).

لەماوەی ڕابردوودا هەندێ ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی عەرەبی و تەنانەت بیانیش ئەوەیان بەگەرمی وروژاند كە سەفقەیەكی گریمانكراو لەنێوان خودی بارزانی و عادل عەبدولمەهدیدا هەیە بۆ دواخستنی سكاڵایەكی نێودەوڵەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی سەردەمی مالیكی (ئایاری 2014) دژی توركیا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو دەكات بۆ بەغدا بەو پێیەی "توركیا بەقاچاغ نەوتی عێراق دەفرۆشێت بە كۆمپانیای دەوڵەتێكی دوژمن كە ئیسرائیلە". عادل عەبدولمەهدی سێ شەممە بەخێرایی ئەم هەواڵانەی رەتكردەوەو باسی لەوەكرد باشترین پارێزەریان گرتوەو بەردەوامن لەسكاڵا "كۆنەكە" و پاشەكشەیان نەكردووە.

هاوكات لەگەڵ ئەم رێوشوێنە یاساییە كە ناوبەناو سەر هەڵدەدات، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەنگاوێك لەو سكاڵایە چووە پێش كە دەمێكە دژی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركراوە. لەدانیشتنی ئەمڕۆدا دادگا لائیحەی لەهەردوو وەزارەتی نەوتی هەولێرو بەغدا وەرگرت و چاوەڕوانی رونكردنەوەی سەرۆك وەزیرانەكانی هەردوولادا دەكات تا 7 ئایاری داهاتوو بۆ ئەوەی حوكمێك دەربكات كە ئایا ئەو پرۆسەیە شەرعییە یان نا، شتێكی ئاشكراشە دادگای فیدراڵی باڵاترین دەزگای دادوەریی بنجبڕە لە عێراق و حوكمەكانی قابیلی تانەلێدان نین و هەر ئەم دادگایەش ئەنجامی ریفراندۆمی سڕ كرد.

هەردوو سكاڵاكە قابیلی دواخستن و موساوەمە لەسەر كردنن چونكە هیچ شتێك لەعێراق بەیاسا بەڕێوەناچێت ئەگینا زۆر شت ئێستا دەگۆڕان و یاسا تەنها بۆ گوشاركردنە، بەڵام ئەو بەشە بودجەو پەیوەندییە باشەی ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە ئەگەر كار بۆ پاراستنی نەكرێت و ئەو بنەمایە بەتەواوی نەچەسپێنرێت كە موچەی خەڵك لەگرێ و گۆڵە سیاسی و نەوتییەكان دوور بخرێتەوە كە بەس خودا ئەزانێت چەندە ئاڵۆزن و تەنانەت حكومەتەكانی بەغداو هەولێریش خۆیان دەرەقەتی نایەن، ئەوە ئەم گوشارو دووكەڵە بەردەوام زیاتر دەكات و ئەگەر زۆرە لە هاویندا كە بێكارەبایی و كێشەی ئاوی خواردنەوە لەباشور سەرهەڵدەدات زۆر زیاتر بكات و ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆی بەشە بودجەی كوردستان.

با هێزە كوردییەكان لەسەر حوكمڕانی و سیستمی سیاسی و چۆنییەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەنگەر لەیەكتر بگرن، بەڵام ئەبێت بۆ ئاسایشی ئابووری كوردستان كە ئێستا بەشی زۆری لەسایەی بودجەی عێراقدایە هاوئاهەنگی و پلان و وەڵام و بژاردەیان هەبێت ـ بەتاك بێت یا كۆ ـ ئەگینا بارودۆخەكە وەك جاران نییە بەتەنها کەسێکی وەک مالیكی حوکمڕان بێت لەبەغداو پڕۆسەی بڕیاردان و ئامرازەكانی گوشار لەپایتەخت زۆر لەجاران فرە چەشنترو ئاڵۆزترەو كەس ناتوانێت تا دوو مانگیتر زامنی هیچ بكات و زۆر گرنگە كورد زوو زوو بچن بۆ بەغدا.

04/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر