خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 4مانگی 11 ئەمساڵ كۆتایی پێدێت واتەكەمتر لە دوو مانگی تر، تائێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەماوەی یەك مانگی رابردودا بەشێكی بەرچاو سیاسی و كەسانی چاودێری بارودۆخە سیاسییەكانی عیراق و كوردستانم دیوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامبدرێت ئەوا هەڵبژاردنی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ دووا دەخرێت. لەگەڵ ئەو هەموو پێشبینیانە بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم پرۆسەكە بەبێ كێشە و گرفت بەرێوەچوو، ئەوەی ماوەتە كاركردنە بەدەرئەنجامەكانی ئەو ریفراندۆمە و رەوانەی مەترسییەكانە لەسەر هەرێمی كوردستان و دڵنیایی دانە بە وڵاتانی دراوسێ كە هەرێم نابێتە هەرەشە لەسەر ئاسایشی ئەوان، دوێنێ چاوم بەیەكێك لەئەندامانی ئەنجومی باڵای ریفراندۆم كەوت بۆ ماوەیەكی كورت قسەمان كرد ئەو وتی" ئیدی برواناكەم پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە بكات، ئەگەر بیشیكات تەنها بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ" منیش وتم ئەی پرسە سیاسییەكان و كێشەی خەڵك دەبرێتە چ كۆڵان و مەتبەخێكی سیاسی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم وتی" ئەنجومەنەكەی ئێمە شوێنی پەرلەمان دەگرێتەوەو پرسەسیاسیەكان و كێشەكانی خەڵك لەوێ قسەی لەسەر دەكرێت" ئەگەر ئەم قسەیە راست بێت كە زۆر راستە ئەوا دروست كردنی ئەنجومەنی سیاسی كەلەسەركردەی حزبەكان پێك دێت بۆ دووەمجارە لەهەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، واتە حساب نەكردنی ئەم دەسەڵاتەیە بۆ دەنگی هاوڵاتیان، واتە داننەنانە بەهیچ رێكارێكی یاسای و دیموكراسی كە چەند ساڵە تەنها بانگەشەی بۆدەكرێت، كێشەكە ئەوەیە یەك دوو حزب دەچنە ناو ئەم ئەنجومەنەوە كە سەری زمان و بنی زمانیان باسی یاسا و بنەمای دیموكراسی دەكەن، لەكاتێك دا دەموچاوانێكی بێزراو و ناشیرین شوێنی دیموكراسی ترین دامەزراوەی كوردستان دەگرێتەوە، هەرێمێك دووای نزیكەی 30 ساڵ فەرمانرەوایی تازەبەتازە شێوازی فەرمانڕەوایی بگێرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناخۆ! دەسەڵاتێك قسەكردن لەسەر كێشەی هاوڵاتیانی بە مەترسی لەقەلًەم بدات، دەسەڵاتێك ئەوەی بەلایەوە گرنگ و لاوەكیبێت ژیانی هاونیشتمانیانی بێت و تەنانەت بەلایەوە ئاسایی بێت ژیانی دانیشتوانی هەرێمێك،بكرێتە قوربانی مەعمەعەیەكی سیاسی، ئیدی مانای مرۆڤ بوونی سەركردەكان دەكەوێتە ژێرپرسیارەوەو باشتروایە ئێمە یان ئەوان بۆ یەكتری بەجێبهێڵین، ئەوەی ماوەتەوە وەك دەرفەتێك لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵدا تەنها ئەم دەرفەتەیە ئایا ئەم دوو حزبە ئەنجومەنی سیاسی قبولًَ دەكەن و یان ڕەتی دەكەنەوە و هەنگاوی جیاواز لەبایكۆتكردنی دانیشتن و نەرۆشتن بۆ كۆبونەوەكان هەڵدەبژێرن؟ یان ئەوانیش دەبنە مێژوو لەلای خەڵك..