بەراست کێ میلیشیایە؟

ئیبراهیم عه‌باس


وەکو هەموو پرسەکانی تر، ناوە ناوە لە پەنای ئەو ململانێ حزبییەی لە کوردستان رۆژ بۆ رۆژ گەرم و گورتر دەبێت، پرسی ناوهێنانی پێشمەرگە ئازاکانی کوردستان دەکەوێتە ناو ئەم کەمیپنە وروژێنەرە حزبیە، کە بەمەبەستیان جوڵاندنی هەستی پاکی پێشمەرگەو کەسوکاریان و خەڵکی کوردستانە . لەراستیدا خودی پرۆسەکە لە مەتبەخی حزب هەمیشە حازرە، بۆ گەرمکردنەوە تەنها بەهانەیەک بەسە.

 
ئەوەی هەموومان لەسەری کۆکین ئەوەیە کە لەناو ویژدانی زیندووی خەڵکدا، پێشمەرگە مایەی شانازیە، تا ئەو جێگایەی هەروەک چۆن لە شۆرشی ئەیلولەوە تا یەکەم جەولەی شەری ناوخۆ لە ئایاری 1994، لەناو دڵی خەڵکدا پێشمەرگە بەدەر لە رەمزی شکۆداری کورد، بە ئەفسانەش دەبینران. لە دوای شەری ناوخۆشەوە هەر جارێک پێگەی بەرزی پێشمەرگە بەر رەخنە کەوتبێت، جگە لە سەرانی حزبە باڵادەستەکان کەسی تر لێی بەرپرسیار نییە.


بەڵێ ئێستاو هەمیشە و بەشایەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە نەک میلیشیا نییە، بەڵکو مایەی شانازییە، بەڵام بەراست ئەوانەی لە پشت کەمپینی ناو زراندنی ناوی پێشمەرگەن و بەدوای بەهانەدا دەگەرێت تا لە پەنایەوە پەلاماری رۆژنامەنووسان و دەزگا راگەیاندنەکان بدەن، وەکو ئەوەی ئێستا دژ بە کەناڵێکی دیاریکراو و میوانەکانی دەیکەن، کارێکی قێزەون ناکەن؟.


ئایا ئەو بەناو بەرپرس و فەرماندانەی ناوی وەهمی دەکەنە بن دیوارو پارەی پێشمەرگەی پێدەخۆن چیین؟ ئایا ئەو بەرپرسە قات ئوتوکراوانەی بۆ نمایشی سەر تەلەفزیۆن و تۆرەکانی ئەنتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە تەنیشت  سەنگەرەکانی پێشمەرگە چۆن پێناسە دەکرێن؟ ئایا ئەو بەرپرس و فەرماندانەی لە ئوتیل دیڤان و ئەبوشەهاب و خواردنگەکانی ترەوە خواردنیان بۆ دەچێت، یان لە پشتیانەوە متبەخی سەفەری هەیە، لە کاتێکدا پێشمەرگە راستەقینەکان نان و ئاویان بەزەحمەت بۆ دابین دەکرێت، ئەوانە چین؟ ئایا ئەو بەرپرسانەی ژن و منداڵەکانیانی خۆیان بەقسەیان ناکەن و کاری ناوماڵ و مەزرعە و باخ و دەیان ئیشی تر بە پێشمەرگەکان دەکەن، خاوەنی چ ویژدان و چ ئینسانییەتێکن؟ بەراست ئەو بەرپرسە حزبیانەی بەردەوام سۆزی پێشمەرگە بۆ ئەوە رادەکێشن، حزبی رکابەریان لە دوژمن و داعش خراپترن و لەرووی دەروونییەوە پێشمەرگە ئازاو سەربەرزەکان بۆ شەری ناوخۆ ئامادە دەکەن کێن و چ پێناسەیەک بەسەریاندا دەچەسپێت؟.

ئەمانە و دەیان پرسیاری تر دەرئەنجامی ئەو ناتەوایانەن، کە لانی کەم دەبوایە لە کابینەی پێنجەمەوە لە یانزە ساڵ بەرلە ئەمرۆوە بە ئاراستەی یەکخستنی پێشمەرگە بنرانایە. نەک تا ئەم ساتە وەختە پێشمەرگەی یەکێتی بێری سەوزو پێشمەرگەی پارتی بیری سور لەسەر بکەن. 
تکایە با لەجیاتی وروژاندنی هەستی پێشمەرگەو ئامادەکردنیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانتان، بیر لە چاکردنی ژیانیان بکەنەوەو ئەو کاتانەش بیرندار دەبن، ئەو مافەیان هەبێت چارەسەر بکرێن، نەک لە پەنای پێشمەرگەو ناوە پیرۆزەکەی، ململانێ حزبی گەرموگور بکرێت.

22/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر