بۆچی تورکیا واز لە هەرێمی کوردستان ناهێنێت؟

ئیبراهیم عه‌باس
ئەگەرچی لە بەهاری (١٩٩١)ەوە تا ئەم ساتەوە وەختە، کە بەهۆی ڕاپەرین و کۆڕەوەوە، کوردستانێکی ڕزگاربوو لە دەستی بەعس بەرهەم هات و خرایە ژێر سایە و پاراستنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەڵام خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان، کاریگەری و سەیتەرەی تورکیا و ئێران بوو لەسەر هەرێمەکەمان، بە بەهانەی ئامادەگی گەریلاکانی پەکەکە و پێشمەرگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. 

ڕاستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پاراست، بەڵام ناتەبایی حزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی درزێکی باش بوو کە ئەم دوو دراوسێیەی کوردستان، بە بەهانەی گەریلا و پێشمەرگانی پارچەکانی تر، کەی ئارەزوویان کرد فشاری جۆراوجۆر بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و چالاکی جۆراوجۆری سەربازی و هەواڵگری لە کوردستان بکەن.

ئەگەرچی تورکیا زۆر بەزووی و لەگەڵ دەستبەکاربوونی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم، لەپەنای هێزی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کە بەهاری (١٩٩٢) خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، تورکیا پەلاماری گەریلاکانی پەکەکەی داو لەسنووری خۆی دووری خستنەوە و گەریلاکان گواسترانەوە چیای قەندیل، بەڵام ئازایەتی و چاونەترسی گەریلاکان و خەباتی بەردەوام، بوونە هۆی ئەوەی گەریلاکان بەئاسانی لە قەندیلەوە بگەنە ناو خاکی تورکیا و مەترسی ڕاستەقینە لەسەر دەوڵەتی تورك دروست بکەن و تا ئەم ساتەوەختە ئەو مەترسییە بەردەوامە، بۆیە تورکیا هەمیشە خەون بە وێرانکردن و داگیرکردنی قەندیلەوە دەبینێت. 

بەڵام ئێران لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی پارتی و یەکێتی لە سەرەتای ئایاری(١٩٩٤) ەوە دەستیان دایە، بەهۆی دووری حزبی دیموکرات لە چیا سەرکەشەکان، هێزەکانی ئێران لە هاوینی (١٩٩٦) زەربەیەکی گەورە لە حزبی دیموکرات لە کۆیە بدەن، کە بووە هۆی پاشەکشەیەکی زۆری خەباتی چەکدارییان و تا ئەم ساتەوەختە نە دیموکرات و نە هێزەکانی حزبەکانی ئەو بەشەی کوردستان خەتەرێکی ئەوتۆیان لەسەر سنوورەکانی ئێران و شارە کوردییەکانی ئێران نییە.

کارێك کە تورکیا هەمیشە بەرامبەر قەندیل کردوویەتی کە ناوەندی سەرکردایەتی پەکەکەی لێیە ئەوەیە، بەردەوام لە ژێر ڕەحمەتی فڕۆکە و ئاگری چەکە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەیە، هەر ئەوەندەش نا، بەبەهانەی گەریلاکان هەرچی گوندی هەرێمی کوردستان لە سەر سنووری تورکیا هەیە، سوپای ئەو وڵاتە خستویەتە ژێر ئاگری چەکەکانی. لەوەش زیاتر تورکیا وەکو بەشێك لە خاکی خوی لە ناو هەرێمی کوردستان ڕەفتاری کردوە و دەکات.

ئێستا کە تورکیا سوودمەندی یەکەمی ئابووری هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی نەوتی کوردستانە و دەیان چالاکی جۆراوجۆری سەربازی و هەوڵگری لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی چوارقورنەی نزیك ڕانیە تا سپیلك و سەری ڕەش و بامەرنێ و قەدەش و ناو شار و شارۆچکەکان هەیە. 
بە بەهانەی شەڕی داعشیش هێزێکی زۆری سەربازی و میتی وڵاتەکەی بەزۆر بەسەر کوردستاندا سەپاند، بەڵام بەوەش ڕازی نییە و داوای داگیرکردنی قەندیل، یان وێران کردنی دەکات.

بەلێدوانی موراد قەرەیلانەوە دیارە، کە ئەمجارە تورکیا، بەتەمای شەڕێکی بەرفراوانە و هەڵبەت وەك هەمیشە چاوی لە هاوکاری و هەماهەنگی هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەت پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتە لە شەڕی پێشمەرگە و گەریلاکان لە شەنگال و چیای شەنگال بێ ئومێد بووە، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئەو شەڕەی تورکیا بەنیازییەتی چۆن و کەیە و چۆن دەتوانێت هێزەکانی بگەیەنێتە قەندیل؟ ڕووداوەکانی لێرە بەدوا دیاری دەخەن، کە ئەو نیازەی تورکیا بەرامبەر قەندیل و گەیلاکان هەیەتی چییە و ڕووداوەکان بەرەو چ ئاراستەیەك دەڕۆن.

26/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر