یاری هەڵدانی ئاڵای کوردستان و مەترسییەکانی!

ئیبراهیم عه‌باس
رووداوەکانی نزیک بە سێ هەفتەی رابردوو، لەو ساتەوەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک پێشنیاری پرۆژە بریارێکی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا فەرمییەکان، خەریکە بەتەواوی راستی وتەکانی ئیرین بانكۆ, کچە نووسەرو رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکا،بچەسپێنێت کە بەچەندان بەڵگە باسی لە سەوداو مامەڵەی بەرپرسە ئەمریکییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کردبوو. ئەو کچە رۆژنامەنووسە بەوردی تیشکی خستبووە سەر سودمەندبوونی بەرپرسانی ئەمریکا لە نەوتی کوردستان لە ٢٠٠٦ەوە تا ئێستاو لەبەرامبەردا گڵوپی سەوزیان بۆ کورد داگرساندووە بۆ فراوانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی مافی گەڕان و دۆزینەوە و فرۆشتنی نەوت بۆ ئەمریکییەکان بێت. پێدەچێت جگە لە ئیزن و فەمانی ئەمریکییەکان هیچ ئیرادەیەک نەبێت ئاڵای کوردستان بخاتە سەر فەرمانگە ئیدارییەکانی شاری کەرکوک.

تا بەرزکرنەوەی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکوک نەبوو بە بڕیار و هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر نەدا، کەس بەقەدەر تورکەکان دژی هەڵدانی ئاڵای تورکیا نەبوو، کار گەیشتە ئەوەی مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا راوێژکارێکی رادەسپێرێت و پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی بکات و بەڵێنی ئەوەش وەربگرێت گەر ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریش بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بکات، بەڵام ئاڵاکە هەر هەڵنەدرێت.

بەهەر هۆکارێک بێت یەکێتی خۆی نەکردە خاوەنی بەرزکردنەوەی ئاڵاکە، کەچی تورکەکان چونکە ئیدارەی شارەکە لەسەر یەکێتی حساب دەکەن، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانیان لەسەر ئەوان حساب دەکرد و چەندین بەرپرسیان لێدوانی توندو ئاگرینیان دەدا و کەوتنە دژایەتییەکی توندو تورکمانەکانی شارەکەشیان خستە سەرشەقام. راستییەکەی تا سێ رۆژ پێش ئێستا پارتیش خۆی نەکردە خاوەنی هەڵکردنی ئاڵاکە، بەڵام کاتێک ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزکردنەوەی ئەو ئاڵایەیان بە نا دەستووری ناوناو رەتیان کردووە، پارتی زیرەکانە خۆی کردە خاوەنی ئاڵای کوردستان و لەمەشدا مەبەستیان بوو:
١/ بەڕەی ژێر پێی یەکێتی دەربهێنن و خۆیان کرد بە خاوەنی راستەقینەی ئاڵای کوردستان و بۆ کەسبی ناوخۆ و هەڵای راگەیاندن، پارتی کارێکی لەم باشتری دەستنەدەکەوت، هەربۆیە میدیاو سوشێڵ میدیای پارتی زۆرترین حەملەی ئیعلامیان بۆ کردو بەچڕی بەردەوامن.
٢/ ئەو هەڵا راگەیاندنەی پارتی ئەو پەیامەی بە تورکیادا کە لەهەر کوێیەک تورک دژی ئاڵای کوردستان بن ئەوان قسەیەکیان نییە، بەڵام کاتێک عەرەبەکان و حکومەتی عێراقی دژایەتی ئاڵای کوردستان بکەن، بۆ کەسبی وەلائی خەڵکی سادەی کوردستان هەڵای راگەیاندنی لەسەر دەکەن.

مەترسییەک کە لەم پرسەدا هەیە ئەوەیە:
١/ ئەو ناتەباییەی لە قوڵایی عەقڵ و بیرو ستراتیژیەتی سەرکردەکانی کورد دایە، لەو پرسانەدا باشتر بۆ خەڵکی کوردستان دیارو ئاشکرا دەبن.
٢/ ئەو پرسە نیشانمان دەدات، هیچ شتێک لای حزبی کوردی پرسێکی نیشتمانی نییەو نابێت و بەرژەوندی حزبی لەسەرووی هەموو پرسێکی ترە.
٣/ رووداوەکانی ئەم سێ هەفتەی کەرکوک و کوردستان ئاماژەی روونن کە هیچ متمانەیەک لە نێوان سەرکردەکانی حزبە باڵاکان نییەو هەر کەسە و بۆ ئەجنداو بەرژەوەندی حزبەکەی ئامادەی هەر جۆرە یارییەکە. یارییەکی خراپ کە ٢٦ ساڵە نەیهێشت هەرێمی کوردستان پشوویەک بدات و ئیدارەیەکشمان بنیاتنا کە گەندەڵی سەراپای تەنیووەو تاکە شتێکیش کە حسابی بۆ ناکرێت یاسایە

04/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر