هونەری لاساییکردنەوەی بەعس!

ئیبراهیم عه‌باس
ئەم وتارە شیارێکی خێرایە بۆ ئەو هەڵتەکاندنە ژێرخانە فکرییەی کۆمەڵگای کوردستان، کە حزبی دەسەڵاتداری کوردی بە سود وەرگرتن لە بنەما فکری و کردەوەو رەفتاری حزبی بەعس و دەوڵەتە داگیرکارەکان دژ بە کۆمەڵگای کوردی ستراتیژیانە کاری لەسەر دەکەن و خەڵکیش بەهۆی پەرۆشی بۆ بژێوی ژیان و حەزکردن بە ژیانێکی خوشگوزەران ئاگاداری نین. مەبەستی وتارەکەش بۆ گەشبینی و دونیا بینی تاکی کوردە، نەک رەشبینی زیاتر.

کە دەگوترێت بەعس، مەسەلەکە ئەوە نییە رژێمەکانی پێش بەعس و تورکیای کەمالیست و شاهەنشا و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەمتر لە بەعس بە فکر و ئایدیاکانیان و ستەمکاری و زەبر و زەنگ کاریان لەسەر هەڵتەکاندنی ژێرخانی فکری خەڵکی کوردستان کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بەعس و سەدام حسێن دەستیان لە هیچ نەپاراست، تا ئەو جێگایە نەک بە فکر و ستەمکاری، بەڵکو بەکردەوە دەستیان دایە لەناوبردنی بەکۆمەڵ و کیمیاباران، ئەگەریش زەمەن دەرفەتی بدابایە تا لەناوبردنی یەکجاری کورد دەرۆیشتن.

پرسیاری جەوهەری لەم پرسەدا ئەوەیە بەعس چ رێگایەکی گرتبەر تا لەڕەگەوە کۆمەڵگای کوردستان هەڵتەکێنێت؟ بۆچی لەستەمکاری هیچ بنەمایەکی ئاییینی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی لەبەرچاو نەگرت؟ بێگومان بەعس بە سەپاندنی هێز دەستی پێکردو لەپەنای ستەم و زوڵمەوە لە رووی کرداریشەوە هەوڵیدا کە تاکی کورد بەجۆرێک ملکەچ بکات، ئەگەر رۆژگارێک ئەو تاکە رووبەڕووی بۆوە نەتوانێت بە فکر و بیر، دژایەتی بکات، بەڵکو پەنا بۆ هەمان ئەو توندوتیژیە بەرێت کە بەعس خۆی بەرهەمی هێنا.

مەبەستە سەرەکییەکەم رێک ئەو خاڵەیە و حزبی کوردیش بەوردی کار بۆ هەمان ستراتیژ دەکات بەڵام چۆن؟

یەکەم- لە راپەرینەوە تا ئەم ساتەوەختە حزبی دەسەڵاتداری کوردی کاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابووریدا گرتووە و تا ئێستا پارە لای دوو حزبەکەیە و حکومەت و خەڵکیش موفلیس!.
دووەم- هەر کەسێک کاری بەدەست نەکەوێت، ئاسانترین رێگا هەڵگرتنی چەکە بەناوی پێشمەرگایەتی و دەزگا ئەمنییەکان و ئەمەش ئەگەرچی ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆ کەسەکە دەستەبەردەکات، بەڵام رێگای پێشەکەوتن و متمانە بەخۆبووونی لێدەگرێت و بەرەو ملکەچی دەبات.
سێیەم- هیچ بەهایەک بۆ خۆ پێگەیاندنی فکری و کامڵ بوونی کەسایەتی تاک نییە، کە رێگای خوێندن ئاسانترین و گونجاوترین رێگەیە بۆ هەر تاکێک، کەچی ئەو کەسەی زانکۆ و پەیمانگا تەواو دەکات، تاکە شتێک کە لەخوێندن دەستی نەکەوتووە فکرە، چونکە نەهجی خوێندن لە وڵاتی ئێمە بۆ وەرگرتنی بڕوانامە و دامەزراندن و مووچەیەکی رەمزییە.
چوارەم- لە خوێندندا ئەگەرچی زانست دەست تاک دەکەوێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک بنەما مرۆڤدۆستییەکان، کە تەواوکاری وەگرتنی زانستە، دەست فێرخواز ناکەوێت.
پێنجەم- ئەو دەروونە ئارامەی بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتنی ژیان پێویستە و بنەمای پێشکەوتنی زانستە لە کۆمەڵگای ئێمە هەوڵی وێرانکردنی دەدرێت.
شەشەم- رەخنەکارانی جدی لەهەر یەک لە نووسەر، رۆژنامەنووس، ئەکادیمی، مامۆستا و زانای ئایینی،  شاعیر و هەر چینێکی تری کۆمەڵگا سەرکوت دەکرێن و ئەگەر پێوستیشی کرد سیناریۆى شێواندنی ژیانیان و کوشتنی فیزیکی و جەستەییان ئاسانە. 

 سەرئەنجام : حزبی دەسەڵاتداری کوردی مۆدێلێک کە لەبەعس و داگیرکارانەی بۆی ماوەتەوە، زیرەکانە خەریکی ئەو هەڵتەکاندنەیە کە بۆ ئامانجی مانەوەی لەدەسەڵات پێویستی پێیەتی. بەو مەبەستەی:
ئەلف: هاوشێوەی بەعس و سەدام کە کاتی خۆی بە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتییان دەوت، دوای نەمانی ئەوان خەڵکی عێراق وەکو زەردەواڵە پەرش و بڵاودەبن و بەکەس کۆنترۆڵ ناکرێن، گوایە گەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێمەش بڕۆن خەڵک وەکو زەردەواڵە بڵاودەبنەوە!.
با: روانگەو قەناعەتێک لای خەڵک دروستکراوە کە ئەوان بە خوێن هاتوون و بەخوێنیش نەبێت کورسییەکانیان بە دیموکراسی و هەڵبژاردن بۆ کەس چۆڵ ناکەن.
جیم: بەردوام ئەو پەیامە بەخەڵک دەدەن، گەر ئەوان نەبن، وڵات ئیدارە نادرێت، خەڵک بژێوی ژیانی پێ دابین ناکرێت، دوژمنەکانمان هەرێمەکەمان داگیر دەکەنەوە، ئەمن نامێنێت و دەیان وەهمی تر.

بەدڵنیاییەوە هیچ کام لەمانە راست نین و واقعێکن کە خەڵکیان پێ دەستەمۆو کویلە کراوە، رەنگە راسترین پرسیار لەم نێوەندەدا بکرێت ئەوەیە، ئەی بۆچی حزبە ئۆپۆزسیونەکانی پێشوو، وە حزبەکانی تر روانگە و دونیا بینی نوێیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو واقعە نییە و کوا پڕۆژە فکریی و دونیا بیینییەکانیان؟ 

وەڵامەکەی بەلای منەوە ئەوەیە:
کە ئەوان بەو بەهانەی کە پارەو چەک و دەسەڵات لەدەست حزبە حوکمرانەکانە، تا ئەو ساتەی دەگەنە دەسەڵات نابێت هیچ هەنگاوێک بنێن، ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیە کە نائومێدی بۆ خەڵک دروستکردووە و پێویستە هەرچی زووتر ئەم هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە و هەقە هەر لەو ساتەوە بە جدی کاری لەسەر بکرێت.
 بەڵام چۆن؟
١- ئەو بنەما فکرییەی دوو حزبە ئیسلامییەکە و بزوتنەوەی گۆڕان هەیانە، بەتایبەت کتێبەکانی مامۆستا عەلی باپیر و کاک نەشیروان مستەفا دەکرێت تەوزیف بکرێت بۆ پێگەیاندنی کەسایەتی تاکی کورد تا ئەو جێگایەی خەڵک شانازی بە بنەما فکرییەکانیانەوە بکات.
٢- پارەو ئابووری کە لای حزبە دەسەڵاتدارەکانە لەبەرامبەر فکرو باوەڕدا هیچ باهایەکی ئەوتۆیان نییە، چونکە دەیان و سەدان دەوڵەمەند هەن گەر پرۆژەیەکی بنیاتنانی تاک لە خوێندن و پێگەیاندن هەبێت، ئامادەن هاوکاری ئەو حزبانە بکەن و ئەوانیش دەتوانن بەها و کەرامەت بۆ خەڵک لەرێگای خزمەتکردن بە گەنجان بۆ خوێندن و برەودان بەتواناکانیان بگێڕنەوە.
٣-دەیان و سەدان خولی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆ خەڵک بە خۆبەخشانە بکەنەوە، چونکە گەر خەڵک بەتایبەت گەنجان فێری زمانی تری نێودەوڵەتی بوون، ئەوەندە هوشیار دەبن بەئاسانی لە خیتابی سواوی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە کە لەپەنای کوردایەتی و نەتەوایەتی دەیکەن تێدەگەن.
٤- خراپترین کار بیرکرنەوەیە لە بوونی چەک، ئەمە رێک ئەوەیە کە جووت حزبە دەسەڵاتدارەکە دەیانەوێت، چونکە گەر ئۆپۆزسیۆنی پێشوو، باشتر لە ئێستا بیربکەنەوە دونیا بینییەکانیان بدەن بەگوێ خەڵک و خۆیان پابەندبن پێوەی، یان ئاراستەیەکی نوێ دەربکەوێت، بێگومان پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان پێش خەڵکی سادە پشتیوانیان دەکەن.
٥- راگەیاندنی ئەو حزبانە لەو شێوازەی ئێستا دەرباز بکرێت، کە شێوازێکە ڕەشبینی بەرهەم دێنێت و هیوا ئارەزووەکانی خەڵک دەمرێنێت.
٦- دەکرێت ئەو حزبانە گرەنتی ئەوە بەخەڵک بدەن کە ئەگەر ئەوان لە پلەی وەزیفی بوون، جیاواز دەبن لەپێش ئێستا کە وەزیرەکانی گۆڕان و پەرلەمانتارەکانی سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکە چەند ساڵە کەوتوونە هەڵەو، چوون لە هۆتێل و شارە مۆدێرنەکان دانیشتن و کەوتنە نازو نیعمەتی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

کەواتە ستەمکاری و زەبروزەنگ و تێکدانی بنەما ژیارییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، کە حزبە فەرمانرەواکان پەیڕەوی دەکەن، لە بنەمادا بۆ ئەوەیە تا دەیان ساڵی تر خۆیان فەرمانرەوایی بکەن، هەرچی بەناوی کوردایەتی و خوێنی شەهیدان و ئاڵاو سونبلەکان و خەبات و قوربانیدان دەگوترێت لە بناغەوە سەرکردەکانیان باوەڕیان پێ نەماوە و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە تۆپ لای حزبەکانی ترو هوشیاری تاک و کۆمەڵگایە.

07/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر