باس لەچ جۆرە دەوڵەتێک دەکەن؟

ئیبراهیم عه‌باس

جەنگە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان، ئەگەرچی ماڵوێرانکارن و بەسەدان هەزار مرۆڤ و  ژینگە و سروست دەهاڕن، لێ هەمیشە کۆتاییەکانیان بەزۆری لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، یان ئەواتا بەهێزی بە دەوڵەتەکە دەدات و لەناوخۆ پایەی ئەو دەوڵەت بەهێز دەبێت، یان ئەوەتا دەوڵەتەکان بەتەواوەتی لەبەریەک هەڵدەوشێنیتەوە و دەوڵەتی تر دروست دەبن.
پێش جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم، ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان هەردوو حاڵەتەکانیان تاقیکردەوە، هەر بۆیە دوای جەنگە جیهانیییەکان ئەو دوو قارە لەپەنای جەنگەوە زۆر دەوڵەتیان بەهێزکرد و زۆریشیان کردن بەدوو کەرت و چەند کەرتەوە.

لە سۆنگەی ئەم راستییەوە، ئاساییە کە مادەم چەند ساڵێکە ناوچەکەی ئێمە لە جەنگە گەورە و ناوخۆییەکاندا دەکوڵێت، کەرتبوونی عێراق و بەدەوڵەتبوونی هەرێمی کوردستان ببینین و گەر راستەوخۆش ئەمریکا و ئەوروپاو ئیسرائیل پشتوانی بەدەوڵەتبوونی کورد نەکەن، بەڵام گڵۆپی سەوز یان نیمچە رەزامەندی بۆ دەوڵەتی کوردستان لە هەرێم بنوێنن، چونکە مادەم جگە لەوەی دەیەی رابردوو هەرێمی کوردستان چووە سەر نەخشەی وزەی جیهان و ئەوەش ستراتیژیەتی ئەمریکا کە دابینکردنی وزەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دۆستە ئەوروپییەکانی دابینکردووە، بەفیعلیش بوونە شەریک و برا بەشی نەوتی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا نەک هەرێمەکەمان نابێتە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل کە ستراتیژیەتی دووەمی ئەمریکایە لە ناوچەکە، بەڵکو جەنگی داعش سوپا و هێزی پێشمەرگەی کردە پارێزەری ئیسرائیل!.

بەدەر لە هەموو ئەمانە، ئەوەش راستە تا ئەم ساتەوەختە ئەمریکییەکان و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ مانەوەی عێراقن بەو شێوازەی ئێستا، بەڵام گریمان بەڕاست ئەو دەوڵەتییەی گەر لەسەر خێر بۆ کورد دروستکرا چی و چۆن دەبێت؟

١-واقیعی سیاسەتی سەرکردەکانی کورد لە ٢٠٠٣ بەدواوە هەڵبەز و دابەزێکی زۆری نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیووە، باوەڕدەکەم ئەگەر دڕندەیی داعش نەبوایە هەرگیز هیچ سەرکردەیەکی کورد جورئەتی نەدەکرد بەو پێداگرییەوە باس لە سەربەخۆیی کوردستان بکات.
کەواتە سەرکردەکانی کورد مامەڵە لەگەڵ کارتێک دەکەن کە برانەوەیە لە جەنگی داعش، کە ئەمەش مەترسی ئەوەی بەدوایە ئەو هێزانەی خۆیان بەبراوە لە جەنگی داعش دەزانن، دوای سەربەخۆی بەهەمان غرورییەوە رەفتار بکەن و تەنانەت کوشتارگەش بۆ خەڵکی کوردستان دابنێن، ئەمەش لە پەنای غروری براوەی شەڕ.

٢-  سەرۆکی هەرێم خۆی شەرعیەتی لەژێر پرسیاردایە یان لانی کەم پۆستەکەی مایەی ناکۆکی لایەنەکانە، پەرلەمان پەکخراوە و حکومەتیش بەقەد یەک وەزارەتی ساتەوەختی کابینیەی سێ چالاکی نەماوە. دادگاکانیش کارتی یاری کەسە دەستڕۆیشتووەکانن، لە دۆخێکی شێواوی یاسایی لەو جۆرەدا بەڕاست چ دەوڵەتێک بەرهەم دێت و چۆن دەتوانێت رێز لەیاساکان بگریت؟

٣- بەو ژمارانە بێت کە حکومەت خۆی باسیان دەکات، کوردستان زیاد لە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزداری کۆمپانیاکانی نەوت و تورکیایە، لە ئەگەری سەربەخۆی هەرێم نەک ئەو قەرزانە بەئاسانی نادرێنەوە، بێگومان بۆ قایمکردنی پایەکانی دەوڵەت پێویستمان بە ملیاران دۆلار دەبێت، ئەمەش دەستی سەرکردەکانی کورد واڵا دەکات قەرزێکی زۆرتر لە ئێستا بکەن و بە نیو سەدەی تریش نەتوانن بیدەنەوە.
سەرئەنجامیش زلهێزەکان لەتاو قەرز و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەرگری لەسەرکردەکانی کورد بکەن و ئەمەش نیمچە دیموکراسییەکەی هەرێم بۆ دکتاتۆرییەت بگۆڕێتەوە.

بۆ قۆناغەکانی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان، گەر سەرکردەکانمان باوەڕییان بە رزگاری نیشتمانی مابێت و پارێزەری بەرژەوندییە سیاسی و ئابوورییەکانی حزبەکان و بنەماڵەکانیان نەبن، پێش هەر هەنگاوێک پێویستە ناتەبایی و غرور و ململانێکانیان بەلادا بخەن و بگەڕێنەوە ناو ژیانی خەڵک، نەک خۆیان و نەوە و نەوەزاکانیان لە ژیانی شاهانەی هاوشێوەی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بژین و مووچەخۆر و دایک و هاوسەری شەهیدان و پێشمەرگە ئازاکان بەزەحمەت نان و بژێویان بۆ دابین بکرێت.

دەوڵەت و سەربەخۆیی کە خەون و خولیای هەموومانە و رەنجی زۆربەی خەڵکی کوردستانیشە، ناکرێت بکرێتە کارتی مزایەدی هیچ سەرکردە و حزبێک.
دەوڵەت بۆ خەڵکە نەک بۆ حزب و سەرکردە، کەوایە بەڵێ بۆ ئەو دەوڵەتەی هاوشێوەی گاندی لە هندستان و جۆرج واشنتن لە ئەمریکا و محەمەد عەلی لە پاکستان و ...هتد هەموو ژیانی خۆیان بۆ تەرخان کرد، نەک دەوڵەتێکی وەک عێراق کە فەیسەڵی کوڕی حوسێن کوڕی عەلی هاشمیان لە سعودییە بۆ هاوردە کرد و هەرگیزیش ئەو دەوڵەتە نەشایەکەی و نە خەڵکەکەشی خۆشیان لێی نەبینی.

13/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر