بۆ ئەوانەی لە پەیامی لێدانی فەرهاد پیرباڵ نەگەیشتن!

ئیبراهیم عه‌باس


رۆژی ٨ ی تەموزی ١٩٨٢ سەدام حوسێن سەرۆککۆماری عێراق، بە مەبەستی وتاردان و سوپاس کردنی خەڵکی دوجەیلی شیعەنشین، لە نزیک بەغدا، دەگاتە ئەو شارۆچکەیە، چونکە سەدام ئەو ساتە زۆر پێوستی بە پشتوانی خەڵک هەبوو، بەردەوام خەریکی خۆدەرخستن بوو، سەردانەکەی ئەو رۆژە گەرمەی گەرمای هاوینی ١٩٨٢ هەر بۆ ئەوە بوو.

دوای تەواوکردنی وتارەکەی سەرۆک، کاتێک کەژاوەی پاسەوانەکانی سەدام رووەو بەغدا گەڕانەوە، لەناو دارخورماکانی ئەو شارۆچکەیە، زیاتر لە دە چەکداری حزبی دەعوەی ئیسلامی، پەلاماری سەدام و کەژاوەکەیاندا و سەرئەنجام سەدام بەرنەکەوت و تەنها دوو پاسەوانی کوژران، بەڵام بووە شەڕێکی قورس و زۆربەی هێرشبەرە شیعەکان کوژران و بەشێکیشیان دەستگیرکران.

سەدام ئەوەی بەدەرفەتزانی و فەرمانی بە هێزەکانی ئەمن و مخابەرات کرد بکەونە گیانی خەڵکی دوجێل و دەستیان کرد بە توندوتییژی و لێدانی خەڵکی بێ گوناح، سەرئەنجام سەدان کەس دەستگیرکران و ١٤٨ کەس و لەدەستگیرکراوانە لە ١٤ ئۆکتۆبەری ١٩٨٢ لەسێدارەدران، هەمووشمان لەبیرمانە ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر ئەم رووداوە سەدام لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربان بە ئیمزای مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە لەسێدارە درا.

زۆر دیمەن هەن کە سەدام شەقاوە ئاسا وەستاوە و سەیری دەستگیکردنی خەڵکی دوجەیل و لێدان و ئەشکەنجەدانیان لەبەرچاوی کامیڕا دەکات، دوای لێدان لە فەرهاد پیرباڵ لە پێش دەرگای پارێزگاری هەولێر، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر ڤیدیۆ ئەم دوو رووداوەیان بەیەکەوە گرێداوەو لە پەنای ئەم رووداوەشەوە، پارتی و بەعسیان خستۆتە تای یەک تەرازوو، ئەگەرچی و لەراستیدا هیچ حزبێکی کوردی لەگەڵ بەعس بەراورد ناکرێت.

ئەگەر بەهانەی ئەو دوو کەسە بۆ لێدان و سوکایەتی بەم نووسەرە، لەسەر جنێو بە هاوسەری پارێزگاری هەولێر بووبێت، یان کۆی کارەکانی پێشتری د. فەرهاد، بێگومان هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە قسە یان جنێوێک کراوەتە رەوایی بۆ سوکایەتی و لێدان و بەکارهێنانی چەک و حاسب نەکردن بۆ یاساو سەرئەنجام بەرهەم هێنانی توندوتیژی.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا گەر هاوشێوەی رووداوەکەی دوجیەل. خوا نەکردە لە هەولێر تەقە لە بەرپرسێکی باڵای پارتی بکرێت چی روودەدات؟ خۆ سەدامیش بۆ کردوەکانی بەهانەی گەورەی دادەتاشی و بەردەوام توندوتیژی بەرهەمدەهێناو سەرئەنجام نەیهێشت خەڵکی عێراق بحەسێتەوە.

سزادانی قورسی ئەم دوو کەسە و هاندەرە سەرەکییەکانی پشتیان، لە زووترین کاتدا، سەروەربوونی یاسا دەردەخات، بەلای منەوە دەکرێت ئەمە بکرێتە خاڵێکی وەرچەخان. راستەوخۆ مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و لەسەر زاری خۆی ئیدانەی کردوەکە بکات و رێگاش بە دادگاکان بدات شەفافانە و بێلایەنانە ئەم دۆسییە بەسزادانی تاوانباران بە کۆتا بگەیەنیت.

ئەرکی ئێمەی رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیران و دەزگاکانی راگەیاندنە لەسەر ئەم رووداوە مەترسیدارە بێدەنگ نەبین، دەێڵێمەوە مەسەلەکە د. فەرهاد نییە و ئاساییە ئەو بەرێز چ هەڵوێستێکی دەبێت، نەخێر مەسەلەکە ئازادی و کەرامەت و بەها بەرزەکانی ژیانی خەڵکی کوردستانە، کە ناکرێت بکرێنە قوربانی هیچ کەس و حزبێکی سیاسی، ئەو ئازادی و بەهایانەی لەبەرەبەیانی مێژووی خەباتی کوردەوە خۆێنمان لەسەری رژاوە.


15/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر