هێرشەکەی تورکیا و بێ هەڵوێستی بارزانی

ئیبراهیم عه‌باس
شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو کە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم، هیچ کاردانەوە و ناڕەزایی بەرامبەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر چیای شەنگال دەرنەبڕن. 
ناچمە سەر ئەو هۆکارانەی کە هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئێستادا بەیەکەوە پەیوەست دەکات و تا ئەو جێگایەی نەتوانرێت ناڕەزایی لەسەر کارەساتێکی ئەوەندە گەورە دەرببڕێت، هەقیشم بە پرۆتۆکۆڵە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی تورکیا و هەرێمەوە نییە. 
تەنها ئەوەندە نەبێت، دەگەڕێمەوە بۆ چەند هۆکارێکی گرنگ کە بەهۆیانەوە، هەرێمی کوردستان بەشی پارتی، کە دەسەڵاتە سیادییەکانی لەدەستە، کەوتە ئەجندای تورکی، ئەمەش هۆکاری ڕازی بوون بەهەر ئەجندایەکی تورکیە.

سەرەتای بەهاری ٢٠٠٧ بە هۆی لێدوانێکی مەسعود بارزانی بۆ کەناڵی العربیە، کاتێک لەسەر پرسی ریفڕاندۆم لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستوور، کاتێک پێشکەشکارەکە ئەو پرسیاری لێکرد، کە لە کاردانەوەی دەوڵەتی تورکیا ناترسن؟! بارزانی بە لەخۆباییەوە وتی، "گەر تورکیا دەست بخاتە کاروباری کەرکوک، ئێمەش دەست دەخەینە، دیاربەکر و ٣٠ ملیۆن کوردی تورکیا دژیان دەجوڵێنین".

ئەو لێداونە بە خێرایی کاردانەوەی تورکیا و ئاک پارتی فەرمانڕەوا و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و مەجلسی ئەمنی نیشتمانی تورکیای لێکەوەتەوە، بەجۆرێک لە سەرەتای نیسان و دواتریش، تورکەکان هێندە بەتوندی کەوتنە وەڵامدانەوە، لەلایەک ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گول، لەیەکی تریش عەسکەر، هەڕەشەی هێرشی زەمینیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرد، کارگەیشتە ئەوەی هێزێکی زۆری تورکی بە دەبابە و چەکی گەورە گەیشتنە ئیبراهیم خەلیل، تورکەکان گەیاندیانە ئەوەی هەڕەشەی دابەزاندنی کۆماندۆ لە سەری رەش و کوشتنی بارزانی و خانەوادەکەی بکەن، هەر ئەوەندەشنا، ئەگەری بەردانەوەی بەنداوی سەر زێ گەورەیان دەکرد، کە دەیان وت هەرێمی کوردستان بەتەوای دەخەینە ژێر ئاو.

دوای ئەوە بارزانی کەوتە هەڕەشەی زیاتر و هێزێکی زۆری زێڕەڤانی و پێشمەرگەی بردە نزیک ئیبراهیم خەلیل، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ توانا و هێزی سوپای تورکیا بەراورد نەدەکرا، تەنانەت ئەگەر خوانەکردە شەڕ روویدابایە، ئەو پێشمەرگانە کە هەموویان کوڕە هەژاربوون، نەک گاردە تایبەتییەکانی بارزانی! دەکەوتنە ژێر زنجیری دەبابەکان و دەشێلدران. لە هامان کاتیشدا خۆپیشاندانێکی ملیۆنی لە هەولێرەوە بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عەنکاوە رێکخرا. ئەم دوو کاردانەوەی بارزانی و لێدوانە توندەکانی دواتری، بوونە توڕەیەکی زۆری ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گول و بڕیاری دابەزاندنی کۆماندۆیان لەسەری رەش خستە رۆژەڤەوە.

کاتێک بارزانی زانی سەرانی تورک لەمەدا جدین، خۆی و کاکەکانی خانەوادەی پەنایان برد بۆ واشنتۆن و کۆندا لیزا رایس، بەڵام واشنتۆن گوێ پێ نەدان، ناچار هەموو ئاراستەی داواکانیان وەرچەرخاند بۆ سەفارەتی ئەمریکا لە بەغداو ئەوەش دادی نەدان، چونکە وەڵامەکانیان خەمساردانەبوون و بارزانیش لە ئاستی جدییەتی هەڕەشەکانی ئەردۆگان دڵنیابوو، هەر بۆیە لەچەند ڕۆژێکدا خانەوادەی بارزانی لەسەری ڕەش و هەولێریش، دەستیان کرد بەچۆڵکردنی کوردستان. چونکە هێشتا فرۆکەخانە گەورەکەی ئێستا دروست نەکرابوو، هەر بۆیە لەچەند رۆژێکدا خانەوادەی بارزانی لەسەری رەش و هەولێریش، دەستیان کرد بەچۆل کردنی کوردستان . ئەو کات باس لە ئەوە دەکرا خانەوادەی بارزانی خەریکی خۆدەرباز کردن و گواستنەوەی زێڕو پارە و کەلوپەلی بەنرخەکانیانن.

بارزانی بەجۆرێک تووشی هەراسانی بوو، پەنای برد بۆ رۆژنامە و راگەیاندنەکانی ئەمریکا و لە ئەوێوە داوای هاوکاری ئەمریکای دەکرد و دەیوست خۆی بە زوڵم لێکراو بناسێنێت، کاتێکیش رۆژنامەنووسان پێیان دەوت بۆچی لەجیاتی دژایەتی تورکیا، بۆ دژایەتی پەکەکە لەگەڵ تورک هاوپەیمانی پێکناهێنن؟ بارزانی بەڕاشکاوی دەیویت تورکەکان چیان لێمان دەوێت، کە لە پێناو ئەواندا (٣٠٠٠) هەزار پێشمەرگەی لەشەڕ لەگەڵ پەکەکەدا کردۆتە قوربانی؟!.

مێژووی ئەم قۆناغە و مانەوەی بارزانی بەتەنها و مەترسی دابەزاندنی کۆماندۆی تورکی لە سەری رەش و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر خودی بارزانی و خانەوادەکەی، بوونەهۆی ئەوەی کورد دەستبەرداری مادەی ١٤٠ و کەرکوک ببێت، کە بڕیار بوو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ ریفراندۆم بکرێت.

لەدوای هەڕەشەکانی بەهاری ٢٠٠٧ەوە ناوچەی ژێر دەسەڵات و نفوزی بارزانی لە ژێر هەیمەنە و ئەجندای تورکیادایە، نەک هەمامەنگی ئەمنی و عەسکەری و هەوڵگری لەنێوان هەرێم و تورکیادا هەیە، بەڵکو تورکەکان وەکو حەوشەی پشتی خانووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەولێر دەکەن و سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکیشن. لەبەر ئەم هۆکارانەش نە لە ئێستا چاوەروانی هەڵوێستی بارزانی دژ بە تورکیا بکەن، نە لەداهاتووش چاوتان لەوەبێت هەڵوێستێکی لەسەر هەر پێشێلکارییەکی تورکیا ببین. تەنها لەیەک حاڵەتدا نەبێت، مەگەر بەیاننامەکە لە ئەنقەرە بگاتە هەولێر و مەبەستەکەش تەنها بۆ ئیستهلاکی ناوخۆی کوردستان بێت

30/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر