مایکڵ گونتەر و پۆستەکەی بارزانی

ئیبراهیم عه‌باس

کارێک کە پارتی لە حزب و هێزەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە، ئەو حزبە لەسەر پشتی ئابووری و هەموو ئەو شتانەی بە پارە دەکڕێن، سیاسەت دەکات. ئەو سیاسەتەی هەندێکجار هێندە نابەرپرسیارانە پیادەی دەکەن، خەریکە سەرئەنجام تووشی ئیحراجی گەورەیان دەکات.

بیستنی رای جیاوازی پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی، لە هەولێر و لە کۆنفرانسێکدا کە بە پارەی پارتی رێکخراوە و لە ساتەوەختێکدا کە کاک نێچیرڤان بارزانی کەسی دووەمی پارتی بەشدارە، بەلای منەوە مایەی هەڵوێستەیەکی جدیە، هەرگیز ئەوە بە ئاسایی نازانم کە پرۆفیسۆر مایکڵ گونتەر بەو راشکاوییە بڵێت "وازنەهێنانی بارزانی لە پۆستەکەی هۆکاری بەردەوامی کێشە سیاسییەکانی کوردستانە.....هتد". ئاخر چۆن باوەڕبکەین مۆدێلی پارتی لە سیاسەتکردن لەسەر پشتی ئابووری و پارە، لەم کاتە هەستیارەدا کەلەبەرێکی هێشتۆتەوە بۆ گوتە و هەڵوێستی میوانێک کە پارتی لە هەولێر هەموو میوانەکان شاهانە خزمەت دەکات. ئەگەر مەسەلەیەکی تر لە پشت بابەتەکەوە نەبێت.

گەر وا نەبێت، کاتێک پارتی بەدەیان هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی لە هەولێر رازاندۆتەوە، میوانەکان ئەگەر بۆ رۆژێک و دوو رۆژ کاری فەرمی بگەنە کوردستان، ئەو بە مانگ و دوومانگ خزمەتیان دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی بە سیاسەتی شكڵی پارتی سەرسام بن، ئیتر چۆن رێگا بەم  ڕوانگە تەواو جیاوازە دەکەن؟.

لە دوای سەردانەکەی د. فوئاد حوسێن لە دوو مانگی رابردوودا، کاتێک لەگەڵ حەیدەر عەبادی و شاندی عێراقی چاویان بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کەوت، لەو کاتەوە چەندان هەواڵ دزەیان کردۆتە ئاژانس و دەزگا راگەیاندنەکانی دونیا، کە سەرۆکی تازەی ئەمریکا، ئامادە نییە بەرێز بارزانی ببینێت و ئەگەریش ئەو دیدارە بوو لە بینیینی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتنادات. تەنانەت کارگەیشتە ئەوەی وەڵامی نامەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نەرێنی وەڵام بدرێتەوە و پێان وتراوە لەرێگای وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم داوایە بکەن.

رەتکردنەوەی چەند داوایەکی بەرێز بارزانی بۆ بینی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و ئەم گوتانەی پرۆفیسۆر مایکڵ گۆنتەر، ئاماژەی روونن، گەر ئیدارەی سەرۆک ئۆباما لە ئابی ٢٠١٥ لە ژێر کاریگەری شەڕی داعش بەمانەوەی ناچاری بارزانی لە پۆستەکەی رازیبوون، پێدەچێت ئیدارەکەی ترەمپ لەم هەڵوێستە و مانەوەیە رازی نەبن، بەتایبەت کە وادەی بەسەرچوونی دووساڵە زۆرەملێکەی بەرێز بارزانیش خەریکە تەواو دەبێت و کەمتر لە سێ مانگی ماوە.

هەروەک پێشبینی دەکرا، دوای داعش کێرڤی سەرکردەکانی کورد لە ئاوابوونەو بەناچاری دەبێت بگەڕێنەوە بۆ رازیکردنی لایەنەکان و خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی دابەزینی کێرڤی کەسێک و تەنانەت حزبێک، ئەزمەی گەورە بۆ کوردستان نە خوڵقێنێت.

بیرمان نەچێت ئێستاش جەنابی کاک مەسعود دەتوانێت، بە دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەو پۆستەی کە کەسە نزیکەکانی ناو حزبەکەی بەرێز بارزانی هان دەدەن، هەتا لە ژیاندابێت دەستی لێبەرنەدات، دەکرێت زۆر شت بگۆڕێت، گۆڕانکارییەک کە بێگومان کوردستان لە زۆر رووداوی چاوەڕوانکراو دەپارێزێت.

27/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر