بۆچی ئەمریکییەکان خواستیان بۆ سەربەخۆی کوردستان نییە؟

ئیبراهیم عه‌باس
نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کە کاک مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە بەتەواوی پرسی ریفراندۆم سەربەخۆی کوردستان دەخاتە ژێر گومانەوە. ئەم دوو پەرەگرافە کتومت لەناو روونکردنەوەکەدا هاتووە:

"(لوقمان فەیلی) سەفیری پێشووی عێراق لە واشنتۆن لە لێدوانێکیدا کە لە چەند کەناڵێکدا بڵاوبۆتەوە باسی لەوە کردووە، کە ئیدارەی ئەمەریکا دژایەتیی خۆیان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بە بەرێز (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
لیرەدا بۆ ڕای گشتیی ڕوون دەکەینەوە، کە لە ھەموو ئەو دانیشتنانەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ئەمەریکای ھەبووە، ئەوەی بەدیکراوە پاڵپشتی و ھاوسۆزیی لایەنی ئەمەریکی بووە بۆ خواستەکانی گەلەکەمان و ھەردوولاش جەختیان لەوە کردۆتەوە، کە ھەموو پرس و کێشەکان بە لەیەکتر تێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن".

روونکردنەوەکە روونە کە بەهیچ جۆرێک بەلای پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیدا ناچیت، ئەی کەوایە هەرێمی کوردستان کە دەسەڵاتەکانی زۆرتر لەدەستی پارتیدان، بەپشتوانی کێ و چۆن و کەی سەربەخۆی بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات؟ ئەو رستەیەش کە لەکۆتایی روونکردنەوەکەدا هاتووە "بابەتی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆییش پەیوەندیی بە خواستی گەلەکەمانەوە ھەیە و بڕیاردەری کۆتاییش لەم پرسەدا ھەر ھاووڵاتیانی کوردستانن.". لە رستەیەکی ناو کایەی راگەیاندن بترازێت هیچ واتایەکی تری نییە، نەک هەر ئەوەندە مەترسی ئەوەشی لە دوایە  گەر بێ پشتیوانی ئەمریکا خۆمان لە قەرەی پرسێکی وا گرنگ بدەین، هیچ دوور نییە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ریسکەوە، کە پێدەچیت لەو ساتەوەختەدا ئیرادەی ئیدارەی نوێی ترامپ شتێکی تر بێت.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم سەردانی ئەمریکای کرد و لە هێریتیج فاوندەیشن، کەناوەندێکی بیرکردنەوەیە، وتارێکی پێشکەش کرد. لێرە لە کوردستان هەڵڵایەکی گەورەی راگەیاندنی بۆ رێکخراو ، بەوەی کە ئەو سەردانە دەستەبەری رای ئیدارەی ئەمریکای بەدەستهێناوە و باسی ئەوەش دەکرا لەم چەند مانگە ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەرکەوت وەکو زۆر پرسی تر جگەلە هەڵڵای راگەیاندن شتێکی تر نییەو ئەمریکا لە ئێستادا پشتیوانی لە سەربەخۆی کوردستان ناکات، بەڵکو رێنمایی سەرکردەکانی کورد دەکات بۆ هەر پرسێک لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن.

ئەم پرسە بیرمان دەخاتەوە، چەند پێوسیتمان بە پشتوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا هەیە کە هیچ پێوەرێک بۆ پشتیوانییەکان نییە و بەردەوام لەگۆڕانکاریدایە، هێندەو زیاتر پێوستیمان بە متمانەی ناوخۆی کوردستان و ئاشتەوایی هەیە. دەکرێت هەڵوێستە گۆڕاوەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی ئاماژەبن بۆ ئەوەی لە ژێر پەرچەکردارەکانی ناوخۆماندا، ریسک بە هەرێمی کوردستانەوە نەکرێت، چونکە ئاماژەکان دیارن، ئەمریکا لەم ساتەوەختەدا رێگا بەوە نادات، بەهۆی سەربەخۆی کوردەوە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بڕوات.

05/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر