ریفراندۆم و رووداوەکانی پشت پەردە

ئیبراهیم عه‌باس


زیاد لە دەساڵە، ئەوەی پێدەوترێت دبلۆماسییەتی کورد، کە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی پێدەکەن، بە جۆرێکە نمایشی هەرێمی کوردستانە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا، کە لە چاوی نەوت و گازو وەبەرهێنان دەکەن. بە واتایەکی تر برەودان بە دبلۆماسیەتی کوردستان و راکێشانی کونسڵ و نوێنەری وڵاتان لەسەر ئەو هەرزان کردنەیە کە سەرانی کورد بەخاک و سامانی خەڵکی کوردستان کردوویانە و دەیکەن.

لە زۆربەی شاندەکانی کورد بۆ دونیای دەرەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە، یاوەری بەرێز بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بوون، بۆ ئەوەی بە هەرزانترین نرخ بەرژەوەندی بۆ دەوڵەتانی خاوەن بریار و بەهێز دروست بکرێت، کەچی ئەم هەرزان بازاڕییەی کوردستان چونکە کۆدەنگی خەڵکی کوردستان لەسەر نییە لای دونیای دەرەوە بەتایبەت زلهێزەکان، نەبووە جێگای بایەخێکی ئەوتۆ!.

دەرکەوت ئەوەی پێدەوترێت دبلۆماسییەتی کوردی، لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ و دەوڵەتمەدارانە نەبووە و نییە، ئەوە نییە لە ساتەوەختێکی وەکو دیاریکردنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان جگە لە هەنگاریا کەس لەگەڵ سەرانی کورد نییەو زلهێزەکانی وەکو ئەمریکا و رووسیاو ئەڵمانیا و .... هتد، دژی هەر جموجۆڵێکی کوردن کە عێراق پارچە پارجە بکات، نەک هەر ئەمە دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی جاردانی رۆژی گشت پرسی خەڵکی کوردستان و مەرسومی سەۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فشارێکی بچوکی ئەمریکا بەس بوو، هاوشێوەی هاوینی پار، کاتێک ئەمریکییەکان بارزانیان ناچار کرد بۆ هەماهەنگی دەرپەڕاندنی داعش سەردانی بەغداو عەبادی بکات، ئەم جارەش بارزانیان ناچارکرد بەپەلە پەیوەندی بە عەبادییەوە بکات و دڵنیایی بداتە عەبادی کە ریفراندۆمەکەی هەرێم کاری پێ ناکرێت!.

ئاماژەکان روونن ئەوە کارتەی بارزانی گرتوویەتە دەست کۆمەڵە مەبەستێکی ناوخۆیی لە پشتەو بەشێکە لەو ململانێیە کە لە ناوەراستی شەستەکانی سەدەی رابردوو لەسەر دەستی بارزانی باوک دژ بە تێکۆشەرانی کورد بەرپاکرا. خوێندنەوەیەکی سادە بۆ ئەو رووداوانەی لە پشت پەردە لەسەر پرسی ریفراندۆم دەگوزەرێن، دەریدەخەن، ئەو هەرزانفرۆشییەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی نێچیرڤان بارزانی کردوونی، یارییەکی ترسانک بووەو باجەکەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو دەوڵەمەندییەی خاکەیان لەسایەی سەرانی کورد، تاڵاوی برسیەتی دەچێژن و لە پرسە هەستیارەکانی وەکو راپرسی بۆ پرسێکی هەستیار، نەک دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەنی لەگەڵمان نین، بەڵکو دژی جموجۆڵەکانیشمان بۆ مافێکی ئاسایی دەوەستنەوە.

پرسێک کە لە هەموو بابەتەکانی تر جێگای هەڵوەستەیە، ئەو یارییەیە کە پارتی بە ئەندام و هەوادارنی خۆی و بەشێک لە خەڵکی سادەی کوردستان دەیکات، ئاخر پارتی و بارزانی مەسەلەی ریفڕاندۆمێکی تاک لایەنایەی حزبیان کردووە بە پرسێکی نیشتمانی بۆ سەربەخۆی کوردستان، لە کاتێکدا هەر رۆژێک دوای دایاریکردنی ٢٥ ئەیلول بۆ دەنگدانی خەڵکی کوردستان، لە ژێر فشارە زۆرەکانی ژێر پەردە هوشیار زێباری پابەندبوونی خۆیانی بەیەک پارچەیی عێراق دووپات کردەوە.


11/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر