کێ دەتوانێت ئەو ئیرهابە فکرییە رابگرێت؟

ئیبراهیم عه‌باس
سەرنجراکێشترین خاڵ کە لەدیداری نوینەرانی وڵاتانی خۆرائاوا رەیچڵەکاندم، ئەو زانیاری و تەنانەت نیگەرانییە بوو کە لە سایت و پەیجە بێ دایک و باوکەکانی هەرێمی کوردستان هەیان بوو، نیگەرانییەک کە بەلای ئەوانەو دیاردەیەکی سەیربوو، کە بۆچی دەبێت ئاستی کێبرکێی سیاسی بگاتە دواخاڵ کە لەپەنای ئەو جۆرە راگەیاندنە بێ خاوەنانە ئیرهابی فکری و داشۆرین لەناو کەسایەتییە سیاسییەکان هەبێت و سەرئەنجام ئیرهابی فکری بگاتە رۆژنامەنووسان و بەم هۆکارەش مەترسی بڵاوبێتەوە. 

دەزانم ئیرهابی فکری بەهۆی دووبەرەکییەوە رەگێکی لە مێژینەی هەیە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک کە مەترسی پشێوی کۆمەڵایەتی لێدەکرێت و ئەگەر نەوەستێنرێت بێ گومان ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسی و بەدوور نازانرێت کەسانێک گروپ و دەستە بۆ توندوتیژی دروست بکەن و حزبە دەسەڵاتدارەکانیش پاڵپشتی ماددی و لۆجستیان بکەن. 

زۆربەی حزبەکان پەریزیان لەم رووەوە خاوێن نییەو هەر حزبە بەقەدەر خۆی بەرپرسیاری ئیرهابی فکری و نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام خەریکە پرسی ریفراندۆم دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گۆڕینی ئیرهابی فکری بەجۆرێک، گروپی پشتوانی ریفراندۆم کە راستەوخۆ بارزانی سەرپەرشتی و رێنماییان دەکات، دەست ناپاریزن لە هیچ بەهایەک و هەرچی تومەت و بوختانە دەیبەشنەوە، لەو پێناوەی بەلایەنگرانی پارتی بڵێن، ئەوەی لەگەڵ ریفراندۆم نەبێت، هەر خاین نییە بە تەنها، بەڵکو گوایە لە بەها کۆمەڵایەتییەکان داماڵراوەو دەبێت کار بۆ شکاندنیان بکرێت.

ساڵانی پێشوو بەتایبەت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی بارزانی، زۆرجار لێداونی دەدا، چەند جار رووبەرووی رۆژنامەنووسان دەیوت، نابێت کولتووری جنێو و سوکایەتی بازار، تێکەڵ فەرهەنگ و نووسین و کاری رۆژنامەوانی بکرێت، بیرمە جارێکیان لەبەردەم نوێنەری دەیان دەزگای رۆژنامەنووسی تکای کرد کە جنێو و تومەت و بوختان ناکرێت ببنە نووسین، چونکە لەدوا رۆژدا نەوەیەکی زمان پیس پەروەردە دەبێت. گەر بۆ ئەوسا کە بارزانی ئاسۆی بەردەمی بۆ سەرۆکی هەتاهەتی روون بوبێت و خۆی بەرپرسیارتر لە ئێستا زانی بێت، هەر بۆیە لەرووکەشدا ئەو روانگەی هەبووبێت، بێگومان ئێستا و گەر رۆژگارێک تەنانەت بارزانی لە ماڵی خۆشی بێت، هەقبوو هەمان روانگەی هەبێت، نەک بە پێشنیاری دەوروبەری کە زۆربەیان کەس و کارە دەستۆیشتووەکەی خۆینی لە حزب و حکومەت و راستەوخۆ سەرپەرشتی تیمێکی راگەیاندن بکات کە کاریان ئیرهابی فکری و تیرۆری کەسایەتی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەیە کە لەگەڵ کات و ساتی ریفراندۆمدا نین یان رەخنەیان لە شێوازەکەی هەیە.

هەڵمەتی ئیرهابە فکرییەکەی پارتی گەیشتۆتە ئاستێک کە دەیان نووسەرو رۆژنامەنووس کەرامەتیان لکەدار کراوەو بوختان و درۆیان بۆ هەڵبستراوە تا ئەو ئاستەی بەحسابی وتارو هەواڵەکانی پەیجە بێ دایک و باوکەکانی دەزگای پاراستن و پارتی بێت، ئەوانە هەر شایانی ئیرهابی فکری نین، بەڵکو ئاساییە تیرۆری جەستەیشیان بکرێت.

کەوابێت کێ دەتوانێت ئەو هەڵمەتە بووەستێنێت، هەڵمەتێک کە بەهانەکە ئەنجامدانی ریفراندۆمەو خودی بارزانی سەرپەرشتی کەمپینە راگەیاندنەکە دەکات و کوڕو برازاکەی تەواوکاری کارەکانی بارزانین؟. رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە ئاسان نەبێت و وەکو زۆر کاری تر کەس خۆی بەخاوەن نەکات، کەوابێت ئەم دۆخە پەندە فارسییەکەم بیردەخاتەوە کە دەڵێت بۆ ئەوەی خۆراک خراپ نەبێت خوێی پێوە دەکەن، بەڵام ئەگەر خوێ خراپ بوو چی پێدادەکەن؟

27/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر