بۆچی رێگا نەدرا پشوویەک بدەین؟

ئیبراهیم عه‌باس
هۆکارەکانی خستنە رۆژەڤی ریفراندۆمەکەی هەرێم نەزانراو و ئاڵۆزنین، دەرنجامەکانیشی ئاشکران، بەڵام زۆرن ئەو کەسانەی بەدگومانن لە خودی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی، چونکە باش لە مەغزا و مەعدەنی ئەو سەرکردانەی کورد شارەزانین کە بۆ مانەوە لەدەسەڵات و دادۆشینی وڵات لەژێر ناوی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری خەریکی چ جۆرە یارییەکن، ئەو یارییەی کە بەردەوام لە دەوری کێشەو ئاڵۆزی و ئەزمەو سەر ئەنجام جەنگ و شەڕ خول ئەخۆن.

دەستبردن بۆ مەلەفی ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی بە سیفەتی سەرۆکی هەرێم و کۆبوونەوەی چەند حزبێک لە دەوری، ئەو یارییە ترسناکە بوو بەو مەبەستە کرا، نەهێڵن خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پشوویەک بدەن، لەکاتێکدا هەموو ئەگەرێکی مەترسیدار بەسەر پرۆسەکەدا کراوەبوو، ئەمەش گەر واتایەکی هەبێت یەکسانە بەوەی خەڵک بەردەوام لە ترس و نەهامەتی و ئەزمە و جەنگدا بێت.
چونکە: هەر ئاڵۆزی و شەرێک دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوون و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و بەدبەختی. کە ئەمانە ئەو خاڵە جەوهەرییەن کە سیاسی و سەرکردەکانی کورد وەبەرهێنانیان تێدا دەکەن بۆ ئەوەی:
١/ هەمیشە خەڵک لە بارێکی ناجێگردابێت و نەتوانێت بیر لە گۆڕینی دەموچاوە سواو کۆتایی هاتووەکان بکاتەوە. 
٢/ کاتێک شەر دەبێت برسییەتی و هەژاری پەرە ئەسەێنێت و ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی سەکردەکان خۆیان بە گەورەو فریادرەس نیشان بدەن و خەڵک وا بزانێت بێ ئەمانە ئەوەی هەیە لەدەست دەردەچێت.
٣/ لەم بارۆدۆخانەدا خەڵک کەرامەت و ویژدانی لێوەردەگیرێتەوە و هەمیشە چاوی لە دەست پانکردنەوەیە، چونکە گەرکێشە و جەنگ هەبێت هەموو مرۆڤێک ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات ئەمەش درزێکی باشە سیاسەتوانەکان بەناوی هاوکاری و خێرخوازی ئیرادەی خەڵکی پێ بشکێنن.
٤/ هەمووشمان بەکردەوە ئەو واقعەمان دیبوو، بەردەوامیش لەناویدا ئەژین.

گومان لەوەدا نەبوو دوای جەنگی داعش خودی بارزانی و سەکردەی ئەو حزبانەی بەرژەوەندییان لەو سیستەمە فاشیلە هەبوو، بەدوای هۆکارێکدا ئەگەران بۆ ئەوەی هەرگیز رێگا نەدەن خەڵک پشوویەک بدات، بۆ ئەوەی درێژە بەو دۆخە بدەن کە بووەتە هۆکاری مانەوەو بەهێزی ئەو حزبە سیاسییانەی لەوەتەی هەن بوونەتە بارگرانی بەسەر خەڵکی کوردستان و رۆژێک باش و هەزار جار خراپ بوون.

گەر ئەمانە وەکو فاکت و راستییەک وەربگرین، بەتایبەت کە لە دەرئەنجامی ریفراندۆمدا شەڕ روویداو بووە هۆی لەدەستدا لە ٥١٪ خاکی کوردستان و ئەو کوشتارو ماڵوێرانییەی لێکەوتەوە، باشتر لەو یارییە ترسانەکە ئەگەین کە سیاسییەکان هەر رۆژەو بەناوێک بەدوای نائارامی و جەنگدان ئەگرێن و بەردەوامیشن، ئەمەش بۆ ئەو راستییەمان ئەبات کە کاتی ئەوەیە رێگە لەو خوێن بەفێرۆدان و نەفیزە ئابوورییە بگرین کە مەبەستەکەی زەلیل کردنی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی نەتوانن هەگیز بەخاوەن عەزم و شەهامەتەوە بژین. دڵنیاش بن بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەش تەنها ئیرادەمان پێویستە و هیچی تر

22/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر