کوردستانێکی بەهێز بەڵام بەبێ بارزانی

ئیبراهیم عه‌باس

سەرئەنجام حەیدەر عەبادی بە هێشتنەوەو پاراستنی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، نەک هەر توانی دەستەبەری کورسییەکەی بۆ چوار ساڵی تر مسۆگەر بکات، بەڵکو توانی مەسعود بارزانی فرێبداتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و بێگومان دابەشکردنی هەر بیست دەسەڵاتەکەی بارزانی بەسەر سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، لەپەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژەی روونن کە شتێک بەناوی بەمەرجەع بوونی بارزانی نییە و نابێت و پێدەچێت لەزووترین کاتدا حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی تا داخلبوون بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەست بەجموجۆڵەکانی خۆیان بۆ دانووستاندن لەگەڵ بەغداو رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی تری هەرێم و دونیا دەستبەکار بکەنەوە. 

هەرگیز نکۆڵی لەوە ناکرێت ئەو هاوسەنگییەی ئەمریکییەکان لە عێراق لەنێوان هەرێم و ناوەند رایانگرتبوو، بۆ ئەوە بوو هەرێمی کوردستان تایەکی ئەو تەرازوەبێت کە پێویستە لەبەردەم هەژموونی شیعەکانی عێراق هەبێت، بەڵام بێ دەربەستی مەسعود بارزانی بەتایبەت دوای ئەوەی رێگایەکی یاسایی بۆ مانەوەی لەکورسییەکەی نەمابوو، دەستی برد بۆ مەلەفی ریفراندۆم کە لە ئەنجامدا نەک هەر ئەمریکییەکانی رەنجاند بەڵکو یەکێتی ئەوروپاو بەریتانیا و تورکیاو ئێرانی هەریەکەو بەجۆرێک بەگژ پێگەی هەرێمی کوردستاندا کرد.

سەرئەنجام هەرێمی کوردستان کەوت و باشترین رێگاش بۆ هەستانەوەی کوردەکان، دوورخستنەوەی بارزانی بوو لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم، چونکە ئەمریکییەکان کە خۆیان بنیاتنەری بەهێزی هەرێمی کوردستان بوون، حەزیان نەدەکرد ئەم دۆخە بەسەر کوردەکاندا بێت، بەڵام کاتێک بارزانی تەحدای دونیای کرد ئیتر هەوڵەکانیان و سیناریۆکانی وڵاتان سەرەتا بەلێوەرگرتنەوەی فرۆکەخانەکان و دواتر خاڵە سنوورییەکان و داوتریش گەیشتە لێ سەندنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گەر بارزانی تەسلیم بە بریاری گەرانەوە بۆ ناوچەی سەوز (هێڵی ٣٦) نەبوایە بێگومان مەترسی لەسەر کەوتنی هەولێریش هەبوو.

ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت کاتێک وەکو گۆشتی قوربانی دەسەڵاتەکانی بارزانی دابەشکرا، بۆ ئەوەی لەو ماوە کاتییەدا بەدرێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵیدا حکومەتی هەرێم و پێدانەوەی رۆڵ بەوەزیرەکانی گۆڕان و هێنانە پێشی کەشێکی لەبار بۆ دانووستاندن لەگەڵ بەغدا، سەرئەنجامیش رۆیشتن بۆ هەڵبژاردنێکی باشتر و پاکتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بۆ ئەوەی شانسی دەرکەوتنی هێزی تر و کارەکتەری تر برەخسێت، ئەو شانسەیە دراوەتە هەرێمی کوردستان تا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵ کار بۆ رەخساندنی دۆخێکی باشتر بێتە پێش و لەجیاتی ئەوەی کورد ببێتە داردەستی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و هەر رۆژەی دوای ئەجندای دەوڵەتە دژ بەیەکەکان بکەوێت، لەناو عێراقدا هەرێمێکی بەهێز بنیات بنێن.

وشکردنی شادەمارەکانی ئابووری کوردستان و رادەستکردنەوەی داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و فرۆکەخانەو خاڵە گومرگییەکان بۆ دەسەڵاتی ناوەند، دەرخەری ئەو راستییەن کە بارزانی و دوای خۆی نێچیرڤان بارزانی برازی کە ١٥ لەو ٢٠ دەسەڵاتەی مامی پێدراوە، بەبێ ئەو پارە خەیاڵییەی لەداهاتەکانی کوردستان دەستیان ئەکەوت ناتوانن دژی ئەجندای ئەمریکاو هاوپەیەمانان بووەستنەوە.

خۆ رەنگیشە و بەدوور نازانرێت نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەلایەن خودی بارزانی و ئاژانسی پاراستنی پارتی رێگری ئەوتۆیان بۆ دروست بکرێت و نەتوانن نەخشە رێگاکەی بەردەمیان تەواو بکەن، هەروەکو لە رۆژی ٢٩ ئۆکتۆبەر بینیمان، کاتێک بەفەرمانی بارزانی شەقام جوڵێندراو دەسکرا بە پەلاماری پەرلەمان و بارەگاکانی یەکێتی و گۆڕان و کارکردن بۆ پەلاماری ماڵی مامۆستا عەلی باپیر و کۆمەڵ لە هەولێر و هەڵکوتانە سەر ئۆفیسەکانی کەناڵی NRT  لە هەولێر و دهۆک، بەو ئامانجەی دوو ئیدارەی خوڵقێننەوە. بەڵام ئەمە دەمێکە لای ئەمریکەیەکان رەفزەو گەر ئەو هەوڵانە بەردەوامیان پێبدرێت، بێگومان سیناریوی تر دێتە پێش کە بەدووری نازانم بەیەکجاری کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنرێت و کوردستانێکی بەهێز لەسەر دەستی هێزی نوێ و کارەکتەری نوێ بنیاتبنرێت، چونکە ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کوردستانێکی بەهێزیان دەوێت




PM:07:53:31/10/2017