سەبارەت بە لێسەندنەوەو زەوتکردنی ماڵی کادرانی حزب

ئیبراهیم عه‌باس
دزە پێکردنی دەنگۆیەک لە لایەن مەلا بەختیار، بۆ لێسەندنەوەی ماڵ و موڵکی بەرهەم ساڵح، بە هۆی جیابوونەوەیان لە یەکێتی، کاردانەوەی توندی مەحمود سەنگاوی بەدواداهات، ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی یەکێتی رایەکی پێچەوانەی هەیە و ئەڵێت لەسەردەمی مام جەلال کاک نەوشیروان و نیوەی یەکێتی جیابۆوەو بەڵام هەرگیز باسی زەوتکردنی ماڵ و موڵکی کەس نەکرا.

ئەم باسە هانمان ئەدات بگەڕینەوە بۆ رەگی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە لە ناوچەکەی خۆمان، ئەو ناوچەیەی پێگەیاندنی کەسایەتی سیاسییە فەرمانرەواکانی لەسەر ئاگری زوڵم و ستەم ئامادەو کوڵێنراوە.

میراتی دەسەڵاتدارانی کورد، کە لە ئێستا بۆ مانەوەیان سودی لێوەر ئەگرن وە بۆتە فەلەسەفەیەک و رێبازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە فەرمانڕەوایەکەیان روانینە بە مێژووی تەواوی ناوچەکە هەر لە ئیمپڕاتۆڕییەتەکان تا دەسەڵاتی ئایینی و مێژووی نزیکی فەرمانڕەواکانی دەوڵەتە داگیرکارەکان لەو پارچانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، کە پڕن لەو نموونانەی هەمیشە بەجۆرێک رووبەرووی نەیارەکانیان و لادەرانیان بوونەوە دووربووە لە هەرجۆرە سۆز و بەزییەک.

لە مێژووی نزیک مۆدێلی کوشتن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکی رکابەرو نەیاران و لادەران، لە دوای کوشتنی عەبدولکەریم قاسم لە ١٩٦٣ەوە بەفراوانی نەتەوەچییەکانی عەرەب کاریان لەسەر کردووەو سەدام حوسێن لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، گەیاندییە ترۆپک، کاتێک دەنگە ناڕازییەکانی ناو حزبی بەعسی لە کۆنگرەیەک کۆکردەوە و هەرچی زانی بەدڵی ئەو رەفتار ناکات، نەک ماڵ و موڵکی داگیر کرد، بەڵکو ژیانیشی لێسەندەوە، لەکاتێکدا پەووەردگار ژیانی پێ بەخشیبوون.
مەلاکانی ئێرانیش هەمان کاریان لەگەڵ سەرانی پێشووی رژێمی شاهەنشاهی کردو بەهەزاران فەرماندەو بەرپرسی ئیداریان تیرۆرو ئیعدام کردو دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیرا. 

شۆرشی کورد کە لە ١٩٦١ هەڵگیرسا، لەسەر دەستی مەلا مستەفا ئەم دیاردەیە هاتە ناو خەباتی بەناو کوردایەتی، چونکە مەلا مستەفا لەناوچەکەی خۆیان بەهۆی دژایەتی عەشیرەتگەری ئەم کردەوە هەبوو، ئەویش هەمان کاری بەسەر نەیارانی ئەهێناو لە ١٩٦٤ لەماوەت، مەکتەب سیاسی حزبەکەی خۆشی تاڵان کرد.

بەدرێژایی خەباتی شاخ ئەو دیاردەیە لەناو هەموو حزبە چەکدارەکان هەبوو، بەجۆرێک مەلا بەختیار کە ئێستا هەڕەشە زەوتکردنی ماڵی کاک بەرهەم و لیستەکەی ئەکات، خۆی لەلایەن یەکێتی هەمان کاری لەگەڵ کرا، دوای دەستگیرکردنی خۆی و هاوڕیکانی هەرچی لەشاخ لەدەستیان بوو لێیان زەوتکرا، ئینجا خرانە زیندان.

دوای ١٩٩١ لێدوان و نارەزاییەکی حەمید ئەفنەندی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بەس بوو، بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی هەڕەشەی داگیرکردنی ماڵەکەی بکات و پێوترا گەر لە پارتی جیابیتەوە، ئەبێت هەرچی لەپارتی دەستت کەوتووە رادەستی بکەیتەوە، کە ئەم بووە هۆکاری ترسانی ئەو سەرکردەی پارتی و نەتیوانی لەو حزبە جیابێتەوە.

لە شەری ناوخۆی ئایاری ١٩٩٤ دوو حزبی دەسەڵات ئەم کولتورە بەجۆرێک زیندووکردەوە رووی هەرچی دوژمنی کوردە سپییان کردەوە، چونکە ئەوان مۆدێلێکی نوێیان داهێنا، گەر نەیانتوانیبوایە سەرانە لەخەڵک وەربگرن و ماڵ و موڵکیان تاڵان بکەن، ئەچوون کادرو چەکردارەکانی خۆیان پێ بەخێوئەکردن.

لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری کارو کردەوەی سەرانی دەسترۆیشتووی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بکەی، لە خراپەو تاڵان و دەستپیسی، هیچیان لە نەتەوە پەرستانی عەرەب و گەلانی تری سەردەستە نییە و نابێت.

شیاوی ئاماژەیە بنەماڵەی بارزانی هەمان کاریان دەرهەق بەبەندە کرد، کاتێک سیناریۆکەیان بۆ کۆیلەکردنم سەری نەگرت، هەر مووچەیان نەبڕیم بەڵکو دەستیان بەسەر ماڵ و موڵک و خابووبەرەشماندا گیرا، تەنها مەرجیشیان بۆ دانەوەی ئەوە بوو، قەلەمەکەم بخەمە خزمەت مەتح و سەنای مەسعود بارزانی و بنەماڵە، بەجۆرێک نێچرڤان و مەکتەبی مەسعود بارزانی پێشبرکێیان بوو، کامیان زیاتر بە ئیمتیازو پارە رازیم بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر نەهجی بەرگریکارانەم لە ئەوان، بەڵام کە زانیان ئەوە هەرگیز رووناداتەوە، رێگایەکی دڕندانەتریان هەڵبژارد.


15/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر