لەراگەیاندنی دەوڵەتی کوردییەوە بۆ گەرانەوەی بەغدا

عه‌لی که‌ریمی
سەرنجام کۆبوونەوەی لوتکەی سەرانی کورد لە سلێمانی و لە گردەکەی زەرگەتە بە بێ بەشداری سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی گیرا. بە یەکدەنگ (بەرەواڵەت و روو بە خەڵک) بریاریان دا بە کەمتەرین ماف و زۆر بە لاوازی بەشداری حکومەتەکەی عەبادی بکەن و بگەرێنەوە بەغدا بە قورسایەکی زۆر کەمتر لە جاران و وەک دەریشدەکەوێت و هێمای بۆ دەکەن بە ناچاری!
ئەوەی لەم سیناریۆ و بریارە دەتوانین لێی هەڵکڕێنین، گۆیا پرسیاری سەرەکی لە ناو سەرکردایەتی کورد ئەوەبووە؛ ئەگەر نەچین و بەشداری نەکەین ئایا کورد خۆی پێ بەرێوە دەچێت؟
وڵامەکە بە بێ دوو دڵی نەخێر بووە و داهاتی نەوت و گومرکات و ناوخۆ بەش و دەرەقەتی تەنانەت موچە ناکات جا ئیتر خزمەتگوزاری و رێگا و بان و هەموو مەشروعاتی تر هەر لێیگەرێن!
ئەنجام ئەگەر ئەوە بێ کە کورد خۆی پێ بەرێوە ناچێت و تەنانەت موچەی پێنادرێت، دەبێ بڵێین سەرکردایەتی کورد بریارێکی گونجاو و حەکیمانەی داوە و ملی بۆ ئەمری واقێع شل کردووە و هەر ئەوەی پێکراوە کە دەبوو بیکا، لەوە زیاتر خەڵک لە قەیران و برسێتی نەهێڵێتەوە.
بەڵام میللەتی وریا و وشیار دەبێ دوای ئەم ئەنجامە بێتە سەرخەت و یەخەی سەرکردایەتی کورد بگرێت و لە ناو ئەوانیشدا بە تایبەتی بە مستان لە سینگی سەرۆکی هەرێم بدات و پێی بڵێت:
ئەی کاکە تۆ چ سەرکردەیەکی کاتێک پەنجەت لە مالیکی رادەوشاند و هەرەشەت لێدەکرد، کاتێک ئەجێندای رێفراندۆم و سەربەخۆییت هێنابوو سەر سفرە و نانی بەیانیانی هەموو تاکێکی کورد، بۆ ئاگات لە گیرفانی خۆت نەبوو، بۆ نەدەزانی مەلزووماتی دەوڵەت دروستکردن و سەربەخۆیی بە هەرەشە و گوڕەشە و ئێحساساتی زوو هەڵچوون نایەتە دی؟! ئەی کاکە خۆ جەنابتان جەوانێکی خوێنگەرم و کەم ئەزمووون نەبوون کە بەم شێوەیە یاری بە چارەنووس و قوتی خەڵک بکەن، ئەرێ بەراست کاتی ئەوە نییە کۆمەڵانی خەڵک لێتان بپرسن کوا ئەمە مستەوا و دووربینی سەرکردەی ولاتێکی 5 ملیۆنییە؟!
بابێکی باشی خاوەن ژن و چوار مناڵ شەو و رۆژ بیر لە پلانی چەند مانگ و ساڵی داهاتووی خۆی و ئەم کەسانە دەکاتەوە کە بەرپرسیارەتیانی لە سەر شانە، دەزانێت ئەم ساڵ چی پێدەکرێت و دوو ساڵ و چوار ساڵ و ...ی داهاتوو دەبێ چی بکا و چۆن بە بەرنامە و پلان خزمەت و خۆشگوزەرانی مسوگەر بکات بۆ ماڵ و مناڵی، ئەی کاکە جەنابتان بە سەدان راوێژکاری بیانی و خۆییتان هەیە و ساڵانە لە قوتی ئەم خەڵکە هەژارە بە مەلاین دۆڵار مەعاشی ناموستەحەقت بۆ تەرخان کردوون، خێرە ئەم راستییە سادە و ساکارەیان بۆ شی نەکردێوە و پێیان نەگوتی دەوڵەت و سەربەخۆیی راگەیاندن ئاوا نابێت!؟ خۆ ئەگەر راوێژکارە حازرخۆرەکانت پێیان نەگوتی ئێمەمانان و دەیان دڵسۆزی ئەم گەلە هەژارە هاوارمان لێ هەستا و گوتمان دەوڵەت و نەتەوە ئاوا دروست ناکرێت. نەتەنیا گوێتان بۆ نەگرتین بە سەدان و هەزاران ماشێنی زەبەلاحی رێکلام و میدیا و دەروێشە حیزبێکانتان لێ هانداین و ئیهانەی ئەوەیان کرد ئەم کەسانە دژی سەربەخۆیی کوردن! لە ترسی "میرزا و باسەوادەکان"تان کەس نەیدەوێرا بڵێت؛ ئەی داد ئەی بێداد ئەم رێگایەی ئێوە گوڕووتان گرتووە پێیدا بڕۆن روو بە خەراباتە!
من دڵنیام بەشداری نەکردنی بەرێز سەرۆکی هەرێم لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردایەتی کورد بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ ئەم راستییانە و لە روو هەڵنەهاتن و شانە شکاندن لەسەری ئەوانی تردا، کە بەداخەوە "ئەوانی تریش" بە سەریاندا تێپەری!
لەبەر رۆشنایی ئەم راستییە و لە ژێر سێبەری ئەم سەرکردایەتییە، کە کورد ئەمڕۆ خۆی پێ بەرێ ناچێت، دەبێ بڵێین و قەبوڵی بکەین چوونەوەی کورد لە گردی زەرگەتەوە بەرەو بەغدا بریارێکی گەلێک ژیرانە بوو. ئیتر میللەت دەبێ ئەوە بزانێت ئێعلانی دەوڵەتی کوردی بە مزایدە و ئێحساساتی "جەوانی" و بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکانی ناوخۆیی بەدی نایەت، بەڵکو بیری وردی عاقلانە و عالمانەی دەوێت، ئێستا هەموو تاکێکی ئەم کوردستانە بۆی هەیە بپرسێت: گەر هەرواتان دەزانی باشتر نەبوو لە مانگی 12ی پارەوە ئەم قەیرانەی هەوڵێر و بەغداتان پێک نەهێنابا و خەلكتان بێ موچە و برسی نەکردبا و بەوردی و حەکیمانە و بێدەنگی بەردەکانی بناغەی دەوڵەتی کوردیتان دانابا و پاش 10-12 مانگان نەگەرێنەوە سەر خاڵی سفر نا بەڵکوو زۆر ژێر سفریشەوە! دڵنیام لە هەر وڵاتێکی خاوەن ساحێب و یاسا و ریسا باین دوای ئەم سیاسەت و کارەساتە لە سەرکردایەتی کورد، بە بێ دوودڵی متمانەیان لێوەردەگرتنەوە.


11/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر