ئێران و ئەمریکا

عه‌لی که‌ریمی

ئێران بەهەموو حیسێبێک تاریخی مەسرەفی تەواو بووە. چەند رۆژ پێش، ئەمریکا لە کردەوەیەکی زۆر لە ناکاو و بە زەبر، گەورە ژنرال و پیاوکوژی کۆماری ئیسلامی قاسم سولەیمانی، لە نیوەی شەودا پارچە پارچە کرد و لەتوکوتەکانیان بە سندوق ناردەوە بۆ ئیمامی ئۆمەت و فرمێسکەکانی ئیمام بە بەرچاوی هەموو جیهان بۆنی ئاگر و غەزەبی تۆڵەی لێوەدەهات.

 

لە سناریۆیەکی شینی ئیمام حوسێنانەدا و ژێر پێ کەوتنی دەیان کەس لە خەڵکی ئێران و قوڕی هەموو ئێران بەسەر کردن لە نیوەی شەودا لەتوکوتەکانیان لە چاڵ نا.
پێش چاڵ کردنی وەک فەرهەنگێکی عەشیرەتی تا تۆڵە نەکەینەوە ناینێژین، چەند موشەک رەوانەی عێراق و هەولێر کرا و هەواڵی ئاگری شەڕیکی گەورە بە گوێی گۆی زەویدا دادرا و زۆربەمان تا بەری بەیان چاوەڕێی یاری پلەی ستێشنەکەی ساڵی ٢٠٠٣ بووین کە بە نیوە شەو سەدامی پێ رووخا و لەناویان برد.
بەری بەیان سەرۆکی ئەمریکا دڵنیای کردین بچین بنووین و سبەی قسەمان بۆ دەکا و رایگەیاند کەس نەمردووە و موشەکەکان شتێکی واش نەبوون.
رێک وا دەرچوو، بۆ چەند کاتژمێریك نرخی نەوت و ئاڵتون چوونەسەریان بەخۆوە بینی و دواتر وەک خۆی لێهاتەوە.

 

ئیمامی ئێران بەیانی زوو گووتی جارێ زلەیەکمان لە ئەمریکا سرەواند و دواتر تۆڵەی تریش دەکەینەوە.

 

بەم کارەی دۆی شەو بە خەیاڵی خۆیان شەقامی ئێران جارێ ئارام کرایەوە و کەف وکوڵەکانیان دامرکاندۆتەوە. هەڕەشەی پیتاندن و دەسپێکردنەوەی سەلاحی ئەتۆمی هەڕەشەی هەرە گەورەی هەردوو لای ئێران و ئەمریکایە، ئێران دەڵی دەست پێدەکەمەوە  وئەمریکاش دەڵی بیکەی لەناوت دەبەم.

 

هەر ئێستا سەرنجام ئاغای ترامپ هاتوو قسەی کرد و هەرچی پیاوی عەسکەری و سیاسی و ئەمنی خۆی هەبوو لە پشت سەری وەستا بوون، بە وەی کە ئێران هەرگیز بە سلاحی ئەتۆمی ناگات بە بێ سەلام و علێک دەستی پێکرد. ئەو بە دڵنیایی باسی بێ زیانی خۆیانی کرد لە هێرشی شەوی رابردوو، تەنیا هەڕەشەی لە ئێران کرد کە نابێ دەست بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە.

 

بیانووی چەکی ئەتۆمی بەرای من هەنگاوی داهاتووی ترامپ دەبێ بۆ کۆدەنگی هاوپەیمانان. ئەمریکا هەروەک لە ساڵانی ٨٠ زانیاری هەڵەی هەبوو لە سەر سۆڤیەت و لێی تۆقیبوو هەر ئێستاش لە نەبوونی زانیاری دروست لەبەر گەورەیی و پانتایی خاکی ئێران حەز ناکا بە تەنیایی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە.

 

لە هەنگاوی داهاتوو کاری ئەمریکا دەبێتە کۆدەنگی و هاوپەیمانێکی فراوان لە سەرتاسەری ناوچەکە وئوروپا و کانادا و ئوسترالیا بۆ بەگژداچوونەوەی بە کۆ، دژی ئێران.

 

هەروەک باوە و دەیبینین زۆربەی جاران کاری راوێژکاران لە سیاسەت بە زۆر هۆکار راست دەرناچن و لایەنێک بە چەواشەدا دەبەن. 

 

هەر ئێستا بە هەموو  لێکدانەوەیەک ئەگەر هەر هەمووی سناریۆ و موئامرە نەبووبێت، دەبوو ئەمریکا دژکردەوەیەکی توندی دژی ئێران کردبا، بۆ نەیکرد؟!
ئەمریکا لە هەلێک دەگەڕێ کۆدەنگێکی جیهانیی تەواو دژی ئێران دروست بێت و بە کورتی ئاغای ترامپیان قەناعەت پێنەکراوە کە شەڕی ئێران بە تەنیا بەوان دەکرێ و ئێران ئەوە نییە کە خۆی لێ وێنا دەکا و ئەو شێرە نییە کە دونیای تۆقاندووە، ئەوان واتا ئێران زۆرتر فەقیر کوژ و تەنیا ئازان بۆ خەڵکی بێدەرەتان و بێدەسەڵاتی خۆیان و زۆرتر لەوەی کە شەڕ بکەن بە درێژایی مێژوو بە درۆ و فێڵ وناجوامێری، دوژمنی خۆیان شکست پێداوە و رێوی سفەتانە پەنایان بۆ حیلە و خەنجەر لە پشتدان بردووە.

 

ئێران وەک عیراق و سەدام گەر شەڕی لە گەڵ بکرێ زۆر زوو چۆک دادەدا بەس تا ئێستا راوێژکارانی ئاغای ترامپ نەگەیشتوونە ئەوەی ئازایانە بریار بدەن و ئەو هەموو خاوە خاوە نەکەن لە بەگژداچوونەوەی گەورەترین دەسەڵاتی تروریستان لە سەرتاسەری جیهان.

 

خۆ ئەگەر یارمەتی خەڵکی بێزار و ماندووی ئێرانیان دابا لە هاتنە سەرجادە و توڕەیان لە مانگی رابردوو دەکرا زۆر بە ئاسانتر بە دەستی کۆمەڵانی خەڵک خۆیان لە کۆڵ شەڕی مەلایان کردباوە، تەنانەت رازی نەبوون بۆ چەند رۆژێک هێلی ئینترنێتیان بۆ دابین بکەن تا وەکو لە پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا بەردەوام بن و دەنگیان بگاتە هەموو لایەک و وا بەئاسانی سەرکوت نەکرێن!

 

 هەڵبەت ئەوەش هەیە هەرچی دەگڕێتەوە سەر خودی ئەمریکا و بەتایبەت ترامپ، رەنگە زۆریش بە زەرەری نەبێ مانەوەی ئێران و پارە پەیدا کردن پێی!


08/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر