گۆڕان لە کوێوە هەنگاو بنێت؟

پەروا عەلی
لە ئێستادا  هەل و مەرجێکی وا دروست بووە کە پێویستە گۆڕان بەشێوەیەکی جیاواز کار بکات و پلان دابنێ, پارتی واقعێکی وای دروست کردووە کە دەبێ بە تێکرای پرۆسەی سیاسیدا بچینەوە. 
ئەوەی پارتی کردی کە بەشێوەیەکی نا شەرعی گەورەترین دەزگای هەڵبژێردراوی لە کوردستان پەکخست، بەبێ هیچ یاسایەک وەزیرەکانی دوورخستەوە کە بۆخۆی کودەتایەکە بەهەموو مانایەک و تەنها لەم هەرێمەی ئێمەدا ڕودەدات و رەنگە هاوشێوەی نەبێت لە جیهاندا.
پێش هەر هەنگاوێک دەبێ پارتی بناسین و بزانین دەیەوێت چی بکات ؟ چ سیاسەتێک پەیرەو دەکات ؟ بۆ ئەم کودەتایەی کردو کوردستانی گەڕاندەوە چوار گۆشەی یەکەم؟
مەبەستی سەرەکی پارتی پەکخستنی پەرلەمانە تا دەوری نەمێنێت بۆ دەرکردنی یاسا، چونکە پێشینەی کاری پەرلەمان هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، لێپرسینەوەی وەزیرەکانی حکومەت و پرساندنیانە ، بەدواداچونی هەرە هەستیارترین مەلەف کە مەلەفی نەوتە و پشکی شێری ئەو داهاتە لەدەستی ئەواندا بووە و بەردەوامیشە. بۆیە گەر پەرلەمان ئاکتیڤ بێت لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە بە پلەی یەکەم. 
 پارتی دەیەوێت پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی پەکی بکەوێت و هیچ چاودێریەک لەسەر حکومەت نەمێنێت و  کوێخایانە حکومەت بەڕێوەبەرن، وەک هەر دەزگایەکی حیزبی لەمەڕ خۆیان بێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەک، بە یاسای خێڵ و وەک یاری شەترەنج بە ئارەزووی خۆیان جێگۆڕکێ بکەن, لە ترسی کشش مەلیک. هەڵپەستاردنی کاری وەزیر و پلە تایبەتەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان کار کردنە بەو مەنتیقە. 
جێگای داخە کە هەر سێ حیزبە هاوپەیمانەکەی گۆڕان لەگەڵ هەلوێستی جوانیان ، بەڵام دەبوایە وەزیرەکانیان گەر بۆ ماوەیەکیش بوایە کاری خۆیان هەڵپەستاردایە چونکە ئەوەی بەرامبەر گۆڕان کراوە هەنگاوی یەکەمەو، هەنگاوی دواتریشی بەدوادا دێت گەر بەردەوام بن لە سوربوون لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی. پارتی خۆی پێشێلی ئەو یاسایانەشی کردووە کە خۆی واژۆی کردووە لە ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دا  (کۆتا درێژکردنەوەی ویلایەتی بەرزانی)، بۆیە ئاساییە پێشێلکردنی هەموو یاساو بەربەستەکانی بەردەم ئەو پرسەی لای ئەوان هێڵی سورە لەگەڵ هەر حیزب و لایەنێکدا بێت.
لەم بارو خۆخەدا گۆڕان دەبێ چیبکات؟ گۆڕان ناتوانێت بەهەمان شێوازی پێش ١١ ی ئۆکتۆبەر کار بکات ، ئەو کاتەی پەرلەمان تاکە دەزگای شەرعی کوردستان بوو ،حکومەتی بنکە فراوان بەردەوام بوو لەکارەکانی لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوری و سەربازییەی کە بەتایبەت لەدوای شەری داعشەوە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەئێستادا و پاش ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و ئەو کودەتایەی ١٢ی ئۆکتۆبەر کرا بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا، گۆڕان پێویستە خوێندنەوەی جیاوازی هەبێت بۆ هەموو ئەگەرەکان،بۆ چارەسەری ئەم دۆخەش گۆرران چەند بژاردەیەکی لەبەردەمدایە:
+ گۆڕان پێویستە سوربێت لەسەر ئەوەی پەرلەمان ئاکتڤ ببێتەوە و وەک دۆخی پێش ١٢ ی ئۆکتۆبەر ،بەردەوام بێت لەسەر  ئەرکی یاسایی و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دەرکردنی هەرێم لەم بۆشاییە یاساییە و رزگارکردنی لەم پاشا گەردانیە و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە هەرێم. بەدواداچونی بۆ کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن،  بەشداری لە حکومەت بەهەمان نەفەسی پێشو کە هەوڵدان بێت بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمی کارکردن و پلانی ستراتیجی لە هەموو بوارەکاندا. ئەمەش بە هاوکاری راستەوخۆ و بێ دوودڵی هەر سێ حیزبە هاوپەیمانەکانی دەبێت کە پێشوەخت بڕیاری لەسەر بدەن.
+ ئەگەری مانەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان وەک ئۆپۆزسیۆن و بەردەوامیدان بەکارکردن هاوتای شێوازی پێشوی فراکسیۆنی گۆڕان لە خوولی سێهەمی پەرلەمان.
+ بژاردەی سێهەم لە تێکرای پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاند بێتە دەرەوە.
کار کردن لەسەر بژاردەی یەکەم هەوڵدانە بۆ چاکسازی لە تەواوی جومگەکاندا ، هەوڵدانە بۆ سەروەری یاساو پاراستنی ئەو پرۆسە دیموکراسیە ناکامڵەی لە هەرێمی کوردستان دا هەیەو گەڕانەوەی شکۆی پەرلەمانە، هەرچەندە هەنگاوەکانی پارتی بە پێچەوانەی ئەم ئاراستیەیە، بەڵام ئەو  دەنگانەی  لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەش کەم نین کە داوا دەکەن بارودۆخ بگەرێتەوە بۆ پێش ١١ ئۆکتۆبەر، لەئەنجامدا ئەم پرسە، پرسێکی پڕ ململانێیە و پێشبینی کردن پێیەوە زەحمەتە، بەڵام لە هەموو کاتێکدا ئەم ئەگەرە بۆ خەڵکی کوردستان لەم هەلومەرجەدا لەهەموویان باشترە، گۆڕان کە سوورە لەسەر ئەم داوایە، بەڵام ئەگەر ئاکامی ئەم ململانێیە بەو ئاراستەیە نەرۆشت، ئەوا پارتی بەرپرسی یەکەمە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا. 
بژاردەی دووەم و سێهەم لێک نزیکن ، گۆڕان تەنها وەک ئۆپۆزسیۆنێکی نێو پەرلەمان بێت یان لە هەموو پرۆسەی سیاسی لە حکومەت و پەرلەمانیش بێتەدەرەوە و خەباتی سیاسی بە شێوازێکی جیا بگرێتە بەر، دەبێ زیاتر بێتەوە نیو خەڵک و میکانیزمی جیاواز بگرێتەبەر ،وەک مانگرتن و خۆپیشاندان..هتد هاوشێوەی خەباتی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ کار بکەین و ئەمجارە تێڕوانێنێکی ستراتیژیمان هەبێت بۆ گۆڕانکاری هەمەلایەنەی کۆمەڵگا، لە رووی سیاسی و فیکری و ئابوری و کەلتووریەوەو تەنها چڕی نەکەینەوە لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، بەو شێوەیەی گۆڕان پیادەی دەکات لەو دەمەوەی چۆتە حکومەتەوە.
 گۆڕانکاری چلۆنایەتی لەبەر رۆشنایی ستراتیژێکی هەمەلایەنە، تەنها لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ناکرێت، بەڵکو چەقی گۆڕانکارییەکان دەبێت لە هەولێرەوە بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ بە هاوکاری لەگەڵ هەر سێ لایەنەکەی تر پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ خەباتی جەماوەری سیاسی، ڕێکخراوەیی و پیشەیی درێژخایەن.
ئەم بارودۆخە ئەوە دەخوازێت لە گۆڕان بەهەموو ئۆرگانەکانی و بەتایبەت ژوورەکانی دیراسەی هەموو  ئەگەر و بژاردەکان بکەن و بە تێڕوانینێکی ڕوون پلانیێکی ستراتیژی بۆ داهاتوو دابڕێژن. ئەوەی گۆڕانیش جیا بکاتەوە لە لایەنەکانی تر چیتر دەبێت دەستبەرداری کارکردن بە سیاسەتی رۆژ بهێنێت و ستراتیژی و دوور مەودا بیر بکاتەوەو هەنگاو بنێت.


  
  



04/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر