هەڵوەستەیەک لەسەر خانەی ڕاپەڕاندن و ژنانی گۆڕان

پەروا عەلی
لە ٢٥ ی تەموزی ٢٠١٧ خانەی ڕاپەڕاندی بزوتنەوەی گۆران هەڵبژێردران،  کە بریتیە لە ٦  پۆستی دیاریکراو، ئەوانەی خۆیان کاندید کردبو لە کەسانی توێژە جیاوازەکانی نێو بزوتنەوەکە بون ، نەوەی نوێ و کۆن،  دەرگای خۆپاڵاوتن کراوە بوو بۆ هەمو ئەو کەسانەی مەرجی خۆپاڵاوتنیان تیا بوو. دواجار جگە لە ڕێکخەری گشتی ، شەش بەڕێز دەرچون بۆ خانەی ڕاپەڕاندن. تا ئێرە پرۆسەیەکی دیموکراسی و سەرکەوتوە، کە بزوتنەوەکە دوای کۆچی بەڕێز نەوشیروان مستەفا ئەنجامی دا و بە یەکگرتووی هەنگاوێک بەرەو سیستەماتیک کردنی بزوتنەوەکە بەڕێوە چوو.

ئەوەی جێگای پرسیار بوو، کوا ژنان ؟؟ ئەی خوێنی نوێ؟؟

دەرەنجاممان بینی کە هیچ کام لەمانەی تیا نەبوو، وێرای هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو بەڕێزانە بەڵام ئەم دەرئەنجامە پاشەکشەیەکی تیابوو لەو ڕوەوە.

بزوتنەوەیەکی گەورەی وەک گۆڕان کە تێکەڵەیەکی گەورەی لە بۆچونی جیاواز و توێژی جیاوازی کۆمەڵگای پێکهێناوە ، زۆرینەی قاعیدەکەی گەنج و ژنانە ، ئاخۆ ئەندامێک گرنگ  نیە نوێنەرایەتیان بکات؟ هەموو ئەوڕەخنانەی ڕوبەڕوی گۆڕان دەبێتەوە پێویستی بە وەڵام دانەوەی جدی هەیە..

ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی بە ئەزمون و چالاکی سیاسیمان هەیە کە توانایان هەیە ببنە ڕێکخەری گشتی نەک تەنها ئەندامێک لە خانەی ڕاپەڕاندن.

هەمو ئەو ژنانەی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و ژورەکان، هەڵسوراوان، جگە لە ئەوانەی پۆستی حکومی و پەرلەمانیان هەیە ، بۆیان هەبوو خۆیان بپاڵێون بۆ پۆستە جیاوازەکانی خانەی ڕاپەڕاندن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی بە زۆرێک لەو هاوڕێیانەم وترابو تا خۆیان کاندید بکەن و بچنە ئەو پرۆسەیەوە، تەنها یەک ژن خۆی کاندید کرد..

لێرەوە کۆمەڵێ پرسیار دروست دەبێت،  کە بۆچی ژنانی بزوتنەوەکە خۆیان کاندید نەکرد؟ هەرچەند دەرگای خۆپاڵاوتن کراوە بوو؟ 
ئایا ئەو هاوڕێ بەڕێزانەم  دڵنیا بون لەوەی کە دەنگی پێویست بەدەست ناهێنن؟ یان خۆیان وەک پێویست ئامادەسازییان نەبوە بۆ ئەو پۆستانە لە ئێستادا؟

ئایا پیاوانی نێو جڤات دەنگیان نەئەدا بە ژنە کاندیدەکان؟ گەر وابێت بڕوایان بە توانای ژنان نیە؟
یان ئێمە لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانیوە وەک پێویست تێڕوانینەکان بگۆڕین سەبارەت بە توانای کەسەکان لەبری زەرورەتی کەسەکان؟

ئایا ئێمە وەک پێویست نەمانتوانیوە پەروەردەیەکی تەندروست بکەین بۆ گۆڕینی زهنیەتی هەم ژنان و هەم پیاوان؟
ئەمە ئەو پرسیارانەیە کە پێویستە هەموو هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە خۆمانی بکەین و هەڵوەستەی جدی لەسەر بکەین.. 


26/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر