دۆخی پەرلەمان لەوەزعی کورد خراپترە، کەس نازانێ چی بەسەر دێت، زۆرێک لە پەرلەمانتارانیش نازانین پلانی دەستەی سەرۆکایەتی(پارتی – یەکێتی) چیە؟ کەی دانیشتن دەکرێت، بەرنامەی کار چیە؟
بانگهێشتنامە بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە سایتی پەرلەمان دەکرێت، پاش ڕۆژێک، چەند سەعاتێک ، یا لە نیوەشەودا دانیشتن دوادەخرێت ، پاساویش نیە. لە هەموی خراپتر بەرنامەی کار دانانێن تا پەرلەمانتار نەزانێت باسی چی دەکرێت، یان خۆشیان نازانن چی دەکەن!!
داخۆ بترسن لە پەرلەمانتاران؟؟ کاتی دانیشتنەکانیش لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا دادەنێن !. لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە بەرنامەی کار لەگەڵ بانگهێشتتامە بەر لە ٤٨ سەعات ئاشکرا بکرێت. دوو ساڵ پەرلەمان پەکخرا تا بیکەنە پاشکۆی حیزب و بەم شێوازە کار بکەن.
ئەم ئەقلییەتە حیزبییە کە چەندین ساڵە کوردستان بەڕیوە دەبات ، دەیەوێت بەم شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی خەڵک بکات .
لەوەتەی ئەم پەرلەمانە کارا کراوەتەوە بەمەبەستی شەرعییەتدان بە ئەنجامدانی ڕەفراندۆم لە ١٥\٩\٢٠١٧ حیزب بڕیاری دەرکردوەو ئەمان جێبەجێیان کردوە، لەکاتێدا دەبوو ئەم دامەزراوە گرنگە خۆی گەورەترین دەسەڵاتی هەبوایە و خۆی بڕیاردەر بوایە.
پەرلەمان کارادەکرێتەوە تا (OK ) بدەنە ڕیفراندۆم رۆژێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، رۆژێکیش بۆ ڕزگاربونیان لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بۆتە کێشەیەک و خۆشیان نازانن چۆن پینەوپەڕۆی کەن، دواتریش دوادەخرێت. بەڵام لەم ماوەیەدا دانیشتنێکی تایبەت نەکرا تا گفتوگۆیەکی چڕ وپڕ سەبارەت بە دۆخی هەرێم، ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی بکرێت.
ئەترسم رۆژێک دانیشتنی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی هەمو ئەو شکستانەی لە ١٦\١٠\٢٠١٧ وە دوچاری کوردستان بوە، هەر لە ڕادەستکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و ڕادەستکردنی فرۆکەخانەکان و دەروازە سنوریەکان ، تا دەگاتە سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم ، هەرهەمویمان بەسەرکەوتن پێ بفرۆشنەوە و داوامان لیبکەن بڕیاری بۆ دەرکەین و بەسەرکەوتن ناوزەدی بکەین.
لەسایەی کەشێکی شکستخواردوی ئاوادا کە پەرلەمان بەتەواوەتی بۆتە پاشکۆی حیزب بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هیچ سەنگ و قورساییەک بۆ پەرلەمان نەماوەتەوە، پەرلەمانێک کە لە ١٩ ی ئابی ٢٠١٥ دا دەستی بۆ پۆستەکەی بەرزانی برد و هەوڵی دا یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکاتەوە، ئا لەو پێگە و قورسایییەوە ، ئێستا وەک لقێک و مەڵبەندێکی لێهاتوە، بۆیە ئەرکی فراکسیۆنی گۆڕان و پەرلەمانتارانی فراکسێۆنەکانی ترە ئەوەی بەتەنگ ئەم پەرلەمانەوە دێت، ڕێز و بەها، قورسایی و شکۆ و مانایەک بۆ پەرلەمان بگێڕینەوە.