شکستی سەرکردایەتی کورد لە دیاریکردنی سیاسیەکاندا بۆ بەغدا

پەروا عەلی

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ نمونەیەکی ئێجگار تایبەتی دیموکراسیەتی (کوردیە)، لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە ڕژێمی سەدام ڕوخا هەندێ پۆست وەک کاڵایەکی ئامادەکراو دەکرێ بە بەری چەند کەسێکدا. زیاتر لە دە ساڵە هوشیار زێباری و ڕۆژ نوری شاوەیس وفوئاد مەعسوم وچەند سیاسیەکی کە، لە و ماوەیەدا بەردەوام پۆستە باڵاکانی بەغدایان پێدراوە. سەیرە ئاخۆ لە کوردستان هیچ سیاسیەکی کە نیە (ئەوە ژن هەر بوونی نیە) ئەم سیفاتە ناوازانەی تیا بێت؟ ئەمە لە کاتێکدا لەوەتەی سەدام رووخاوە چەندین سەرۆک وەزیران لە بەغدا گۆڕان، بەڵام لای ئێمە ڕێژەی نەگۆڕە هەر ئەو دوو سێ دەموچاوەیە.


حیزبەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمە چەندین ساڵە کۆمەڵێ پۆست قۆرغ دەکەن بۆ چەند کەسێتیەکی باڵادەستی نێو حزبەکانیان، ئەو کەسایەتییە سیاسیانەش سەرباری ئەوەی دەقیان بەشێوەیەک لە ئیش کردنەوە گرتووە، هاوکات بەغدایان کردۆتە وێستگەیەک بۆ دەسکەوتی سیاسی و ئابوری و ئیداری و بگرە خێزانیش.


ئایا ئەم جۆرە لەدیموکراسیەتی حیزبی و بنەماڵەیی چ خزمەتێک بە پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی دەگەیەنێت؟ نەبوونی دەرفەت بۆ لایەنگران و کەسانی شارەزا لەنێو حیزب و دەرەوەی حیزب؟ هاوکات لە دوای راپەڕینیشەوە چەند جیلێک پەروەردە بوون و کە کەسانی گەنج و خوێندەواری بەتوانایان تێدا دەبینرێت، بەڵام ئەوەی جارێک تاقیکرایەوە و وەلائی خۆی بۆ حیزب و بنەماڵە دەربڕی تا کۆتایی تەمەنی داڵەکە بەسەر سەریەوە ئەنیشێتەوە. بێ مانایە کە کورد هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەداو کەچی لای سەرکردەکانی بەو شێوەیەیە کە هیچ دەوڵەتمەدارێکی تیا پەروەردە نەبووە جگە لەو چەند کەسە نەبێت؟ رەنگە دووبارەبوونەوەی ئەم مۆدێلە لە سیاسیاکان لەبەغدا هۆکارێک بێت کە کورد ناتوانێ ڕۆلی کاریگەر لە بەغدا ببینێ.


دیارە ئەمەی کە ئەگوزەرێ بۆ دیاریکردنی پۆستەکانی بەغدا، بە هەمان شێوە لە کوردستانیش بۆماوەی ٢٣ ساڵە هەر بەم شیوەیە بووە، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح دا هەمیشە دووبارە بۆتەوە، ئێستاش لای پارتی هەمان کەسە و (ئەحەدول ئەحەدە) و ناگۆڕێت ، یەکێتی نیشیمانیش لەبەر کوتلەبازی نێو حیزب ئەم جارە قوباد تاڵەبانی و هەموو تاڵەبانیەکانی تر پۆستیان کەوتە دەست کە بێگومان تا خوا حەزکات بەردەوام دەبێت.


من لە سیحری هەڵبژاردنی ئەم سیاسیانە تێناگەم ئاخۆ بەراستی ئەو هۆکارانە بێت کە ئاماژەم پێدا، یان هەڵبژاردنی کەسێکی پسپۆرو لێهاتو بە پێوەری تەندروست هێندە قورسە کە سەرکردایەتی کوردو حیزبەکان ناتوانن سەری لێدەرکەن، دەبێت ئەو نهێنیە گەورەیە چی بێت کە هاوڵاتیانی کوردستان لێی تێنەگەن؟ ئەوەی دەگوزەرێ خۆ تەنها بۆ پۆستە باڵاکان نیە، بەڵکو کۆی پۆستەکانی تریش دەبێت سەرەتا وەلات بۆ بنەماڵە هەبێت، دواتر بۆ حیزب.


سەرکردایەتی کورد وەک چۆن لە زۆربەی پرسە چارەنوسسازەکاندا شکستیان خواردوە، لە هەڵبژاردنی کاراکتەرەکانی بواری جێبەجێکردنی سیاسەتی کورد وبەشدارییان لە حکومەتی ناوەند هەر هەمان شکستەو هەر بەردەوامیش دەبن و ئەو سەرکردایەتییە نادیدەیە لە بینینی نەوەیەکی نوێ کە لەخۆی خوێنەوارتر و پاکترە.


13/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر