لەم هەرێمەی ئێمەدا ژن بوون چ زەحمەتییەکە!!!

پەروا عەلی
هەموو رق و بوغزەکانتان بەسەر ژناندا مەڕێژن،  ئەم هەموو بێحورمەتییە بە ژنانی کاندید و خوشک و خێزانی کاندیدان دەکرێت، لەلایەن پەیج و ماڵپەڕە بێدایک و باوکەکانتانەوە و چەندین وێنە و ڤیدیۆی ناشرین و نەشیاو دروست دەکەن و بەهەمو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە، وەک ئەوەی  ئەو ژنانە هۆکاری لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و بەتاڵان بردنی سامانی سەرزەوی و ژیر زەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستان بن.

ئەی مرۆڤی بچوک، تۆ دەزانی ژنی چالاک لەهەر بوارێکی سیاسی ، ڕێکخراوەیی و هونەری و ئەدەبیدا، چەندین جار زیاتر لە ئێوە باجی بچوکی ئێوە ئەدات؟ هەموو ئەو ژنانەی لە هەربوارێکدا کار دەکەن و ئازایانە بەشداری بەرچاویان هەیە لە چالاکیە جۆراوجۆرەکاندا، دەهێندەی ئێوە شایانی ڕێزن، ئەرکەکانیان لەنێو ماڵ و دەرەوە دەهێندەی ئەرکی ئێوە زیاترە، وەلێ بەردەوامن و کۆڵ نادەن..

کێ ئەو حەقەی داوە بە ئێوە بەهەموو شێوەیەک  ناشرینیان دەکەن؟ لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان ڕەخنە لە هەموو هەڵسوکەوتێکی ژنانی چالاک دەگرن، چی لەبەر دەکەن، لەچ حیزب یان ڕێکخراوێک کار دەکەن، سەردانی کۆێ دەکەن، یا بۆ نایکەن؟ ئێوە کێن ؟؟ خۆتان بە کەسانی خاوەن حەق ئەزانن و نوکی ڕمەکانتان کردۆتە ژنانی چالاک و بە وردبین سەیریان دەکەن؟ ئێوە خۆتان کێن ئەی بچوکەکان؟؟  ئێوە ئێستاش لە عەقڵێێەتی خێڵ و عەشرەت و ئەبامیحجەلەکان تێنەپەڕیون.. 

دەزانن لەم هەرێمۆکەی ئێمەدا ژنان هەزاران جار تیرۆر دەکرێن؟ هەموو کەس خۆی بەخاوەنیان دەزانێ و ڕێگا بەخۆی ئەدات چۆنی بوێت ناشرینیان بکات، تۆڵەی حیزب و تۆڵەی خێزان و تۆڵەی دین و تۆڵەی خاکی لێبکاتەوە؟  ژنان لای ئێوە کاڵایەکە کە خۆتان هەم کڕیار و هەم فرۆشیارن..

لەهەمو کۆمەڵگا پێشکەوتوو تەندروستەکاندا، ئەو کۆمەڵگایانەی مرۆڤ بوون گرنگترە لە ژن بوون و پیاو بوون، پێوەری سەرەکی بۆ کەسانی لێهاتوو و دڵسۆز، کارو جالاکی و بەخشینەکانییەتی ، ڕاستگۆیی و پابەند بوونییەتی بە پرنسیپەکانی ئەو ئۆرگانەی کاری تیا دەکات،  نەک ژن بوون و پیاو بوون!.  هەمیشە ململانێی شەریفانە ئاسایی و ڕێگە پێدراوە، لێرە نەبێت. لەم هەرێمە ناشیرینییەکانی سیاسەت هێندە زۆر بوە هەموو جومگەیەکی گرتۆتەوە، دەرەنجامەکەی کوشتنی ڕوح و جەستەی ژنانە بە فۆرمێکی جیاوازتر لەو فۆرمە تەقلیدییەی کە هەبوو لە پێشتردا، ئەو هەموو توندوتیژییەی بەرامبەر ژنان دەکرێت هەموو ئاستەکانی تێپەڕاندووە،  توندوتیژییەکان بە هۆکار و شێوازی نوێ خۆی نمایش ئەکات،  ئەرکی هەموو ئازادی خوازانە سنورێک بۆ ئەم هەموو توندوتیژی بێ حورمەتییە دابنێن.
بۆیە تکایە بێحورمەتیەکانتان بەرامبەر بە ژنان ڕاگرن!!!


28/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر