هەرێمی کوردستان ژنی تیا نییە..!

پەروا عەلی
ئێمەی ژنان و ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستان ئاسنی سارد دەکوتین، دەزانن لەم هەموو حیزب و حیزبۆکەی کوردستان، ئەم هەموو قەوارە سیاسییە، نەیانتوانی ژنێک وەک سەرۆکی لیست دابنێن بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان؟

 هیچیان نە حیزبە گەورەکان و نە بچوکەکان، بۆ هیچ کام لەم پرسانە ژنێکیان دانەنا، نە بۆ جوانکردنی سیمای دیموکراسی داماوی خۆیان، نە بۆ ڕازیکردنی دەنگدەری ژنان و ئافرەتان لەکاتێکدا کە ڕێژەی بەرچاوی دەنگدەران ژنن، نە بۆ ڕوسورکردنی بەرنامەی سیاسیان بۆ هەڵبژاردن لای دەرودراوسێ و دنیای دەرەوە، نە بۆ پێدانی وێنەیەکی جوان بە دیپلۆماتە بیانییەکان ونەبۆ پێفرۆشتنەوەی نوێگەری پێمان!!  

ئێوە باشمان دەناسن پیاوانی خاوەن شەهامەت و کامیلول عەقڵی نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئێمە تەنها بە دەستخۆشییەک رۆژانە و هەفتانە چەندین سەعات کاربکەین وهەوڵبدەین بۆ سەرخستنی حیزبەکانمان باکمان نیە، ئەوە بە بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین سەر بە هەرحیزب و لایەنێک بین.

لە ئێوە دەپرسم، تو ویژدانتان؟ سەرۆک و دەسەڵاتدارنی حیزب ، کەستان باوەڕتان بەوە هەیە لە نێو هەموو ئەوانەی فۆرمی کاندیدبونیان پێشکەش کردبو(من بۆخۆم فۆرمم پڕنەکردۆتەوە، تا بزانن شیوەن بۆ خۆم ناکەم)، ژنێک نیە هەمان توانای سەرۆک لیستەکەتانی هەبێت؟؟ 

 باوەڕ ناکەم بەعەقڵی گەورەتان، ئێوە بۆ توانا نەگەڕاون، پێدەچێت ئەوەی تا ئێستاش کە بەشداری بە ژنان کراوە بەڕێژەیەکی دیاریکراو،  مەکرەمەی سەردەمی دەسەڵاتی برێمەرە کە لە دوای روخانی ڕژێم  سیستمی کۆتای ژنانی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا سەپاند، دەنا  بەشداریەکانی تر یا بۆتەوازون راگرتنی کوتلە و باڵ بووە،  یان بۆ خۆڵکردنەچاوی کۆی ئەو کەسانەیە کە بڕوایان بە یەکسانی جێندەری هەیە، دەنا تەواو دڵنیام کە تا نێرێک هەبێت چاوتان ژنێک نابینێت، تواناکانی هەرچەندە بێت. بەشداری ژنان بۆبۆشایی پڕکردنەوە و رازیکردن نیە ئەگەر ژن توانای نەبێت و نەتوانێت ڕکابەری بکات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئایا هەر بەڕاستی ژنێکمان نیە هاوتای ئەو بەڕێزانە بێت کە کراونەتە سەرۆکی لیست؟؟  چەندە پەشمە ئەم هەموو دەبڵ مۆراڵێیەی نێو سیاسەت و حیزبی کوردی.

ئێوە ڕاست دەکەن گەر بڵێن خەتای خۆتانە چونکە نەتوانیمان تێڕوانینی ئێوە و نە پێکەوەبونی ئێمەی ژنان وەک پێویست بگۆڕین و بەهێزی بکەین. بۆیە پیاوانی سیاسی کورستان یەکگرن بۆ لەگۆڕنانی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە نێوان ژنان و پیاواندا کە دەمێ ساڵە ئەمە پیادە دەکەن و نەتانتوانیوە تەنها هەنگاوێکیش لە عەقڵی پیاوسالاری خۆتان بۆ پێشەوە بنێن.


01/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر