پیرۆزبایی نوخبەی پیاوان لە ٨ ی مارس دا..

پەروا عەلی
چەندین ساڵە و ژنانی حیزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەندێ لە ناوەند و دامودەزگا حکومییەکان، یادی هەشتی مارس دەکەنەوە، پیرۆزباییەکان لەلایەن هەموو تویژەکانەوە بوو، ژنان و پیاوان، کەسانی سادە، سیاسی، نوخبەی رۆشنبیران و ئازادیخواز تەنانەت سەرۆکی حکومەت و حیزب، کە لە زۆربەی چالاکییەکان ئامادەییان هەبوو بەڵام تەنها خۆیان بێ ئەوەی ژنەکانیان یا خوشک و کچەکانیان لەگەڵ بێت.

 هەرچەندە  ئەمساڵیش نەگۆڕاین و هەمان شێوەی ساڵانی پێشو ئێمەی ژنان نەمانتوانی پێکەوە ئەو یادە بکەینەوە و فشارەکان زیاتر و گەورەتر و بەهیزتر بکەین، هەموان بە تەنهاو بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان بوو، زۆربەی چالاکییەکان لە رۆژانی هەشت و نۆی مانگی سێ دا بوون ، کە نەدەتوانرا بەشداری چالاکی هەموو گروپە  جیاوازەکان بکەیت، بۆیە دیسان لە خۆمانەوە بۆ خۆمان بوو، هەموان ئەو ژمارە ژن و پیاوە بوین کە چەندین ساڵە دوبارە و چەندبارە بوینەتەوە ..

هەموو سەرۆکی حیزب و زۆربەی سەرۆکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، دەزگاکانی میدیا، ناوەندە ڕۆشنبیریەکان، رۆژنامەنوسان، نوسەر و ئەدیبەکانی ئێرە پیاون، چەندین ساڵە خیتابی ئازادیخوازانەیان تایبەت بووە بە پرسی ژن و داکۆکیکردن لە دۆزی ژن،  بەئاشکرا داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکەن، پێیانخۆشە تا بەرزترین ئاست ژن ئازاد بێت، هەڵبەت ژن و کچی دەرەوەی خێزانەکانی خۆیان، بۆ کچ و ژنی خۆیان زۆر موحافەزەکارن بەڵام پێیانخۆشە هەموو ژنانی دنیا سەربەست و ئازاد بن، چ نەنگییەکە !!!

زۆرێک لە و پیاوانەی بەپەرۆشەوە پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان و خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان دەنێرن و خۆیان بە پشتیوان و داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان لەقەڵەم دەدەن، بۆ تەنها جارێک ژنەکانیان هاوشانیان نین لە بۆنەکاندا و کەسیش نایانناسێ، ئاخۆ بۆۆۆ؟؟؟

چەندین پیاوی بەناو ئازادیخواز هەن کە دەیان ساڵە دەیانناسین و لەنێوسیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری کوردیدا دەنگ و رەنگیان هەیە، بەڵام خێرە تا ئێستا بۆ تەنها جارێک ژنەکانی خۆتان نەهێناوەتە بۆنەیەک، خۆپیشاندانێک، پێشەنگایەک تەنانەت کۆنسێرتێک؟
چۆن باوەر بەو پشتیوانیەتان دەکرێت کە پێتان وایە بۆخۆتان حەرامە و بۆ عەوام حەڵالە؟ زۆرێک لەو ژن و کجانەی چالاکن و داکۆکی لە مافی رەوای خۆیان دەکەن، رەنگە هاوسەر و باوک و برایان لەگەڵ نەبێت، بەڵام بەدڵنیایی پاڵپشت و هاوکاریانن بۆیە خۆبەخشانە لە شەقام و هەموو شوێنە نهێنی و ئاشکراکان بۆ خزمەتی ژنان کار دەکەن، بەڵام کەمێک لە و پیاوانەی لەم نێوەندەدا خۆیان بە نوخبە و ڕۆشنبیر و کەسانی لیبراڵ دەزانن ژنەکانیان هاوشانیانن لە خەبات، نەک لە بواری ژنان بەڵکو کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیش.

سیاسییەکانی هەرێمۆکەکەی من هەمیشە داوادەکەن با ژمارەی ژنان زیادبێت بۆ کاری حیزبی بەتایبەت بۆ کاتی هەڵبژاردن و بۆنە سیاسییەکان، کەچی کەمینەن تا ئێستا ژنەکانیان بینرابن، مەگەر لە هەندێ پرسە دا بەشداربن  کە ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان نەک بۆ بەشدارییان وەک ژن .

ئەگەر جارێک خەمساردی خودی ژنەکان بیت کە پاسیڤن و هیچ بەشدارییەکیان نیە ، سەد هێندە کۆنەپرستی پیاوانی نێو خێزانەکانیانە، کە باوەڕیان بە توانا و مافی ژنان نیە، یا ترس لە بەئاگا بونەوەیانە دەنا هیچ پاساوێک نیە بۆ پاسیڤکردنیان بە مەبەست..
بۆیە زۆربەی پیرۆزباییەکانتان پیاوانەیە و نوخبە کانی کۆمەڵگاش پیاوانەن، خەباتی ژنان بە ئاکام ناگات گەر هۆشیاری نوخبە راستگۆیانەتر نەبێت بەرامبەر هاوسەر و خوشک و کچ و ئەندامانی خێزان لە ئاست پرسێکی وەک پرسی ژندا. 

11/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر