یەكگرتوی ئیسلامی و چەند شەقاو بەرەو پێش و هەنگاوێك بەرەو دوا!

عومەر عینایەت

یەكگرتوی ئیسلامی وەك حیزبێكی بانگخوازی ئیسلامی كوردی لە ساڵی 1994 و راگەیەنرا، ئەكرێت ئەم حیزبە بە تەواوكەری بزوتنەوەی ئیخوانیەكان لە كوردستانی باشور حساب بكەین، یەكگرتوو وەك پارتێكی ئیسلامی دور لە توندو تیژی و هێزی چەكدار خۆی راگەیاند و تا ئێستاش لەسەر هەمان بەرنامە بەردەوامە. یەكەم حیزبە لە كوردستانی عێڕاق كە پاشخوانی شۆڕشگێڕی لە شۆڕشەكانی كوردستاندا نیە و بەم هۆیەشەوە، توانجی ئەو حیزبانە بوون كە بازرگانی بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە دەكەن و باجەكەشیان داوە و دەیدەن.
یەكگرتوو بەردەوامبوو، من نامەوێ‌ هەموو سەرنجەكانی خۆم لەسەر یەكگرتوو بنوسم، ئەدائی ئەم حیزبە هەڵبسەنگێنم، تەنها لەڕوی بەڕیوەبردنەوە قسەی لەسەر دەكەم.

 لەم 22 ساڵەی تەمەنیدا یەكگرتوو لە بواری بەڕێوەبردندا چوار خاڵی بەهێزی تۆماركرد:
1-    بە وازهێنان یان پاشەكشە یان سەنگەر گواستنەوەی یەكێك لە كادیرە دیارەكانی، كەس شوێنی نەكەوتوە و حیزبەكەی نەكرد بە دوو بەشەوە، واتە حێزبێكی دەست جەمعیە و چاوەڕێی كاریزما و رابەری تاك و تەنیا نیە.
2-    حیزبێكی سەرتاسەریە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستانی باشور و لە زاخۆوە تا خانەقین ئەندام و لایەنگری هەیە.
3-    بۆ یەكەم جار، لە ساڵی 2012 توانی ئەمیندارەكەی لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا بگۆڕێت و دەستاودەستكردنێكی دەسەڵاتی ئاشتیانە لە سەركردایەتی ئەم حیزبەدا تۆمار كرا.
4-    دوا كۆنگرەشیان بە ئاشكرا، بەڕیوەچوو.
ئەم چوار تایبەتمەنیە یەكگرتووی لە حیزبەكانی دی لە كوردستان جیا دەكاتەوە، بە تایبەت دەستاودەستكردن یان گۆڕینی سەركردە لە كوردستاندا ئەستەمە و پێشینەی لە حیزبەكانی كوردستاندا نیە.
-    پارتی سەرۆكی هەیە ولە دروستبونیە و تا ئێستا بە مردن نەبێت سەرۆكی نەگۆرێوە.
-    یەكیەتی، لە دروستبونیەوە تا هەنوكە یەك سكرتێری هەیە و بە نەخۆشكەوتن و پەككەوتنی توانای بەڕێوەبردنی سكرتێر، ناتوانن بیگۆڕن و سكرتێر دیاری بكەن ئەگەر خوای نەكردە مام جەلالیش كۆچی دوایی بكات، ئەگەری خەلافەتی بنەماڵەیی دور نیە.
-    حیزبی سۆشالیست دیموكراتی كوردستان لە رۆژی لە دایك بونیەوە یەك سكرتێری هەیە و لە هەڵبژاردنەكاندا هەر خۆی كاندیدی بێ ركابەرە
-    ئەمیرەكەی كۆمەڵی ئیسلامی رێژەی نەگۆڕە و دەس بۆ گۆڕین بردنی بڤەیە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم ئەزمونی گۆڕینی رێكخەری گشتیدایە و هێشتا ئەم ئەزمونەی تاقی نەكردوەتەوە، زۆرن ئەوانەی ئەڵێن بەردەوامی گۆڕان بەندە بە بونی نەوشیروان موستەفا، ئەگەر ئەم تەوژمە بەردەوام بێت مەحاڵە بزوتنەوەی گۆڕان بەدیلی نەوشیروانی هەبێت
-    رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لەبراوە بۆ براو و دواتر بۆ كوڕ گوازرایەوە.
ئەو حیزبانەی لە كوردستاندا نمونەی جوانیان پێشكەشكردوە لە گۆڕینی كەسی یەكەم یەكگرتوی ئیسلامی و حیزبیی شیوعی كوردستانن.
یەكگرتوی ئیسلامی بە نیازە، لە كۆنگرەی مایسی 2016 دەیەوێ یەكێك لەو شانازیانەی خۆیان، كە لەم چوار ساڵەی رابوردودا تۆماریان كرد، بسڕنەوە ئەویش بە دوبارە كاندید كردنەوەی یەكەم ئەمینداری یەكگرتو كە 18 ساڵ ئەم پۆستەی لابوو، ئەمەش پاشەكشەیەكی بەرچاوە لە سیاسەتی  بەڕیوەبردنی ئەم حیزبەدا و دوو شتمان پێدەڵێ:
1-بەهۆی خراپی تەندروستی یان بابەتێكی كەسێتی دوركەوتوەتەوە
2-ئەو لایەنە دەرەكیانەی كە ئاڕاستەی سیاسەتی ئەم حیزبە دەكەن(قەتەر، سعودیە، ئیخوانەكانی میس، توركیا) پاشەكشەی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدینینان پێ باش نەبووە و داوای گەڕاندنەوەی دەكەن.
ئەگەر یەكگرتوەكان دەنگ بۆ گەڕانەوەی ئەمینداری پێشوو بدەن، دیارە دەنگ بە پاشەكشەی حیزبەكەیان دەدەن لە بەرەو پێشچونی پرۆسەی دیموكراتی و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی ناو یەكگرتو، گورزێكی كوشندەش دەبێت لەو ئەزمونەی كە شانازیان پێوە دەكرد و ئەكرا حیزبەكانی دی چاوی لێبكەن.
من نامەوێت لە توانا و ئەزمونی مامۆستا سەلاحەدین كەبكەمەوە، ئەوە ئیشی من نیە و كارم لەگەڵ نەكردوە، بەڵام توانای هەرچی بێت گەڕانەوەی ئەو بۆ سەر كورسیی حوكم حەڵاڵ ناكات و ئەكرێت وەك پشتیوانەیەك(مرجع) ێك بۆ یەكگرتوو سود لە تواناكانی ببینرێـت و گەڕانەوەی بۆ سەر كورسیی یەكەمی ئەو حیزبە بەو تەمەنە زۆرەوە، جگە،  لە حەزكردن لە كورسیی و پاوانخوازی و ناشیرینكردنی ئەزمونەكە یەكگرتوو سودێكی بۆ یەكگرتوو نابێت.
دوا شانازی تۆماركراوی  یەكگرتوو لەڕوی خۆبەڕیوەبردنەوە كە هەنگاوی بۆ دەنێ لە كۆنگرەی 28ی مایسی 2016دا، بونی چوار كاندیدە بۆ ئەمینداری یەكگرتوو، بەو هیوایەی ئەم شانازیە پاشەكشەی پێنەكرێت، كاندیدەكان  بەردوامبن و بە شێوەیەكی دیموكراتیانە كێبڕكێی یەكتر بكەن و ئەمینداری نوێ دیاری بكەن و خوێنێكی نوێ بكەنە جەستەی یەكگرتوو، گەرمكردنەوەی جەستەی یەكگرتوو بە پڕۆسەیەكی دیموكراتی، وزە بەخش بێت بۆ بەرەوپێشچونی پڕۆسەی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی تریش چاوی لێبكەن.
         23-5-2016


24/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر