حكومەت خۆی بچوكتر دەكاتەوە
عومەر عینایەت
بە پێی ئەو زانیاریەیانەی كە لە سەرچاوەی فەرمی پێمگەیشتوە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بڕیاریانداوە، پڕۆسەی پێدانی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان رابگرن، پارێزگارەكانیان سەرپشككردوە كە خۆیان لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەم كارە بكەن، بە مانایەكی رونتر ئەو یەك دوو بەرمیلە نەوتەی كە حكومەتی هەرێم لە ریگای بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكانەوە بە 45 هەزار دینار ئەیدا بەهەر خێزانێكی هەرێم، بۆ وەرزی داهاتوو ئەم پڕۆسەیە كۆتاییپێدێت و دەكەوێتە دەست كەرتی تایبەت و ،توانا و هێمەتی هەر چوار پارێزگارەكە، ئەگەر هەیە ئەم زستانە یەك بەرمیل نەوت بە 100 هەزار دینار دەستنەكەوێت، پێشتریش حكومەت پاڵپشتی نرخی بەنزینی ئەكرد و دواتر وازیلێهنا، ئێستا كەرتی تایبەت بەنزینی كوردستان دابیندەكات.
ئەوەی جێگای مەترسیە، حومەتی هەرێم هەنگاو بە هەنگاو لەو خزمەتگوزاریانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستانی ئەكات، پاشەكشە دەكات، پاككردنەوەی شارەكان، بەرهەمهێنانی كارەبا، پەیوەندیەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت و تەلەفۆن، بەشێكی بەرچاو لە خوێندن( لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، پەیمانگا و زانكۆكان)، پڕۆژەكان، پڕۆژەكانی نیشتەجێ لای كەرتی تایبەتە، حكومەت بە نیازە فرۆشتنی ئاو كارەباش بداتە دەست كەرتی تایبەت، ئەوەی جێگای نیگەرانیە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت هیچ یان كەترین باج ئەدەنە حكومەت، حكومەتیش بەهۆی نەبونی سیستمێك بۆ دیاریكردنی ئەرك و مافەكانی كەرتی تایبەت ناتوانێ وەك پێویست باج لەم كۆمپانیانە وەربگرێت و ئاڕاستەیان بكات . لەوانەیە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە تا ماوەیەك بتوانن ئەم خزمەتگوزاریانە لە كەرتی تایبەت بكڕن، بەڵام لە مەودایەكی زۆر كورتدا، ئەم توانایە نامێنێ، ئەم خزمەتگوزاریانە گراندەبن و بەهۆی بێكاری و قەیرانی داراییەوە تاكەكانی كۆمەڵی كوردستان توانای كرٍِینیان كەمدەبێت و رۆژ بەرۆژ بەرەو هەژاری دەچن، كاتێك بەنزین درایە دەس كەرتی تایبەت، لە سەرەتاوە هەرزان بوو، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ بە بیانوی جیا جیا بەنزین بەرەو گرانی دەبەن و گرانتریش دەبێت، حكومەتیش بە بیانوی بازاڕی ئازاد چاودێری نرخ ناكات، ئێستا حكومەتی هەرێمی سیاسەتەكانی ئابوری ناسی ئەمریكی میلتۆن فریدمان پەیڕەو دەكات كە دەڵێ(ئەگەر دەوڵەت واز لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بهێنێ و رادەستی كەرتی تایبەتی بكات و چاودێری نرخ نەكات، ئابوری وڵات خۆی خۆی ئەسەپێنَێ)
دیارە ئەیانەوێ لەسەر حسابی چینی مامناوەند و هەژاری گەلی كوردستان كەرتی تایبەت گەورە و حكومەت بچوكبكەنەوە.
15
-6-2016
16/06/2016
وتارەکانی تری نوسەر