ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكات لە هەرێمی كوردستان، پێش قەیرانی دارایی لیژنەی باڵای نەوت و گاز، ئەنجومەنی وەزیرانی فیعلی بوو، گشت بڕیارە داراییەكان لای ئەم لیژنەیە بوو، پاش خولقاندنی قەیرانی دارایی، لیژتەیەك بە ناوی (لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیران) بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی هەر یەك لە قوباد تاڵەبانی، دكتۆر علی سندی( وەزیری پلاندانان)، ئاشتی هەورامی (وەزیری سامانە سروشتیەكان) رابەر صدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاری(وەزیری دارایی بە وەكالەت)پێكهات.(چوار ئەندامیان پارتی و یەك ئەندام یەكێەتیە)
ئەم لیژنەیە كە بووەتە جێگرەوەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز، لە واقیعدا ئەم لیژنەیە هەمەكارەیە لە هەرێمی كوردستان و شتێك نیە بەناوی ئەنجومەنی وەزیران، خودی نێیرڤان بارزانیش دوا قسە دەكات لەم لیژنەیەدا و قسەكانی دەبنە بڕیار.
لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیران یان ئەنجومەنی وەزیرانە فیعلیەكە، بڕیاری پاشەكەوت كردنی موچەی فەرمانبەرانیدا، ئەم لیژنەیە نەك لەسەر بنەمای بانێك و دوو هەوا، بەڵكو لەسەر بنەمای بانێكی فرە هەوا بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەی داوە دەیدات و سەرجەم بڕیارەكان دەردەكات، لەسەرەتاوە موچەی هێزەكانی پێشمەرگەی هەڵاوێردكرد لە پاشەكەوت، دواتر هێزەكانی ئاسایش و زێرەڤانی و ناوخۆش بە رێژەیەكی بەرچاو دورخرانەوە لە سیستمی پاشەكەوت، دوای ئەم هێزانەش خانەنشینی سەربازی و مەدەنیش هەڵاوێرد كران، دواتر كارمەندانی وەزارەتی سامانەسروشتیەكانیش لەم بڕیارە دورخرانەوە و لە دوا بڕیاریدا گشت دادوەرەكان و داواكارە گشتیەكانیان هەڵاوێرد كرد و ئێستا ئەوەی كە سیستمی پاشەكەوت كردنی موچە دەیگرێتەوە كارمەندانی ئاسایی فەرمانگەكان و پزیشك و ئەندازیار و مامۆستایان و مامۆستیانی زانكۆن كە بەر رق و كینەی حكومەتۆكەكەی نیچیرڤان بارزانی كەوتون و بێمنەتە لێیان و سیستمی پاشەكەوت لەسەریان بەردەوامە و بە رێنمایی راوێژكارەكانی لە قوتابیەكانی (میلتۆن فریدمان) ی مامۆستایان و دەرچوانی زانكۆی شیكاگۆ لەسەر بنەمای هەژانی هیواش و دواتر هەژانی بە هێزتر، پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە ئەو پارەیەی لە كارمەندان بڕاوە ناگەڕێتەوە و سیستمی پاشەكەوتیش وەك خۆی دەمێنێتەوە، دوا لێدوانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم راستی ئەم دەنگۆیەمان پێدەڵێ كە حكومەت سەرباری بەرزبونەوەی نرخی نەوت و زیادبونی فرۆشتنی نەوت بۆ 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بە نیازنیە پارەی پاشەكەوت بگەڕینێتەوە بۆ كارمەندان و بە نیازیش نیە دەسكاری سیستمی پاشەكەوت بكات، وتەبێژی حكومەت(سەفین دزەیی) ئەو هەواڵەشی رەدنەكردەوە كە لە میدیاكانەوە بڵاوبونەوە دەربارەی نەگەڕاندنەوەی پارەی پاشەكەوتكراوی كارمەندانی حكومەت.
پێویستە گشت كارمەندانی حكومەتی هەرێم لەو راستیە ئاگاداربن، كە ئێستا لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیران(یان رونتر بلێین، ئەنجومەنی وەزیرانی حەقیقی) بوەتە سوارچاكی مەیدانی گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و لەبری پارلەمانیش بڕیار دەدات و ئەمەش نهێنی سەرەكی سڕكردنی پەڕلەمانە، كاتێك پارلەمانتاران بە فیعلی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و ئاشتی هەورامیان خزاندە گۆشەیەكەوە كە زەحمەت بوو لێی دەربازبن، باشترین رێگا بۆ دەربازبونیان سڕكردنی پەرلەمانبوو، كە كردیان نۆ مانگ زیاترە بەردەوامە.
لێرەوە داوا لە سەرجەم ئەوكارمەندانە دەكەم لە فەرمانگە جیاجیاكان، كە سیستمی پاشەكەوتی موچە لەسەریان بەردەوامە هەڵوێستی جدی بنوێنن و فشار بخەنە سەر حكومەت و بایكۆتی سەرتاسەری رابگەیەنن و ئەم ستەمە قەبوڵ مەكەن و رێگە مەدەن چەند كەسێك یاری بە سەرچاوەی ژیانتان بكات و خۆشیان (پۆست هایلایڤ) بژین و ئێوە بە كۆیلە بزانن.
داواش لە وەزیرەكانی سەر بە یەكیەتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی دەكەم كە بە فیعلی پەراوێز خراوان و كاریگەریان لەسەر رەوتی روداوەكان نیە و تەنها بۆ خۆیان وەزیرن، ئیتر بەس بێت و هەڵوێستی جدیان هەبێت یان بێنە بەرەی گەلەوە و فشار لەسەر لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیران دابنێن، پاشەكشە بكەن ، حكومەتۆكەكەی نێچیرڤان بۆ خۆی و لیژنە پێنج قۆڵیەكەی جێبهێڵن. گەر وانەكەن ئەوانیش بەرپرسیاریەتی مێژویی لە بڕینی قوتی فەرمانبەران دەكەوێتە ئەستۆیان.
ئەندازیار عمر حاجی عنایت
ئەندامی پارلەمانی كوردستان
22-7-2016