رێكەوتنی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان چەند سەرنجێك

عومەر عینایەت

هەرچەندە سەنجی ئێجگار زۆرم لەسەر ئەم رێكەوتنە هەیە، بەڵام بێدەنگیم هەڵبژارد، ئەوە یەكەم جارە لەبارەی ئەم  رێكەوتنەوە بنوسم، چاوەڕێی ئەنجامەكەم كرد، بەو هیوایەی ئەنجامێكی پۆزەتیڤ بدات بەدەستەوە و هێشتاش هەر چاوەڕێم، پێش رێكەوتنەكە من باری سەرنجی خۆمم لە 12 خاڵدا رونكردەوە، بەڵام دوای رێكەوتنەكە هیچم نەوتوە و نەنوسیوە، ئێستاش هەندێ‌ سەرنج ئەنوسم بەبێ توانج (كۆمێنت) ی خۆم. تەنها ئەوە ئەنوسم كە لەم ماوەیەدا رویداوە و هەستم پێكردوە.
رێكەوتنی یەكیەتی و گۆڕان بەم شێوەیە دەبینم:-
- زۆرینەی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكیەتی بەم رێكەوتنە قایلن و پێیان باشە
- زۆرینەی سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان (جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی) پێی رازین
- ناڕازی لەسەر ئەم رێكەوتنە لە سەركردایەتی یەكیەتی هەیە
- ناڕازی لەناو هەڵسوڕاو و لایەنگرانی  بزوتنەوەی گۆڕانیشدا لەسەر رێكەوتنەكە هەیە
رۆژی 17 ی مایسی 2016 رێكەوتنەكە لە دەباشان و لە ماڵی مام جەلال بە چاودێری مام جەلال، لەلایەن رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) و جێگری یەكەمی یەكیەتی (كۆسرەت رەسوڵ) واژۆ كرا، لەهەمان رۆژدا لە شاری جوان بە ئامادەبونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسە دیارەكانی هەردولا واژۆكرا.
بەكرداریكردنی ئەم ریكەوتنە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوەیە لەهەردولا و كەسی یەكەمی هەردولا لە لیژنەكەدان، دوای نزیكەی سێ مانگ لە واژۆكردنی ئەم رێكەوتنە ئەو دوو ئامانجەی كە چاوەڕێی بوین نەهاتەدی، دوو ئامانجەكەش بریتیبون لە
- دەرچون لە چەقبەستنی سیاسی
- قورتاربون لە قەیرانی دارایی و بێ موچەیی و بێ پڕۆژەیی
دوای واژۆ كردنی رێكەوتنەكە هەردولا ووتیان بە شاندی هاوبەش سەردانی لایەنەكان دەكەین، بەڵام پارتی ئەمەی قەبوڵ نەكرد و شاندی یەكیەتی بە جیا سەردانی پارتیان كرد و بزوتنەوەی گۆڕانی بە جێهێشت.
لە 15/7/20016 وە شاندی مەسعود بارزانی دەستیكردوە بەسەردانی لایەنەكان، لەسەرەتاوە وتەبێژی گۆڕان وتی پێكەوە پێشوازی لێدەكەین، بەڵام قسەكەرەكەی یەكیەتی وتی بە تەنها و پێكەوەش پێشوازی لێدەكەین و دواجار بە جیا پێشوازیان لێكرد.
رۆژی 7/8/2016 شاندێكی یەكیەت بەبێ گۆڕان سەردانی ئێرانی كرد.
ئەمانەی سەرەوە ئاماژە گەلێكن كە ناكرێت دوای نزیكەی سێ مانگ لە واژۆكردنی رێكەوتنەكە نادیدەیان بگرین، ئەوەشمان پێدەڵێن كە میكانیزمی رێكەوتنەكە وەك پێویست بەرەوپێش ناچێت، سەركردایەتی یەكیەتی تا ئێستا، وەك لایەنێكی نیوانگیری گۆڕان و پارتی هەڵسوكەوت دەكەن و كاریگەری رێكەوتنە ستراتیجیەكەیان لەگەڵ پارتی پێوە دیارە و دەیانەوێ هاوسەنگی رابگرن و خۆیان ساغنەكەنەوە بەلایەكدا.
ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە پارتی بە هەمو شێوەیەك هەوڵ ئەدات ئەم رێكەوتنە جێ نەگرێ و ئەگەر جێشی گرت سنوری سلێمانی تێنەپەڕێنێ.




08/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر