پیلانی دەرو جیران بەڕێوەیە و كوردیش مێش میوانی نیە

عومەر عینایەت
دوو مانگ لەمەوبەر بابەتێكم نوسیی بە ناونیشانی (كوردستان لە مەترسی جدیدایە) بەداخەوە كەس ئەم هۆشداریەی بەهەند وەرنەگرت، هێواش هێواش مەترسیەكە نزیك دەبێتەوە، دەوڵەتی فاشستی توركیا بە سەرۆكایەتی (سوڵتان ئەردۆگان )سەرگەرمی چنینی پیلانێكە بۆ لەبار بردنی ئەزمونی باشوری كوردستان و ئیفلیج كردنی شۆڕشەكانی باكور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات
- نوچدادانی ئەردۆگان بەرامبەر روسیا
- داوای لێبوردن لە ئیسارئیل
- بانگەشەی سازش لەگەڵ ئەسەد
- هەوڵدان بۆ رێككەوتن لەگەڵ میسر
- كۆبونەوەی هەردو وەزیری دەرەوەی توركیا و ئێران
- رازیبونی ئەردۆگان بە بەكارهێنانی بنكەی ئینجەرلیك لە لایەن روسیاوە
- پاكتاوكردنی ریزەكانی سوپا دامەزراوە حكومیەكان لە نەیارانی ئەردۆگان
- داخستنی گەورەترین رۆژنامەی سەربە هەدەپە
- بەكارهێنانی بنكەی سەربازی هەمەدان لەلایەن روسیاوە
- تۆپبارانی سنورەكانی هەرێم بەرەدەوامی لەلایەن ئێران و توركیا
- بۆردومانی هێزەكانە یەپەگە لەلایەن سوپای سوریاوە
- هەڵگەڕانەوەی هەڵوێست روسەكان بەرامبەر كورد چاوەڕوانكراوە و هەڵوێستیان بەرامبەر كۆماری مهاباد ئەو راستیەمان بۆ بەیان ئەكات
- لێدوانەكانی عەبادی و بێمنەتی لە بەشداربونی هێزی پێشمەرگە لە رزگاركردنەوەی موسڵ
- هەڕەشەكانی میلیشیا شیعەكانی عێڕاق و حشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی
- فو لەخۆكردنی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك
- لەمانە هەموی مەترسیدارتر بێهەڵوێستی ئەمریكیەكانە، كە تا ئێستا وەك كێشەیەكی مرۆیی سەیری كێشەی كورد دەكەن
ئەمانە هەموی ئاماژەگەلێكن كە پێمان دەڵێن كە پیلانێكی هەرێمی بەسەركردایەتی توركیا بەڕێوەیە و ئامانجی سەرەكیش لەباربردنی ئەزمونی هەرێمی كوردستانە و دەسگرتنە بەسەر سەروەت و سامانی كوردستاندا، بەتایبەت پاش ئەوەی بۆیان رونبویەوە كە كوردستان لەسەر بەحری نەوتە و سێهەم یەدەكی گازی جیهان لە ژێرزەمینی كوردستاندایە و نایانەوێ‌ بە ئاسانی ئەم سەروەت و سامانە لە دەستی كوردا بێت.
بۆیە هەوڵی دوبارە كردنەوەی گۆبونەوەكانی (ئەنقەڕِە، دیمەشق، تاران، بەغدا)ی ساڵانی نەوەدەكان ئەدەن، ئەوانە دۆژمنی سەرسەختی كوردن، ئەگەر لەسەر هەر بابەتێ ناڕێكبن بۆ دوژمنایەتی كورد رێكن، لەملاشەوە ئەوانەی خۆیان بە سەركردەی كورد دەزانن لەسەر پۆستی بێمانا و بەرنامەی بێمانا ناكۆكن، ئایا نازانن ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین و كیانی سەربەخۆمان نیە و بە ئاسانی ئەزمونەكەمان لەبار ئەچێت؟!
تكایە بە جدی بیر لەم مەترسیە گەورەیە بكەنەوە و سازش لەگەڵ یەك بكەن، بەداخەوە مێژوی دور و نزیكی كورد پێچەوانەی ئەم داخوازیەی منمان پێدەڵێ، كوردەكان بەردەوام ئامادەی كوڕنوشبردن و ماچكردنی بیگانە بون بەڵام ئامادە نەبون دەستی برایی بۆ یەكتر راكێشن. فایەق بێكەس راستی فەرموە كە دەڵێ:
- كورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆكەری بێگانەیە
- دو دڵن پیسن لەگەڵ یەك بۆیە وا بێلانەیە
- میلەتێكن بۆ نەمانی یەكتلری هەر هەولًئەدەن
-داخەكەم وردو درشتی شێت و شەیدای عانەیە
بیستو پێنج ساڵە ئەزمونێك دەسەڵاتی كوردی لە  باشور بەڕێوەیە، تا ئێستا لەوە نەگەیشتوین كە ئێمەی كورد تاكە پشتیوانمان هەر خۆمان و چیاكانمانین، خۆشمان بۆ ئەوەی ببین، پێویستمان بە سیستمێكی شارستانی ، دیموكراتی و ئازادی تاك و ئازادی رادەربڕینە بۆ ئەوەی بتوانین بە دونیا بڵێین میللەتێكین شایانی ئەوەین خۆمان بەڕێوەبەرین، وەك ئەوەی ئیسرائیلیەكان كردیان و دەیكەن، بەداخەوە پیشەی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بووەتە:
 دەمكوتكردن و كوشتنی رۆژنامە نوس و قەڵەمە ئازادەكان و دواهەمینیان كە كۆتا نیە(وەدات )ی  جوانەمەرگ بوو.
 پیشەی دوهەمیشیان كۆكردنەوەی دراو قۆڕغكردنی كورسیە، ئەو كورسیەی ئەگەر یەكنەگرین بە فویەكی دوژمنان بە بادا ئەچێ،بۆیە پێویستە دەرس، لە رابوردو وەرگرین و هیچ،  نەبێ لەم قۆناغە هەستیارەدا یەكگرین. من لە خوێنەری خۆشەویستی ناشارمەوە هەست بە مەترسیەكی دەرەكی زۆر گەورە دەكەم بەرامبەر هەموو كورد، بە تایبەت هەرێمی كوردستان، ترسەكەم لە ترسیی سەردەمی نسكۆی 1975 زیاترە، بەو هیوایەی ترسەكەم لەجێی خۆیدا نەبێت.بەداخەوە دەسەڵاتدارانی كورد لەم مەترسیە گەورەیە ناگەن و مێش میوانیان نیە.



18/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر