بۆ نوێنەرەكانمان لە بەغدا!

عومەر عینایەت
هێرشی دوژمنان لەهەر چوارلاوە دەستیپێكردوە بۆ سەر دۆزی كورد لە چوارپارچەی كوردستان، ئەمە بە هەڵكەوت نیە، ئەوان كاریان لەسەر دورخستنەوەی هێزە كوردیەكان لە یەكتر كردوە و ئێستا لەسەر بنەمای سیاسەتی عوسمانیەكان (پەرتكە و زاڵبە) هێرشەكان دەستیان پێكرد
توركیا بە فیعلی شەڕەكەی هەڵگیرسان و هەر ئەمڕۆ 22 ئازدیخوازی لە یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوا شەهید كردوە، هەڕەشە لە كۆبانی و قامیشلۆ و عەفرین دەكات.
ئێران بە بەردەوامی هەڕەشە دەكات و سنورەكان بۆردومان دەكات و بە سەدان ئازادیخوازی كوردی لە سێدارە داوە و بەردەوامیشە
سوریا بە بۆردومانی گەڕەكە كورد نشینەكانی حەڵەب و بۆردومانەكانی حەسەكە نیەت پیسی خۆی پیشاندا.
حكومەتی عێڕاقیش لە سێ ئاڕاستەوە كار لەسەر لاواز كردنی ئەزمونی باشور دەكات، سەرباری بڕینی بودجەی هەرێم، هەڕەشەی فرۆشتنی نەوتی كەوركوك دەكات لە رێگای ئێرانەوە، لەروی سەربازیشەوە، لە خورماتوش نیەتی حكومەتی عێرَاقیمان بۆ رونبویەوە و لە روی سیاسیشەوە دەیەوێ پێگەی كورد لە بەغدا لاواز بكات.
من بۆ خۆم باوەڕم بەوە نەماوە كە ئیتر بتوانین لە حكومەتی ناوەند پێكەوە هەڵكەین و دڵنیام لەوەی تەڵاقی سیاسی هەرێمیان دراوە و ئەوەی ئێمەو ئەوانی پێكەوە گریداوە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانە كە لەروی سەربازیەوە گەڕاونەتەوە سەر هەرێم بەڵام لەروی ئیداریەوە هێشتا سەربە ناوەندن، لە چەندین نوسینی پێشترما چەندبارەم كردوەتەوە كە ئەوەی لە بەغدایە و لە بەغدا بووە، بۆخۆی لە بەغدایە و لە بەغداد بووە، بە پارلەمانتار و وەزیرو جێگر و سەرۆك كۆماریشەوە و نە لەدور نە لە نزیك شتێكیان بۆ ئەم مەینەتیەی خەڵكی باشوری تێدا دەژی نەكردوە پێشیان ناكرێ. بەڵام بونیان لەڕوی مەعنەویەوە بۆ ئێمەی كورد باشە سەركەوتنیان لە هەر كەیسێكدا سەركەوتنە بۆ كوردستان، راستە ئەگەر نوشستیش بهێنن یەكەم كەس بۆ خۆیانە بەڵام راستەوخۆش زیان بە شكۆی كورد دەگەیەنێ، كاتێك بە بۆكس هێرش دەكرێتەسەر هەر پەرلەمانتارێك لەهەر فڕاكسیۆنێك بێت هێرشە بۆ سەر هەمومان، ئیتر ئەو پەرلەمانتارە هۆشیار بێت یان ئەحمەد، عادل بێت یان ئەشواق، موسەنا بێت یان ئاڵا، كاتێك وەزیرێكی كورد بە لاوازی لەبەردەم هێرشی كۆنە بەعسی و پیاوەكانی ئیتیلاعاتی ئێراندا ئەبینم، هۆشیار بێت یان دەرباز،  بۆ من گرنگ نیە، ئەوەی بۆ من گرنگە شكۆی ئەوان لەبەردەم ئەوانەدا نەشكێ كە دوژمنی خوێنخۆری كوردن و شەقی زەمانە وایلێكردون لە ژێر سەقفی پەرلەماندا لەگەڵ ئەو كوردانەدا كۆببنەوە كە تا دوێنێ دایك و باوك و خوشك و براكانیان بەدەستی سەرباز و ئەمنەكانی هاودین و هاو زمانیان زیندە بەچاڵ ئەكرا
من تەنها لە ساڵی 1991 لە سارداوی نزیك مێرگەسور هۆشیار زێباریم دیوە و لە ماوەی چەند مانگی رابوردودا چەندین جار تەلەفۆنم بۆ كرد دەربارەی دوملیار دینارەكەی هەڵەبجە كە لە بودجەی ساڵی 2014 ی عێڕاق جێگیر كرابوو وەڵامی نەدامەوە، فازل نەبی جێگری وەعدی دا بینێرێ و نەینارد وتم با بەختی هەڵەبجە لە هۆشیاریشدا تاقی بكەمەوە، زیاتر لە دەجار تەلەفۆنم بۆ كرد، وەڵامی نەدامەوە تا پێی بڵێم شارە دێرینەكەم هەڵەبجە، بوكەكەی شارەزور، هێرۆشیماكەی كوردستان، پارێزگا نوێیەكە، ئەو شارەی ئێوە بونە كۆڵوانە سوری پێش لەشكری دوژمنان و رادەستی ئێرانتان كرد و ئەوەی پێتانكرا لە تاڵان و بڕۆ بە هەموو بەرەی كوردستانیەكەتانەوە كردتان و ئەوەی دوژمنانیش پێیانكرا كردیان، ئێستا پێویستی بەو دوو ملیار دینارەیە كە نوێنەرەكانمان لە بەغدا توانیان ئەو گوژمە كەمە لە بودجەدا بچەسپێنن، ئێستا لای تۆیە بینێرە، هیچ نیە پارەی یەك دو سەفەری خۆت و حیمایەكانتە، داخەكەم وەڵامی نەدا دواتر سێ نامەم بۆنارد خۆمم پێناسان (من عمری حاجی عنایەتی هەڵەبجەیم، ئەندامی پارلەمانی كوردستانم) تكایە وەڵام، وەڵامی نەدا(نامەكان تا ئێستا لەلام پارێزراوە). دو ملیارەكەی هەڵەبجەش ئێوە خۆشن نازانم چی لێهات و چۆن خەرجكرا و بۆ كێ؟! 
سەرباری ئەمانە هەموی من بە هاوپیشەكانم ئەڵێم:- پشتی هۆشیار زێباری بگرن با لەبەردەم نەیارانی كوردا زەلیل نەبێت، لەسەر بنەمای (انصر اخاك ڤالمأ او مڤلومأ) ، ئێوە ببنە هەوێنی پێكەوە ژیان و ئاشتبونەوە، لێرە بارودۆخی برایەتیمان خراپە، دوژمنان كنەیان كردوەتە ناومان، ئەو یەكیەتیەی كە شۆڕە سواری شۆڕشی نوێ بوو، كافر بە حاڵی نەبێت، كورسی و دراو بەرپرسەكانی شێت و هار كردوە خەریكە لەت ئەبێ، پارتی لەخۆی بایی بوە و شەلم كوێرم كەس نابوێرم،  لەگەڵ زۆربەی تێكی داوە، هەوڵ و تەقالاكانی ئێرە بێسود بون تكایە ئەگەر هۆشیار گەندەڵیشە با دوژمنان دڵمان پێخۆشنەكەن، وەعدی لێوەرگرن با دواتر خۆی واز بهێنێ، مەبەستی من هۆشیار نیە مەبەستم یەك رێزی كوردە، سەرنجی سونەكان بدەن، چۆن پشتی عەدنان جبوریان بەرنەدا، راستە لادرا بەڵام بەدەستی براكانی خۆی نەبوو، تكایە، تكایە بەم هەنگاوە هەوێنی برایەتی دروستبكەنەوە، بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كورد لەهەر چوارلاوە دژوارە، لە هەرچوارلاوە بریندارە، ئێوە لە بەغداوە ببنە هەتوانی یەكەم برینی جەستەی زامداری ئەم هەرێمە بەش مەینەتە كە توشی بەم سەركردە نابەرپرسانەوە بووە.
ئەندازیار عمر حاجی عنایت
28-8-2015 


29/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر