دەنگدانی هەندێ لەنوێنەرانی كورد لەبەغدا بەیاسای حەشدی شەعبی لەپای چی؟!

عومەر عینایەت
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نیشتمانی عێڕاق یاسایەكی بە ناوی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) پەسەندكرد و بە پێی ئەم یاسایە لەمەودوا ملیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبنە دامەزراوەیەكی فەرمی و هەموو ئەو ماف ئیمتیازاتانەی دەبێت كە سوپای عێڕاق و هێزە ئەمنیەكان هەیانە، بەم بۆنەیەشەوە وازهێنان لە سوپا و روكردنە حەشدی شەعبی دەستیپێكردوە. سوپای عێڕاق بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ.
ئەمەی ئێستا لە عێراق رودەدات لە سەرەتای هەشتاكاندا و دوای روخانی رژێمی شاهەنشاهی و هاتنی حكومەتی (ولایە الفقیه) لە ئێڕان رویدا و سوپای پاسداران جێگای ئەرتەشی ئێرانی گرتەوە،  شتێك نەما بە ناوی ئەرتەش(سوپا) دواتر وەك دامەزراوەیەكی لاواز دروستكرایەوە و بووە پاشكۆی سوپای پاسداران بە ئێستاشەوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ  كۆپی ئەزمونی ئێرانە و لە عێڕاق دوبارە دەبێتەوە، بێدودڵی ئەكرێت بڵَێین ئەمە یاسای (پاسداری شەعبی) ە.
لە سەرەتای دروستبونیەوە حەشدی شعبی دوژمنایەتی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان نەشاردوەتەوە، روداوەكانی دەوزخورماتو، جەلەولا، سەعدیە ، قەرەتەپە، خانەقین و داقوق سەلمێنەری ئەم راستیەن.
لە كاتی دەنگدان بە یاسای حەشدی شەعبی سونەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد بەڵام هەندێ لە  فڕاكسیۆنە كوردیەكان دەنگیان بەم یاسایە دا.
وا پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا و دوای شەڕی داعش هەرێمی كوردستان و هێزە چەكدارەكان خۆیان بۆ شەڕێكی گرانتر ئامادەبكەن ئەویش شەڕی حەشدی شەعبی یە و لە پشتەوەشیان سوپای پاسدارانە، لەو كاتەدا ئەبێت ئەو نوێنەرە كوردانەی كە لە بەغدان و دەنگیان بەم یاسایە داوە چۆن وەڵامی خەڵكی كوردستان بدەنەوە؟ چۆن وەڵامی خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی لە روبەڕوبونەوەكانی  پاسدار شەعبیەكاندا شەهید ئەبن؟
بۆچی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێڕاق تا ئێستا نەیانتوانیوە، یاسایەكی لەم جۆرە بۆ پێشمەرگە دەربكەن ؟َ پێشمەرگەش بكرێتە هێزێكی فەرمی لەسەر ئاستی عێڕاق، ئایا نەدەكرا لەبری دەنگدانیان بە یاسای حەشدی شەعبی ئەوانیش گەرەنتی تێپەڕاندنی یاسای هێزی پێشمەرگە وەربگرن؟
لە یەكێك لە نوێنەرەكانی كوردم لە بەغدا پرسی بۆچی دەنگتان داوە بە یاسای حەشدی شەعبی؟ لە وەڵامدا وتی:
یەكەم: ئەگەر حەشدی شەعبی نەبوایە داعش هەمو عێراقی داگیر ئەكرد بە كوردستانیشەوە.
دوهەم: وتی بۆ ئەوەی موچەی كارمەندان و مامۆستایانی هەرێم لە بەغداوە دابین بكەین
 سەبارەت بە یەكەم ئەرگۆمێنتی ئەو بەڕێزە منیش ئەڵێم: ئەوەی لە یاد چوو بوو كە تێكشكان و لوتشكانی داعش لە سەر دەستی هێزەكانی  پێشمەرگە دەستیپێكرد، ماوەی زیاتر لە دو ساڵە داعش شەڕی كورد ئەكات ئەگەر پێشمەرگە هاوكاری حەشدی شەعبی نەكردبێت ، نەماندیوە حەشد یارمەتی پێشمەرگەی دابێت(گوندی بەشیر وەك نمونە)، بەردەوام حەشدی شەعبی  بۆ هەرێمی كوردستان تارمایی شەڕ و رەمزی دوژمنایەتی  بووە نەك دۆستایەتی پاراستن و هاوكاری.
بۆ وەڵامی دوهەمی هێوادارم بتوانن موچە و بودجەی هەرێم بەو شێوەیەی كە كارمەندان و مامۆستایان قایل بكات دابین بكەن، بۆ ئەمەشیان زۆری نەماوە ئەم بیانوەشمان بۆ رونببێتەوە.....چاوەڕێین بزانین نوێنەرەكانمان لە بەغدا (ئەوانەی دەنگیان بەم یاسایە داوە)باشی بۆ چوون یان نا!
هیوادارم :
من هەڵە بم و ئەوانەی دەنگیان بە یاسای حەشد داوە راست
من كورتبین و ئەوان دور بین
من نەتەوە پەرست( وەك ئەو هاوڕێەم وتی) ، ئەوان ئینتەرناسیۆنالیست


27/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر