دووڕویی لە سیاسەتدا

عومەر عینایەت
نوێنەرانی لایەنە هەندێ لە سیاسیەكان، لە فڕاكسیۆنەكانی(یەكیەتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتو)لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێڕاق  توانیان پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عێڕاق جێگیر بكەن، بەرامبەر 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كە حكومەتی هەرێم بیداتە كۆمپانیای سۆمۆ، سەر بە حكومەتی عێڕاق.
ئەوەی من دەمەوێ لەم كورتە نوسینەدا تیشكی بخەمەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوەیە.
1-تا چەند ئەم رێكەوتنە لە روی سیاسیەوە بە نەرێنی(سلبی) ئەگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان؟ ئایا سازشی سیاسی لە پشت ئەم پشتیوانیەوەیە كە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان بە تایبەت لایەنگرانی مالیكی كردیان بۆ دەرچواندنی ئەم یاسایە(لە ئایندەدا روندەبێتەوە)ئەگەر سازشی سیاسی لە پشتەوە بێت بە خاڵێكی زۆر نەرێنی بەسەر یاساكەدا ئەشكێتەوە.
2-تا چەند حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێڕاق پێوەی پابەند دەبن؟ 
3- لەم یاسایەدا موچەی تەنها 800 هەزار كارمەندی حكومەتی هەرێم مسۆگەر كراوە و 600هەزار بێبەش دەبن،(ئەمە یەكێكە لە خاڵە لاوازەكانی ئەم یاسایە).
4- ئەگەر هەردولا پێوەی پابەندبن، حكومەتی هەرێم پابەندە (ملزمە) كە موچەی كارمەندان و خانەنیشینان لەكاتی خۆیدا بەبێ پاشەكەوت بدات(ئەمە خاڵێكی  ئەرێنی و بەهێزی یاساكەیە).
5-ئەگەر هیچ لایەكیش پێوەی پابەند نەبێت، نوێنەرەكانی بەغدا بە دەرچواندنی ئەم یاسایە توانیان  دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەشف بكەن، كە دان بە هەندێ ژمارەدا بنێ لە بەرهەمهێنان و لە فرۆشتنی نەوت كە پێشتر نكولی لێدەكرد( ئەمەیان خاڵێكی زۆر ئەرێنی یاساكەیە) .
6-بە دەرچواندنی ئەم یاسایە جارێكی دی بۆ پارتیان سەلماند كە بەبێ پارتی لایەنەكانی دی ئەتوانن هەڵوێست وەربگرن  و بڕیار بدەن، وەك ئەوەی لە 23ی حوزەیران و 19 ی ئابی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان رویدا(بە وهیوایەی فڕاكسیۆنەكانی بەغدا حسابیان بۆ تەریك كردنی پارتی كردبێت و دەرئەنجامەكەی پەرچەكردارێكی وەك ئەوەی لە كوردستان رویدا و پەرلمانی پەكخست لە بەغدا دوبارە نەبێتەوە، هەمو ئەگەرەكانیان لەبەرچاو گرتبێت) 
7-ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەم یاسایەوە(وەك بانگەوازی بۆ كرد)، ناچارە بەخۆیدا بچێتەوە و زیاتر رون(شفاف)تر بێت لە فرۆشتنی نەوت و خەرج و داهاتی هەرێم بە گشتی، چونكە بۆی دەركەوت كە بەدیلی ئەو هەیە بۆ فرۆشتنی نەوت لەمە زیاتر ناتوانێ‌ فێڵ لە خەڵك بكات.
8-جیاوازی نرخی فرۆشتنی نەوت لە مانگێكدا ئەگەر سۆمۆ بیفرۆشێت لەبری ئاشتی هەورامی(82 ملیۆن دیناری زیاتر دەبێت لە مانگێكدا)
9- حكومەتی هەرێم ناچێتە ژێر باری ئەم یاسایە لەبەر چوار هۆ:-
أ-ئەو دەسكەوتەی كۆمپانیاكانی هەردو حیزب (یەكیەتی، پارتی) لە رێگای فرۆشتنی نەوت بەهۆی ئاشتی هەورامیەوە دەستیان دەكەوێت نامێنێ‌ یان كەمدەبێتەوە(بۆ زانینی هاوڵاتیان، هەردو حیزبی یەكیەتی و پارتی دەسكەوتیان نیە لە فرۆشتنی نەوت، ئەوە كۆمپانیاكانی سێبەری  حیزبەكانیانن كە دەسكەوتەكە ئەچننەوە)
ب-پەیوەندی نێوان توركیا و پارتی لەسەر گرێبەستە 50 ساڵیەكە وەستاوە، ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە نەوت بفرۆشرێت(مەبەستم تەنها  550 هەزار بەرمیلە) رێكەوتنە 50 ساڵیەكە لاواز دەبێت  و دوای ئەوەش پەیوەندی نێوان پارتی و توركیا لاوازتر دەبێت.
ج-پەنجاو حەوت گرێبەست لە نێوان ئاشتی هەورامی و كۆمپانیاكانی نەوت و غازدا هەیە، حكومەتی هەرێم پابەندە پێوەی ئەم گرێبەستانە ئەكەونە مەترسی جدی و لەوانەیە بەغدا نەچێتە ژێر باری پابەند بوون بەو گرێبەستانەی ئاشتی هەورامی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان كردویەتی، ئەگەر بشچێتە ژێر باری ئەوا داوای هەموو گرێبەستەكان دەكات، دواجار پرۆسەی بازرگانی نەوت و ئابوری سەربەخۆ پاشەكشە دەكات.
د-لەروی سیاسیەوە گەڕانەوەی بازرگانی نەوت بە تایبەت نەوتی كەركوك بۆ بەغدا، پاشەكشەیەكی گەورەیە.
بۆیە ئەستەمە حكومەتی هەرێم(پارتی )ئەم یاسای بودجەیەی لە بەغدا پەسەند كراوە جێبەجێ بكات
ئەوەی كە پەیوەندی بە ناونیشانی باسەكەوە هەیە و جێی سەرنجی منە، نوێنەرەكانی یەكیەتی نیشتمانی و كۆمەڵی ئیسلامی،  مژدەی دەسكەوتێكی گەورەیان بە خەڵكی كوردستان بە تایبەت موچەخۆراندا، (دەستیان خۆش بێت، ئەگەر جێبەجێ بكرێت یان نا) بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە كوردستان كاتێك حكومەتی هەرێم یاساكەی بە رەسمی رەد كردەوە، یەكیەتی كە پشكی دوهەمە لە حكومەت بێدەنگە و پشتی لە فڕاكسیۆنەكە بەغدایان كرد، من دەپرسم ئایا قوباد تاڵەبانی ئاگای لە وەڵامەكەی حكومەتە؟ ئەگەر ئاگادار ە؟! ئەوە سیاسەتێكی دوو فاقیە، چونكە لەزاری یەكێك لە نوێنەرەكانیان لە بەغداوە لە كەناڵی NRTكە وتی( مەكتەبی سیاسی پێی وتوین، گوێ لە رێنماییەكانی قوباد تاڵەبانی بگرن، ئەویش رێنمایی ئێمەی كردوە بۆ هەوڵدان سەبارەت بەم كارەی كردومانە).
ئەگەر ئاگاداریش نیە، بۆچی لە رونكردنەوەیەكدا بە خەڵكی كوردستان ناڵێت كە خۆی و وەزیرەكانی یەكیەتی لە حكومەتی هەرێم دژی رەدكردنەوە یاساكەن و ئاگادارنین و هەڵوێست وەرناگرن؟!
ئەم دوو پرسەی كە بۆ قوباد تاڵەبانی و وەزیرەكانی یەكیەتی راستن بە هەمان شێوە بۆ وەزیرەكانی یەكگرتو كۆَمەڵی ئیسلامیش هەروایە، پێویست بوو وەزیرەكانی ئەم دوو لایەنەش بە خەڵكی كوردستان بڵێن كە ئەوان بەم هەڵوێستەی حكومەتی هەرێم(كە ئەوان ئەندامن تێیدا) رازی نابن و دەستی ئەوان لەم بڕێارەدا نیە.
ئەم حیزبانە لە كوردستان یاریەكی سەیر دەكەن لە لایەك هانی نوێنەرەكانیان دەدەن كە لە بەغدا هەوڵ بۆ یاسایەك بدەن بە سودی خەڵكی كوردستان، لەملاشەوە نوێنەرەكانیان لە حكومەتی هەرێم دژی كارەكانی نوێنەرەكانیان لە بەغدا بەیان دەردەكەن، ئەمە جگە لەخۆڵ كردنە چاوی خەڵك و گەوجاندنی خەڵك موزایەدەی سیاسی، شتێكی دی ناگەیەنێ ، ئەمەیە دوڕویی لە سیاسەتدا


11/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر