لە سلێمانی، پۆلیسی هاتوچۆ بە نایاسایی یاسا دەسەپێنن!!

عومەر عینایەت
لەم چەند رۆژەی رابوردودا شارەوانی سلێمانی و قائیمەقامیەتی ناوەند و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەڵمەتێكیان دەسپێكرد بە مەبەستی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر شەقامە سەرەكیەكانی سەنتەری شاری سلێمانی، لە راستیدا ئەمە هەڵمەتێكە كە دەبوایە زووتر ئەنجام بدرایە و روی شارستانی بۆ ناوەندی شار بگەڕایەتەوە، ئەم جۆرە هەڵمەتە پێشتر لە ناوەندی شاری هەڵەبجەش كرا و تا رادەیەك سەركەوتوبون، پێویستە هەموو خەڵك ئەو راستیە بزانێت كە شۆستە و شەقامەكان موڵكی گشتین و بۆ هیچ كەسێك بە هیچ بیانویەك نیە كە زیادەرۆیی كاتی یان بەردەوام بكاتە سەریان، كاتێك كەسێك شۆستە یان شەقام بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكاردەهێنێ، زیان بەوانی دی دەگەیەنێ، رێگە لە هاتوچۆكەران دەگرێ و كۆسپ لەبەردەم هاتوچۆی نەخۆش، پیرو منداڵ و ژن و خەڵكی ئاسایی دروستدەكات، ئەمەش قابیلی قەبوڵ نیە، ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی ئۆتۆمبیڵ و بارهەڵگر و ئەمبولانسەكان و ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە و شارەوانی دروستدەكات، واتە بەرژەوەندی گشتی ئەكاتە قوربانی بەرژەوەندی خۆی، پێش دوو ساڵ من بە نوسراوێك ئەم پێشنیارەم بۆ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد بەڵام بێ وەڵام بوو تەنانەت وەڵامی نوسراوەكەشیان نەدامەوە، من دەسخۆشی لە هەر كەس و لایەنێك دەكەم یاسا بسەپێنێ بە بێ جیاوازی و پارێزگاری لە مافی گشتی بكات، رواڵەتی شارستانی بۆ شار و شەقامەكانی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی كە زیاتر بەلای منەوە نا تەندروست و نا یاسایی بوو، ژمارەیەك پۆلیس و ئەفسەری هاتوچۆم بینی كە سەرقاڵی لێكردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان بوون(ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە سەرپێچیان لە شوێنی وەستان كردبوو) ئەم كارەی كە ئەو بەڕێزانە كردیان بە حساب بۆ سەپاندنی یاسا بوو، لە كاتێكدا یاسای هاتوچۆی عێرَاقی و هەرێمیش هیچ بڕگەو مادەیەكی لەخۆ نەگرتوە رێگە بە لێكردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بدات، سەیرە ئەم بەڕێزانە بە یاسا شكێنی ئەیانەوێ یاسا بسەپێنن، بیریان لەوە نەكردوەتەوە كە تابلۆی ئۆتۆمبێل شوناسی ئۆتۆمبێلە، ئەگەر تابلۆكەت لێكردەوە هەر سەرپێچیەك بكات تۆمار ناكرێت و تەنانەت ئەگەر كەسێكیش بشێلێت یان كارێكی تیرۆرستی بە ئۆتۆمبێلەكە بكات وەك بەرزەكی بانانان بۆی دەردەچێ، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم كرد بە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆ بەڕێز (لیوا رزگار) و ئاگادارم كردەوە لەو یاسا شكێنیەی پۆلیسەكانی بە سوپاسەوە پشتگیری لە بۆچونەكەی من كرد و دیار بوو بەڕێزیان لەو سەرپێچیە كە كارمەندەكانی كردبویان ئاگاداربوو، پێ راگەیاندم كە گشتاندنێكی لەوبارەیەوە كردوە و ئاگاداری هەموو بەڕیوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆی كردوە كە پەنا بۆ ئەو جۆرە كردارە نەبەن چونكە بە نایاسایی یاسا ناسەپێنرێ



24/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر